شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: خاسەکەو سەبارەت: لاپەڕە ١٧٦ و ١٧٧ ی دیوان خاسەکەوێ لەو کەژە هەڵنیشتووە خاڵی ڕەش و سووری بەجووت ڕشتووە ڕاوچی هەموو لەو کەوە دەرکەوتووە بۆچی دزە؟ جەردەیە؟ کێی کوشتووە؟ کێهە کەسی ئەو لە ژیان خستووە؟ ماڵ و مەڕ و زێوەری کێی بردووە؟ باعیسی قەتڵی چییە، بیستوویەتی؟ ژینی بە سەربەستییە ویستوویەتی! داوی چەقاند تاوەکو ئەو پێوەبێ چاڵکەنە، خۆی پێوە دەبێ جێ بەجێ چاکە کە داودۆزە شوکور خاسەکەو دیوییە، و وریایە بە ڕۆژ و بەشەو بۆچی کەویش مافی ژیانی نییە؟ حەققی کەژ و کێوی جوانی نییە؟ بۆچی ئەویش بۆتە برا کوردەکان؟ نابێ هەڵێنی نەفەسێکی ژیان؟ بێتەوە بەردەست و بە بێ باڵ وپەڕ پێبکەنێ بیبەنە 'قەسری قەجەر'؟ ! دەک نەفەسو بگرێ ئەجەل جێ بەجێ! وا، کە نەتانبێ قەوەتی دەست و پێ خاوەنی ئەو کێو و کەژە هەر کەوە نەزم و نیزامی کەژ و کێو هەر بەوە لێی گەڕێ با باڵ و پەڕی جوان بکا لەو کەلە با بانگی ڕەفیقان بکا بێنەوە کانیاوێ، بخۆن ئاوی ساف بۆ گوڕەیی سەربنە بێنە مەساف لێی گەڕێ دەندووکی بە بەرد تیژ بکا غوڕڕە بکا و بانگی کوڕ و کیژ بکا کوڕ بەگوڕەگوڕ، وەکوو شێر و پڵنگ کچ بە شنەشن، بە خرینگە خرنگ بێن و بڵێن: خاوەنی کێوان ئەمەین سوورە دەنووکمان، بە دەنووک شەڕ دەکەین خاوەنی ئەم خاسەکەوەش هەر دەڵێ: ڕاوچی دەبێ لەم کەژ و کێوە هەڵێ! ++++++++++++++++++++++