ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٢٥. بەهار هات
بەهار هات، تواوە بەفری ناو شاخەکان
شەماڵ هات گەشاوە خونچەی ناو باخەکان

زەینم دا، لە نێو باخ، شۆخێ وا دەگەڕێ
دڵ کەوتە کوتەکوت، چاوم بۆی دەپەڕێ

باخەوان لەحاند ڕۆژ چاوی قەت هەڵنایە
دەڵێ چۆن سەرنجێک بدەم لەو باڵایە

تا وڵات بێدەنگە، باخەوان نووستووە
تا بەهار سەوز و سوور فەڕشی ڕاخستووە

لە سەر ئەو ڕایەخە، ئەمن و ئەو پێکەوە
هەڵپەڕین، دانیشین، وەرکەوین، ژین ئەوە!

تنۆکی ئارەقی لەسەر ئەو کوڵمانە
وەبزانم لەسەر گوڵ تنۆکی بارانە

هەڵڵایە، هەرایە، لەناو باخ لە داخان
خاوەن باخ، کۆست کەوتوو، سەیر ئەکا لە باخان

بەهار هات، بەخێر بێ بە تەپڵ و تۆپەوە
با بڕوا زمهەریر بە خۆی و سۆبەوە!

'ئیمامی'ش تواوە وەک بەفری کێو و شاخ
لە دووریی یاری خۆی کەوتۆتە ئاخ و داخ!
(لاپەڕە ١٨٥ و ١٨٦ ی چاپی ئەنیسی؛ لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە)

پەراوێز edit