ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات › شاری دڵ ›
١١٤. لە دەرکی مەیکەدە
له دەرکی مەیکەده کەوڵم به عەرزا داوه ئەی چاوم!
دەسا ساقی دەخیلت‌بم! کەرەم‌که پیاڵه تا ماوم١

به بۆنەی پیری مەیخانه، منیش پیر بووم و لێ‌کەوتم
کەچی هەر جوانەمەرگیم پێ‌دەمێنێ وەک دڵی لاوم

به ئاوری دووری یاڕەب جەرگ و دڵ سووتاوه یەک‌جاری!
نەیاری بەدمەسەب پێی‌وایه هێشتا من نەبرژاوم

کوتم سەد جار شوکور بوومه بەڵاگەردانی باڵاکەی٢
وەکوو زەینیش دەدەم هێشتا، که‌چی ئەی داخەکەم ماوم

له بەحری سوێری فرمێسکی، 'ئیمامی' بانگ دەکا: یاران!
وەرن بۆ یارمەتی، ئێوه و خوداتان، تا نەخنکاوم

١. چاپی ئەنیسی: کەرەم پیاڵە تا ماوم (دیارە هەڵەی چاپە).
٢. چاپی ئەنیسی: بومە
قاقڵاوا، ١٣٥٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ٨٩ و ٩٠ی چاپی ئەنیسی و ١١٤ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit