ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٥٤. بەهاری تازە
ئەوا چەمەن بە عیشقی گوڵ، دەری شەعەف دەکاتەوە
بە فەڕشی بەرگی نەستەرەن، بیساتی ڕادەخاتەوە

لە هەر چڵێک و هەر گوڵێ، نەوایی بولبولی حەزین
لە هەر کونێک و قوژبنێ، سەدایی دڵ دەداتەوە

چنار و سەرو و نارەوەن، بە دەم نەسیمی بەربەیان
وەلەرزە کەوتن و دەچن، بە پیر دەمی حەیاتەوە

دەمی نەسیمە وا کە دێ، نەسیمی موشک‌بۆی گوڵ؟ ١
وەیا شەمیمی دڵستان، بە موژدەیی نەجاتەوە؟

سریلە هات‌وچۆیەتی، بە سرتە گفت‌وگۆیەتی
بە سروە پێم دەڵێ ئەوا بەهاری تازە هاتەوە

عەجەب بەهاری دڵگوشا، قەدەم بە خێر و جانفەزا
چ خۆشە بایە وادەکەی، کە دێتە نێو وڵاتەوە

ژیاوە دڵ بە سروەکەی، گوڵاتەشین گەشایەوە
هەرەس کشاوە سەر چیا، فەقیرە زۆر بە ماتەوە!

بڵێ قشوونی گوڵ بەدڵ وەدەرخە تاکوو فرسەتە
بە تەپڵ و تۆپەوە وەرە، بە لەشکر و سوپاتەوە

ئەمن لە تالیعی ڕەشم، جەماڵی ڕووتە ئارەزووم
خزابوە هەوری نەگبەتی، ئەویش ئەوا هەڵاتەوە٢

لەبەر کزەی مرم سەبا، کە خونچە هاتە پێکەنین
خەمی هەزار ساڵە ئەو، لە بیر بەشەر دەباتەوە

'ئیمامی' وەک سریلەکان لەگەڵ دڵی قسان دەکا
ئەویش بە سرتە پێم دەڵێ: بەهاری تازە هاتەوە

١. چاپی جەعفەر: موشک بۆیی
٢. چاپی جەعفەر: خزابووە
کانی‌بەن، ١٣٣٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ٢١٤ و ٢١٥ ی چاپی جەعفەر. لە چاپی ئەنیسیدا نەمدۆزییەوە)

پەراوێز edit