شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: نۆرە هەنگاوی منە سەبارەت: قاقڵاوا، پایزی ١٣٥٣ی هەتاوی - (لاپەڕە ٨٤ ی چاپی ئەنیسی و ٢٠٥ ی چاپی جەعفەر) تک تکەی بارانی پایز وەک تکەی چاوی منە١ کاتی هەڵقرچاوی باغ وەک جەرگی برژاوی منە هەر خڕ و شیوێ تەماشا که‌ی، خڕی پڕ بوو له ئاو هەڵدەچۆڕێ لێڵ و لیخن، چەشنی زووخاوی منە هەوره، بایه، بەفره، بارانه، تەمه، سەر کێوەکان هەردەمەی جۆرێکه، هەروەک حاڵی شێواوی منە ئەمن و بەفری سەر چیاکان پێکەوه دەتوێینەوە٢ کاکه! ئەم زستانه بەفریش عومری فەوتاوی منە ئەی خودا! بۆچیمه تازه ژینی هێنده تاڵ‌وتوون دوو برا بووین، بازی‌دا ئەو، نۆره هەنگاوی منە ١. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: پاییز ٢. چاپی ئەنیسی: چییاکان ++++++++++++++++++++++