ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٦٣. ئاردی نێو دڕوو
نیشتمانی خۆشەویست! بۆ پارە پارە و لەت کرای؟
تۆ مەگەر جەرگ و دڵی ئەمنی، بە حەسرەت داڕزای؟

هەرچی پارچەپارچە و لەت‌لەت بی، لای ڕۆڵەی وەتەن
هەر بەڕێز و حورمەتی تۆ، لای گەلت بەرزە قەڵای

تۆ بە دەستی دوژمنانت بوویە ئاردی نێو دڕوو
تۆ بە بای نەگبەت بوو وا هەر ڕۆژە بۆ لایەک برای

کۆچی لێ‌قەوماوەکانت خوار و ژووری گرتووە
دێنەوە بۆ لات، دەزانن ئاخری هەر تۆ پەنای

هەر بە داخ و دەردی تۆوە پیر و لاو دەخولێنەوە
تۆ بە دەستی دوژمنانت گیانەکەم! بەش‌بەش کرای

سەد کەلاوە و لاڕووخاو و چاڵ و چۆڵ بی، نیشتمان!
بۆ گەلی ماڵ‌کاول و بێ‌چارە هەر جێگەی پەنای

من بە قوربانی کەژ و کۆی جوان و زەنوێرت دەبم!
تۆ بەهەشتی سەر زەوی، تۆ لابەری جەور و جەفای

ئەی شنەی خۆشی بەیانانت لە سەر لووتکەی چیا
لابەری دەرد و خەمە، تۆ هێنەری سەیر و سەفای

'کامیل'ی پیرت دەسەودوعایە بۆ ڕزگاریی تۆ
چونکە بۆ هۆز و گەلی ئاوارە هەر تۆ ڕێنومای
قاقڵاوا، ١٣٤٧ی هەتاوی
(لاپەڕە ٢٢٩ ی چاپی جەعفەر. لە چاپی ئەنیسیدا نەمدۆزییەوە)

پەراوێز edit