ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٤٦. پیرە غولام
موددێکە دڵم لێ ونە، ئەو شێتە نەفامە
ڕۆیشتووه لای قامەتی ئەو تازه نەمامە

بێ‌شوێن و ئەسەر ماوه فەقیره، به سەری تۆ
ئەو لێره نییه، کردەوەکەی ئێسته له لامە

نەسرەوتن و دەرکەوتن و خۆ کوشتن و سووتان
گریان و له قوڕ نیشتن و خۆ کردنه عەلامە

جێم گرتەوه، هەرچەنده دەڵێن خاڵییه جێگەی
ئەو عاشقی کوڵمانه، ئەمن مەمکی شەمامە

من کوشتەیی شمشیری برۆ و تیری کەوانم
ئەو بەندی سەری زولفی ڕەش و دانە و دامە١

وا دیاره که خاڵی ڕەشی دی، بۆیه فڕیوە
تەیرێکی نەزانه، چ فریوخوردە و خامە٢

تازه نییه دڵ عاشقی زولف و خەت‌وخاڵی٣
لەو ڕۆژەوه ناسیویه که ڕاست و چەپی کامە

دێوانەگی و عاشقی شوغڵێکی عەزیزن٤
لایق به هەموو کەس نییه ئەو شەئن و مەقامە٥

تەنیا له هەموو مەملەکەتی میهر و موحەببەت٦
مەجنوون بوو که مەشهووری هەموو خاسە و عامە٧

بەو حاڵه پەرێشانەوه دووباره 'ئیمامی'
هاتۆتەوه لات، مەنعی مەکه، پیره‌غولامە٨

١. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: دانەوو دامە
٢. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: فریوخوردە وو خامە
٣. چاپی ئەنیسی: نیە
٤. چاپی ئەنیسی: دێوانەگی یو؛ چاپی جەعفەر: دێوانەگیی و
٥. چاپی ئەنیسی: لاییق
٦. چاپی ئەنیسی: مێهر و مەحەببەت
٧. چاپی جەعفەر: خاسە وو عامە
٨. چاپی ئەنیسی: مەکە پیرە غوڵامە
قاقڵاوا، ١٣٤٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ٤٤ و ٤٥ ی چاپی ئەنیسی و ١٩٥ و ١٩٦ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit