لە ناکاو پیریم لێ وەدەرکەوت
بەختیش، هەر وەک خۆم، هات و لێی خەوت
دەرکی نەجاتم لێ داخراوە
ڕێگەی ڕزگاریم ڕێک خوار وچەوت
ڕۆژی ڕووناکم تاریک بوو وەک شەو
چرای ژیانم ماوە بێ نەوت
فتیلەی حەیات بەحاڵ ڕووناکە
هەربینا ئەویش لە سووتان کەوت
جێگەی گەڕانم تا سەرچۆمییە،
جێی دانیشتنم دەرگای مزگەوت
هەی هەی لەم ژینە، لەم بەڕێچوونە!
کەچی بەوحاڵەش، دڵ هەر نەسرەوت
ئەسپی تەبیعەت هێشتا هەر سوارە
هەروا بەکارە، خۆش جڵەو، خۆش ڕەوت
چوارینە و هەڵبەست، قەسیدە و غەزەل
یەک لەدوای یەک دێن، پێنج و شەش و حەوت!
ئەو تەبعە سوارە توند و ڕەوانە،
بۆ تۆ ئیمامی، زەحمەت بێ زەوت!