ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٨٣. مەگرە بەهانە
قوربانی برۆتم کەسەکەم، چەشنی کەوانە
تیری موژەکەت بۆچی دڵی کرده نیشانە؟ ١
لێت‌داوه له دوو لاوه کە وا هێنده بەژانە
خوێنی بده لەو دەست و سەر و پەنجه جوانە٢
بۆچیته خەنه؟ تەڵخه. بەسه، مەگره بەهانە!

سەیرێکه له پەروانه، که ڕەفتاری دڵی دی٣
بڕوانه که پەروای نەبوو، ئەسراری دڵی دی
سووتاوه پەڕوباڵی که ئەنواری دڵی دی
دێوانە و سەرسامه که ئاساری دڵی دی٤
بەو حاڵەشەوه دڵ، کەچی، مەیلی بە گەڕانە

هەر دێت و دەچێ لێر و لەوێ، بێ‌کەس و بێ‌دەر
عاشق به هەموو خونچە‌دەم و قەددی سنەوبەر
هەر قامەتی ڕەعنایه دەبینێ، وەکوو نۆکەر، ٥
دووی‌کەوتووه، بێ‌چاره وەکوو شێت و قەلەندەر
داناکەوێ بۆم هەرچی دەڵێم، دەردی گرانە

لەم کاته که باری له سەما لوئلوئی لالا
سەرپاکی چیا بۆته گوڵ و نێرگسی شەهلا٦
هەرکەس به خەیاڵێک و به فکرێکەوه هاڵا
دڵ هەر له خەیاڵی سەر و زولف و قەد و باڵا
دێوانه ئەوه ئەو، دەگەڕێ خانه به خانە

زستان که زەیستان بوو، بەری خستووه ئەمڕۆ
هەر لاخڕ و شیوێکی تەماشا بکەن ئەنگۆ
نوتفێکی فڕێ‌داوه فەقیره، به سەری تۆ
دێ دەنگ و هەرا و شیوەن و ناڵینی به ڕۆڕۆ
بای واده دەدا موژده، ئەوا کاتی گوڵانە

تاکەی به هومێدی مەدەدێکی ئەم و ئەو بین؟
دواکەوتوو له هەر خێڵ و له کوێستان و له زەو بین
تاکەی کەسەل و تەمبەڵ و هێند کوشتەیی خەو بین؟
وەک شەمشەمەکوێره، به هەوا، عاشقی شەو بین
شەو ڕۆیی، بەسه؛ هەسته ئەوا کاتی بەیانە!

هەرکەس که فکر کاتەوه لەم مەوقیعه خۆشه
خاوەن دڵ و گوڵ بێ، وەکوو بولبول، بەخرۆشە
هەر سۆفیی بێ‌کارەیه وا ئێسته خەمۆشە
لێی لاده، که لەم مەوقیعەدا وا به پەرۆشە
حاڵی به، مرۆیێکی چ بێ‌کەڵک و نەزانە

بێ‌چاره 'ئیمامی' که گرفتاری خەمت بوو،
شێواوی سەری زولفی ڕەشی زۆر و کەمت بوو،
قوربانی تەپ‌وتۆزی شەقامی قەدەمت بوو،
پەروانەیی ڕوخساری وەکوو تازه‌شەمت بوو،
بۆیه وەکوو پەروانه به پەروازه شەوانە!

١. چاپی ئەنیسی: بۆ دڵمی
٢. چاپی ئەنیسی: جووانە
٣. چاپی جەعفەر: سەیریکە
٤. چاپی ئەنیسی و جەءعفەر: دێوانە وو
٥. چاپی ئەنیسی: هەر قامەتە ڕاعنایە دەبینی
٦. چاپی ئەنیسی: چییا
شێخ‌چۆپان، ١٣٣٢ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٢٧ و ١٢٨ی چاپی ئەنیسی و ٢٦٩ و ٢٧٠ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit