ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٠٨. چوارینەکانی ١ تا ٦ (بابەتی فەلسەفی)
١
هەر ئاخری هات تەمەن دەسەوجێ دەمرین
ڕێ دووره، کەچی باری گران هەڵدەگرین
ئێستاکه که زیندووین، به ژیان پێدەکەنین١
ئەوسا که نزیکی مردنین، بۆی دەگرین٢
٢
هاکا تەمەنت بگاته سەد ساڵی تەواو
ئەوکاته که خۆت دەبینی وەک لانکی شکاو
لەولاوه کەسێ دەسی به پیلت دەگرێ
لەم‌لا یەکی دی، ماوی، بەڵام ماوی نەماو
٣
ڕیشت سپییه، ددان نەماویی و نەمای
تا کەی له جیهانی فانییا هەر بە تەمای؟
کاتێ وەخەبەر هاتی له گۆڕا خەوتووی
'کامیل' ئەوه تۆی بوویەوه خاک، ئەلحەملای!
٤
گەر خاوەنی کۆشکی شا بی و سەر بە فەلەک
هاواڵی ئەتۆ بن لە فەلەک گشتی مەلەک
هەر هات دەمی مردنی، لە تاوی ئێشت٣
خۆ ون دەکەی و دەڕۆیە کون، چەشنی دەڵەک! ٤
٥
سووڕا دژی تۆ ئەگەر فەلەک، گوێ مەدەیە!
'هات' شاردیەوە خۆ وەکوو دەڵەک، گوێ مەدەیە!
سووڕی فرەیە، لەتۆش دەکا جارێ ڕوو٥
پشتی کە لەتۆیە، بەدەرەک، گوێ مەدەیە! ٦
٦
دەخولێمەوه لەم جیهانەدا بێ‌ئامانج
دیتم که نەمان خاوەنی سەد تەخت و تانج
ئێستا به ژیانی خۆم گەشەم دێ، پاشان٧
دەگریم که ئەوەنده بۆ ژیام بێ‌قازانج! ٨

١. چاپی ئەنیسی: ژییان
٢. چاپی ئەنیسی: بۆو دەگرین
٣. چاپی ئەنیسی: دەمی مردنت
٤. ئەم چوارینەیە لە چاپی جەعفەردا نابینرێت، من تەنیا لە چاپی ئەنیسیم وەرگرتووە.
٥. چاپی ئەنیسی: سوڕی... دەکار جارێ ڕوو (دەبێ هەڵەی تایپ بێت)
٦. ئەم چوارینەیە لە چاپی جەعفەردا نییە، من لە چاپی ئەنیسیم وەرگرتووە.
٧. چاپی ئەنیسی: ژییانی
٨. چاپی ئەنیسیی: ژییام
(بەشێک لە لاپەڕە ٢١٠ و ٢١١ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ تا ٣٥١ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit