شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: چوارینەکانی ١ تا ٦ (بابەتی فەلسەفی) سەبارەت: (بەشێک لە لاپەڕە ٢١٠ و ٢١١ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ تا ٣٥١ ی چاپی جەعفەر) ١ هەر ئاخری هات تەمەن دەسەوجێ دەمرین ڕێ دووره، کەچی باری گران هەڵدەگرین ئێستاکه که زیندووین، به ژیان پێدەکەنین١ ئەوسا که نزیکی مردنین، بۆی دەگرین٢ ٢ هاکا تەمەنت بگاته سەد ساڵی تەواو ئەوکاته که خۆت دەبینی وەک لانکی شکاو لەولاوه کەسێ دەسی به پیلت دەگرێ لەم‌لا یەکی دی، ماوی، بەڵام ماوی نەماو ٣ ڕیشت سپییه، ددان نەماویی و نەمای تا کەی له جیهانی فانییا هەر بە تەمای؟ کاتێ وەخەبەر هاتی له گۆڕا خەوتووی 'کامیل' ئەوه تۆی بوویەوه خاک، ئەلحەملای! ٤ گەر خاوەنی کۆشکی شا بی و سەر بە فەلەک هاواڵی ئەتۆ بن لە فەلەک گشتی مەلەک هەر هات دەمی مردنی، لە تاوی ئێشت٣ خۆ ون دەکەی و دەڕۆیە کون، چەشنی دەڵەک! ٤ ٥ سووڕا دژی تۆ ئەگەر فەلەک، گوێ مەدەیە! 'هات' شاردیەوە خۆ وەکوو دەڵەک، گوێ مەدەیە! سووڕی فرەیە، لەتۆش دەکا جارێ ڕوو٥ پشتی کە لەتۆیە، بەدەرەک، گوێ مەدەیە! ٦ ٦ دەخولێمەوه لەم جیهانەدا بێ‌ئامانج دیتم که نەمان خاوەنی سەد تەخت و تانج ئێستا به ژیانی خۆم گەشەم دێ، پاشان٧ دەگریم که ئەوەنده بۆ ژیام بێ‌قازانج! ٨ ١. چاپی ئەنیسی: ژییان ٢. چاپی ئەنیسی: بۆو دەگرین ٣. چاپی ئەنیسی: دەمی مردنت ٤. ئەم چوارینەیە لە چاپی جەعفەردا نابینرێت، من تەنیا لە چاپی ئەنیسیم وەرگرتووە. ٥. چاپی ئەنیسی: سوڕی... دەکار جارێ ڕوو (دەبێ هەڵەی تایپ بێت) ٦. ئەم چوارینەیە لە چاپی جەعفەردا نییە، من لە چاپی ئەنیسیم وەرگرتووە. ٧. چاپی ئەنیسی: ژییانی ٨. چاپی ئەنیسیی: ژییام ++++++++++++++++++++++