ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٤٢. داخوازی ئیمداد
نزام بۆ تۆیە ڕەببەلبەیت! دڵم داخوازی ئیمدادە
دەزانی عەبدی خۆت ئێستاکه وا بێ‌تۆشه و زادە

لە سەر ڕێگایەکی پڕترس و خەوف و دڕک‌وداڵم من
به لوتفی خۆت بفەرموو پێم لە سەر ئەو جادەیه لادە

ئەوا پیر و فەقیر کەوتوومه ئەولای بێ‌تفاقی، خۆ
ئەمن کوردێکی بێ‌فێڵ‌وفەرەج، مەشهوورم و سادە

ئەتۆی خاوەن‌کەرەم، ئەی سفرەڕەنگین! هەر لە تۆ جوانە
کەرەم، بەخشین و چاوپۆشی لە پیر و کوێر و ئوفتادە١

ئەوی تۆی نایەته بیر، پڕخەم و دەرد و مەشەققەت بوو
کەسێکیش تۆی لە بیر بێ، تا ئەبەد مەسروور و دڵشادە

ئەوی تۆی چوو لە بیر، ڕۆژ و شەوی پڕمەینەت و دەردە٢
کەسێ وا تۆی لە بیره، خۆ شەوی ڕۆژ، ڕۆژی ئەعیادە

لەبۆ ڕاوی نەیارانی ڕەسووڵی خۆشەویستی تۆ
'ئیمامی' کردیه ئەستۆ قەڵاده، ساز و ئامادە

١. چاپی ئەنیسی: کەڕەم
٢. چاپی ئەنیسی: ئەوی تۆی
قاقڵاوا، ١٣٦٢ی هەتاوی
(لاپەڕە ٦ ی چاپی ئەنیسی و ١٨٢ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit