شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: داخی تۆ سەختە سەبارەت: ٣/١١/١٣٥٥ ی هەتاوی - (لاپەڕە ١١٣ و ١١٤ ی چاپی ئەنیسی و ٢١٨ و ٢١٩ ی چاپی جەعفەر) داخی تۆ سەختە، لەسەر دڵ چڵ دەدا و دەکولێتەوە١ مامی پیریشت لە تاوت، گیانە، هەر دەخولێتەوە مانگی ڕێبەندانە بۆیە بەندی جەرگ و دڵ پسا هەرکە بیری تۆ دەکەم، دەکولێتەوە و دەپسێتەوە عالەمت سووتاند بە مەرگی خۆت و ئەمنیش جەرگ و دڵ هەروەکوو شەم هەڵبووە، دەگڕێت و ناکووژێتەوە ئەو هەموو ئەخلاقە شیرینەت لەگەڵ پیر و جەوان دەک کوت‌وپڕ بم، ئەگەرساتێ لە بیرم چێتەوە! بەفر و سەرمایە و دڵیش ڕێگەی بە جارێ بەسترا بەفری خەم کەنگێ لە سەر بستووی دڵان دەتوێتەوە؟ تەم وڵاتی گرت و خەم دایگرت هەموو خاوەن‌ دڵێک ئەو گرێپووچکەی لە سەر دڵ، داخۆ کەی دەکرێتەوە؟ داخۆ تازە گوڵ لە باخان شین دەبێ بێ 'شاعەلی'؟ ٢ داخۆ کۆرپەی جوانی هیوای گەل ئەرێ دەشنێتەوە؟ تازە نابینم ئەوانە تاوەکوو ڕۆژی حەشر ڕۆیین و نابیندرێن، تازە زەمان نایێتەوە ساڵی پەنجا و نۆ بوو، ڕێبەندان بوو، بەندی دڵ پسا وا پسا جەرگ و دڵی 'کامیل' کە یەک ناگرێتەوە٣ ١. چاپی ئەنیسی: چڵ دەدا و دەکولێتەوە ٢. چاپی جەعفەر: بێ شاعەلی ٣. چاپی ئەنیسی: جەرگ و دڵی مامت ++++++++++++++++++++++