شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: ئاردی نێو دڕوو سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٤٧ی هەتاوی - (لاپەڕە ٢٢٩ ی چاپی جەعفەر. لە چاپی ئەنیسیدا نەمدۆزییەوە) نیشتمانی خۆشەویست! بۆ پارە پارە و لەت کرای؟ تۆ مەگەر جەرگ و دڵی ئەمنی، بە حەسرەت داڕزای؟ هەرچی پارچەپارچە و لەت‌لەت بی، لای ڕۆڵەی وەتەن هەر بەڕێز و حورمەتی تۆ، لای گەلت بەرزە قەڵای تۆ بە دەستی دوژمنانت بوویە ئاردی نێو دڕوو تۆ بە بای نەگبەت بوو وا هەر ڕۆژە بۆ لایەک برای کۆچی لێ‌قەوماوەکانت خوار و ژووری گرتووە دێنەوە بۆ لات، دەزانن ئاخری هەر تۆ پەنای هەر بە داخ و دەردی تۆوە پیر و لاو دەخولێنەوە تۆ بە دەستی دوژمنانت گیانەکەم! بەش‌بەش کرای سەد کەلاوە و لاڕووخاو و چاڵ و چۆڵ بی، نیشتمان! بۆ گەلی ماڵ‌کاول و بێ‌چارە هەر جێگەی پەنای من بە قوربانی کەژ و کۆی جوان و زەنوێرت دەبم! تۆ بەهەشتی سەر زەوی، تۆ لابەری جەور و جەفای ئەی شنەی خۆشی بەیانانت لە سەر لووتکەی چیا لابەری دەرد و خەمە، تۆ هێنەری سەیر و سەفای 'کامیل'ی پیرت دەسەودوعایە بۆ ڕزگاریی تۆ چونکە بۆ هۆز و گەلی ئاوارە هەر تۆ ڕێنومای ++++++++++++++++++++++