نووری ڕوخسارت وەدەرخە، دەردی بێ دەرمانە شەو
زوڵمەتی زولفت لە سەر ڕووتە، لە ڕۆژ میوانە شەو
دوێ، شوکور مەردانە من ڕێم بردە ناو زولفی ڕەشی
تا بزانن خەڵکی موڵکی دڵ، قەڵای مێردانە شەو
هەر لە مەغریب تا بەیانی بێ وچان دێت و دەچێ
هەر لە دووی خورشیدی خاوەر وێڵ و سەرگەردانە شەو
کوێر و نابینایە ئیستا ئەو لە داخی ڕۆژی ڕووت
بۆیە ڕەش پۆش و فەقیر و مات و بەستەزمانە شەو
قەدری شەو چا بگرە چاوم! شەمع و پەروانە دەڵێن
سۆز و گریەی شەمع هەر شەو، سووتنی پەروانە شەو
عاشق و مەعشووق لە ڕۆژدا خۆ دەپارێزن لە خەڵک
گەر پەنای چاکت دەوێ بۆ ئەو دووە، بڕوانە شەو
هەستە (کامیل)، بەسیە بێداری، بڕۆ لێی وەرکەوە!
تا وڵات بێ دەنگ و باسە و تا لە ڕۆژ میوانە شەو