پیری وا هات و ئەجەل لێم دیارە
ڕەنگە ڕامکێشێ بەرەو ئەو خوارە
کوێیە ئەو خوارە؟ دەڵێن جێم قەبرە
گۆڕە، خۆفناکە، گییان بێزارە
ئەی خودایە، بە تەنێ لەو گۆڕە
چۆن بمێنم؟ قوڕ و بەردم بارە
جاری ئەووەڵ قوڕ و گڵ بووم و خودا
گیانی پێدام و کەچی ئەمجارە
ووردە ووردە بە خەیاڵە بەدەنم
تێک بچێ، بێتەوە گڵ دووبارە
بەدەنی ناسک و نەرم و شلی من
خۆ لەوێ توعمەیی مشک و مارە
بێکەس و بێدەر و ماڵ تاری خۆم
چاو دەگێڕم هەر ئەتۆم لێ دیارە
ئەی لەهەرجێ هەی و نیشە جێگات!
کاتی ڕەحمە بە منی بێچارە
گەر لەوێ گرپە نەکا شەمعی کەڕەم،
تەنگ و تاریک، دڵەکەم خەمبارە
تۆ 'ئیمامی'، کە بژیت یا بمری،
ئەرخەیان بە بە تەنێ خوا یارە