ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٤٩. ڕۆژی زەفەر
وەرن تۆخوا، کە چاوم وا لە مەڵبەند و گوزەرتانە
وەرن ڕۆحم وەکوو پەروانە دایم دەوری سەرتانە١

چران، ئەمما وەکوو خۆر دەوری خۆتان کردووه ڕووناک
شەمن، ئەمما لەباتی ئێوه دیدەم چاوی تەڕتانە

مەترسن گیانەکەم کاتی خەتەر تەئمینوو حاسڵ بێ!
که من گیانم له پێناودایه، قەڵغان و سوپەرتانە

بڵا تیری بەڵا هەر بۆ منی بێ‌چاره بێ چاکە
که سۆز و ناڵەناڵم هەمڕەهی ڕۆژی سەفەرتانە

وەرن 'تورجانی' و 'زەنبیلی' ‌و 'جەمیانی' خێرایەک!
موفەڕڕەح کەن دڵم، هەر چاوەڕێی باس و خەبەرتانە

مەڵێن باریوه سەرمایه، ئەویش نەیماوه سەرمایە
هەمه، گەر ئێوه غەوواسن، ئەشک بەحری گوهەرتانە٢

له زەنبیل تاکوو ئێره نیو سەعات نابێ به مەعلوومی
دەسا تەی‌کەن بە غار ئەو ڕێ نزیکەی وا لە بەرتانە

وەرن گیانه! وەدەرخەن گەوهەرێ لەم بەحره تا ماوم
نەوەک بمرم، دەس‌وبرد کەن کەسم! ڕۆژی زەفەرتانە

١. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: داییم
٢. چاپی جەعفەر: هەمە؛
قاقڵاوا، زستانی ١٣٣٥ی هەتاوی
(لاپەڕە ٣٨ و ٣٩ ی چاپی ئەنیسی و ٢٠١ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit