ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٤٧. خەوی من
کەسێ بێتە دەرک وبانت، تۆ بزانە بێ ئەمانە
دەری چۆن دەکەی فەقیرە؟ کە ئەسیری دەرک و بانە

به خەیاڵی بەژن و باڵات به شەو و بە ڕۆژ دەناڵم
خەوی من خەیاڵی تۆیه، دزه، دێته لام شەوانە

تۆ که خۆت له ترسی خەڵکی له منی فەقیر تەوەللای
له نەیاری سەگ مەترسه، وەرە لام به مەحرەمانە١

خۆ له ماڵی دڵ به تەنیا، هەر ئەتۆ و خەیاڵی تۆیە
کەسی دی نییه لەبەر تۆ، لەوێ قاتی ئینس و جانە

به دەمی به پێکەنین و به دوو چاوی پڕ له غەمزە
ئەمنم کە موبتەلای تۆم، بە سەرت قەسەم، بزانە٢

سەری من لە ڕێی سەری تۆ که نەچێ بەکاری چی‌دێ
به بڕین چێ چاکه 'کامیل'! که لە سەر لەشت گرانە

١. چاپی ئەنیسی: بە نەیاری
٢. چاپی ئەنیسی: 'منت کردە موبتەلای خۆت، بە سەرت قەسەم بزانە'. وابزانم ئەو گۆڕانکارییە لەلایەن کاک جەعفەر و هاوکارەکانیەوە بۆیە کرابێت کە شێوازی میسراعەکە لە چاپی ئەنیسیدا هەندێک قورسە و لە خوێندنەوەدا دەبێ پیتی /ت/ ی ووشەی 'منت' هەندێکسووک بکرێت واتە تا ڕادەیەک بکرێت بەژێر لچەوە بۆ ئەوەی کێش تێک نەچێێت. دیارە ئەگەرێکیش دەبێ ئەوە بێت کە شاعیر دوای چاپی یەکەمی دیوانەکەی، خۆی ئەم میسراعەی گۆڕیبێت.
گەردیگلان، ١٣٢٩ی هەتاوی
(لاپەڕە ٧٤ و ٧٥ ی چاپی ئەنیسی و ١٩٩ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit