ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٥٥. داخی تۆ سەختە
داخی تۆ سەختە، لەسەر دڵ چڵ دەدا و دەکولێتەوە١
مامی پیریشت لە تاوت، گیانە، هەر دەخولێتەوە

مانگی ڕێبەندانە بۆیە بەندی جەرگ و دڵ پسا
هەرکە بیری تۆ دەکەم، دەکولێتەوە و دەپسێتەوە

عالەمت سووتاند بە مەرگی خۆت و ئەمنیش جەرگ و دڵ
هەروەکوو شەم هەڵبووە، دەگڕێت و ناکووژێتەوە

ئەو هەموو ئەخلاقە شیرینەت لەگەڵ پیر و جەوان
دەک کوت‌وپڕ بم، ئەگەرساتێ لە بیرم چێتەوە!

بەفر و سەرمایە و دڵیش ڕێگەی بە جارێ بەسترا
بەفری خەم کەنگێ لە سەر بستووی دڵان دەتوێتەوە؟

تەم وڵاتی گرت و خەم دایگرت هەموو خاوەن‌ دڵێک
ئەو گرێپووچکەی لە سەر دڵ، داخۆ کەی دەکرێتەوە؟

داخۆ تازە گوڵ لە باخان شین دەبێ بێ 'شاعەلی'؟ ٢
داخۆ کۆرپەی جوانی هیوای گەل ئەرێ دەشنێتەوە؟

تازە نابینم ئەوانە تاوەکوو ڕۆژی حەشر
ڕۆیین و نابیندرێن، تازە زەمان نایێتەوە

ساڵی پەنجا و نۆ بوو، ڕێبەندان بوو، بەندی دڵ پسا
وا پسا جەرگ و دڵی 'کامیل' کە یەک ناگرێتەوە٣

١. چاپی ئەنیسی: چڵ دەدا و دەکولێتەوە
٢. چاپی جەعفەر: بێ شاعەلی
٣. چاپی ئەنیسی: جەرگ و دڵی مامت
٣/١١/١٣٥٥ ی هەتاوی
(لاپەڕە ١١٣ و ١١٤ ی چاپی ئەنیسی و ٢١٨ و ٢١٩ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit