خاسەکەوێ لەو کەژە هەڵنیشتووە
خاڵی ڕەش و سووری بەجووت ڕشتووە
ڕاوچی هەموو لەو کەوە دەرکەوتووە
بۆچی دزە؟ جەردەیە؟ کێی کوشتووە؟
کێهە کەسی ئەو لە ژیان خستووە؟
ماڵ و مەڕ و زێوەری کێی بردووە؟
باعیسی قەتڵی چییە، بیستوویەتی؟
ژینی بە سەربەستییە ویستوویەتی!
داوی چەقاند تاوەکو ئەو پێوەبێ
چاڵکەنە، خۆی پێوە دەبێ جێ بەجێ
چاکە کە داودۆزە شوکور خاسەکەو
دیوییە، و وریایە بە ڕۆژ و بەشەو
بۆچی کەویش مافی ژیانی نییە؟
حەققی کەژ و کێوی جوانی نییە؟
بۆچی ئەویش بۆتە برا کوردەکان؟
نابێ هەڵێنی نەفەسێکی ژیان؟
بێتەوە بەردەست و بە بێ باڵ وپەڕ
پێبکەنێ بیبەنە 'قەسری قەجەر'؟ !
دەک نەفەسو بگرێ ئەجەل جێ بەجێ!
وا، کە نەتانبێ قەوەتی دەست و پێ
خاوەنی ئەو کێو و کەژە هەر کەوە
نەزم و نیزامی کەژ و کێو هەر بەوە
لێی گەڕێ با باڵ و پەڕی جوان بکا
لەو کەلە با بانگی ڕەفیقان بکا
بێنەوە کانیاوێ، بخۆن ئاوی ساف
بۆ گوڕەیی سەربنە بێنە مەساف
لێی گەڕێ دەندووکی بە بەرد تیژ بکا
غوڕڕە بکا و بانگی کوڕ و کیژ بکا
کوڕ بەگوڕەگوڕ، وەکوو شێر و پڵنگ
کچ بە شنەشن، بە خرینگە خرنگ
بێن و بڵێن: خاوەنی کێوان ئەمەین
سوورە دەنووکمان، بە دەنووک شەڕ دەکەین
خاوەنی ئەم خاسەکەوەش هەر دەڵێ:
ڕاوچی دەبێ لەم کەژ و کێوە هەڵێ!