ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٤٨. مەفەرموو من نەماوم!
لە خەڵوەتخانەیی عیززەت، براکەم! جێت نومایانە١
بەڵام بۆ هەر وەفادارێکی تۆ هەر شین و گریانە

سەرم سوڕما، دڵت چۆن هات بەجێم‌بێڵی به تەنیایی؟
به تەنیا هەر برات من بووم، لە تاوت بوومه دێوانە

دەڕۆم ئەم ماڵ و ئەو ماڵ، دێ به دێ، ئەم شار و ئەو شارە
دەسووڕێم لەو بیابانانه، دەشت و کێو و شاخانە

دەڵێم کوا کاکی من، کوا بابی من، کوا نووری ئیمانم؟
بڵێم دوای تۆ براکەت کاری قوڕپێوانه، سووتانە

سڵاوت لێ‌دەکەم جوابم دەوه، هەر وەخته پەڕ دەرکەم
تکاشت لێ‌دەکەم: تۆزێ نەوازش، دڵ هەراسانە

'محەممەد'! تۆش بە فریادم بگه ئەی شافیعی مەحشەر
ئەتۆ بی‌و گەورەییت، نەختێ سەبووری، ڕۆژی ئیحسانە

برام! تۆش تۆ خودا چاوێ هەڵێنه بۆ برات، خێرە
مەفەرموو من نەماوم! تۆ 'وەلی'ی، خۆ هەر له بیرمانه٢

خودا فەرمووی له قورئانا 'وەلی' قەت نامرن، زیندوون
ئەوان ڕزقیان لە لایەن خالیقی بێ‌چوون و سوبحانە

١. چاپی ئەنیسی: نمایانە
٢. چاپی ئەنیسی: خۆ هەر لەبیرمانە؟ چاپی جەعفەر: هەر لەبیرمانە!
قاقڵاوا، ١٣٥٣ی هەتاوی
(لاپەڕە ١١٤ و ١١٥ ی چاپی ئەنیسی و ٢٠٠ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit