ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٥٢. نۆرە هەنگاوی منە
تک تکەی بارانی پایز وەک تکەی چاوی منە١
کاتی هەڵقرچاوی باغ وەک جەرگی برژاوی منە

هەر خڕ و شیوێ تەماشا که‌ی، خڕی پڕ بوو له ئاو
هەڵدەچۆڕێ لێڵ و لیخن، چەشنی زووخاوی منە

هەوره، بایه، بەفره، بارانه، تەمه، سەر کێوەکان
هەردەمەی جۆرێکه، هەروەک حاڵی شێواوی منە

ئەمن و بەفری سەر چیاکان پێکەوه دەتوێینەوە٢
کاکه! ئەم زستانه بەفریش عومری فەوتاوی منە

ئەی خودا! بۆچیمه تازه ژینی هێنده تاڵ‌وتوون
دوو برا بووین، بازی‌دا ئەو، نۆره هەنگاوی منە

١. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: پاییز
٢. چاپی ئەنیسی: چییاکان
قاقڵاوا، پایزی ١٣٥٣ی هەتاوی
(لاپەڕە ٨٤ ی چاپی ئەنیسی و ٢٠٥ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit