شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: مەگرە بەهانە سەبارەت: شێخ‌چۆپان، ١٣٣٢ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٢٧ و ١٢٨ی چاپی ئەنیسی و ٢٦٩ و ٢٧٠ ی چاپی جەعفەر) قوربانی برۆتم کەسەکەم، چەشنی کەوانە تیری موژەکەت بۆچی دڵی کرده نیشانە؟ ١ لێت‌داوه له دوو لاوه کە وا هێنده بەژانە خوێنی بده لەو دەست و سەر و پەنجه جوانە٢ بۆچیته خەنه؟ تەڵخه. بەسه، مەگره بەهانە! سەیرێکه له پەروانه، که ڕەفتاری دڵی دی٣ بڕوانه که پەروای نەبوو، ئەسراری دڵی دی سووتاوه پەڕوباڵی که ئەنواری دڵی دی دێوانە و سەرسامه که ئاساری دڵی دی٤ بەو حاڵەشەوه دڵ، کەچی، مەیلی بە گەڕانە هەر دێت و دەچێ لێر و لەوێ، بێ‌کەس و بێ‌دەر عاشق به هەموو خونچە‌دەم و قەددی سنەوبەر هەر قامەتی ڕەعنایه دەبینێ، وەکوو نۆکەر، ٥ دووی‌کەوتووه، بێ‌چاره وەکوو شێت و قەلەندەر داناکەوێ بۆم هەرچی دەڵێم، دەردی گرانە لەم کاته که باری له سەما لوئلوئی لالا سەرپاکی چیا بۆته گوڵ و نێرگسی شەهلا٦ هەرکەس به خەیاڵێک و به فکرێکەوه هاڵا دڵ هەر له خەیاڵی سەر و زولف و قەد و باڵا دێوانه ئەوه ئەو، دەگەڕێ خانه به خانە زستان که زەیستان بوو، بەری خستووه ئەمڕۆ هەر لاخڕ و شیوێکی تەماشا بکەن ئەنگۆ نوتفێکی فڕێ‌داوه فەقیره، به سەری تۆ دێ دەنگ و هەرا و شیوەن و ناڵینی به ڕۆڕۆ بای واده دەدا موژده، ئەوا کاتی گوڵانە تاکەی به هومێدی مەدەدێکی ئەم و ئەو بین؟ دواکەوتوو له هەر خێڵ و له کوێستان و له زەو بین تاکەی کەسەل و تەمبەڵ و هێند کوشتەیی خەو بین؟ وەک شەمشەمەکوێره، به هەوا، عاشقی شەو بین شەو ڕۆیی، بەسه؛ هەسته ئەوا کاتی بەیانە! هەرکەس که فکر کاتەوه لەم مەوقیعه خۆشه خاوەن دڵ و گوڵ بێ، وەکوو بولبول، بەخرۆشە هەر سۆفیی بێ‌کارەیه وا ئێسته خەمۆشە لێی لاده، که لەم مەوقیعەدا وا به پەرۆشە حاڵی به، مرۆیێکی چ بێ‌کەڵک و نەزانە بێ‌چاره 'ئیمامی' که گرفتاری خەمت بوو، شێواوی سەری زولفی ڕەشی زۆر و کەمت بوو، قوربانی تەپ‌وتۆزی شەقامی قەدەمت بوو، پەروانەیی ڕوخساری وەکوو تازه‌شەمت بوو، بۆیه وەکوو پەروانه به پەروازه شەوانە! ١. چاپی ئەنیسی: بۆ دڵمی ٢. چاپی ئەنیسی: جووانە ٣. چاپی جەعفەر: سەیریکە ٤. چاپی ئەنیسی و جەءعفەر: دێوانە وو ٥. چاپی ئەنیسی: هەر قامەتە ڕاعنایە دەبینی ٦. چاپی ئەنیسی: چییا ++++++++++++++++++++++