ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٠٦. دەوای دڵی زارم
به گوێی زەمانه بگا، گیانه، ئاخۆ هاوارم؟
وەڕەز له ژینم و بوونم، هەراس و بێزارم

تەمەن تەواو بووه، ئەمما تەمەع وەکوو خۆی ما
له بەژنی بەرز و له ئاکاری جوانی دڵدارم

کەسێ که پرسی له من، پێی بڵێن: وەکوو مەجنوون
له زەرد و ماهه، له هەرد و تەلانه ئاسارم

ڕەفیقی جانەوەرانم، ئەسیری بەندی ئەوین١
هەمیشه ڕووتەڵی نێو باغ و دەشت و کۆسارم

نەخۆشی دەردی ئەوین بێ‌عیلاج و دەرمانە
بەداخەوه نییه چاره و دەوای دڵی زارم

دوو ماچی لێوه، ئەویش پێوه دەمرم و نابێ
نەسیبی ئەو دڵی وا پڕ له دەرد و ئازارم

'ئیمامی' هەروەکوو کوێر چاوەڕێیه چاوی هەبێ
کەچی بەداخەوه هەر کوێره چاوی بیمارم

١. ئەوین، شێوازێکی دیکەی گوتن و نووسینی وشەی ئەڤینە بە واتەی عاشقێنی، و هیچ پەیوەندێکی بە ناوی زیندانی ئەوینی تارانەوە نییە باوەکوو ئەسیر و بەندی ئەوین واهەیە هەندێک خوێنەر بباتە سەر ئەو بۆچوونە.
قاقڵاوا ١٣٥١ ی هەتاوی
(لاپەڕە ٦٩ و ٧٠ ی دیوانی چاپی ئەنیسی و ١٢٠ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit