ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
-تۆ بڵێی هیچ کەس بە قەد ئێمە دڵخۆش بێ؟ -نا، هیچ کەس، هیچ کەس بەڵام...
-بەڵام چی؟
-بریا ئەمنیش لەو ڕۆژە ڕەشە دەرهاتبام.
-نا، قەد باسی شتی وا مەکە. با هەر ئاوا بی، کە هەی. من قەد بیر لە چاکبوونەوەی تۆ ناکەمەوە
-بۆ؟
-دەترسێم.
-لە چی؟
-لە زۆر شت. نازانی چەند ساڵ بوو لە کەسێک دەگەڕام کە منی خۆش بوێ.
-پێم وا بوو هەر من وام!
-تۆش وەک من بووی؟ !
-هەتا ماوەیەک پێش.
-دۆزیتەوە؟
-بەڵێ.
-کێیە؟
-تۆ.
-ئاخ ئەگەر وشەی «تۆ»ت لە دەم دەرنەهاتبا، شێت دەبووم.
-من لە تەواوی تەمەنمدا چاوەڕوان بووم. دەترسام یەک کەسیش نەبێ بمدۆزێتەوە.
-سەیرە. منیش پێم وا بوو ناتوانم هیچ بدۆزمەوە.
-تۆ هیچ کەست نەدۆزیبۆوە؟
-ئاخر...
-ئاخری ناوێ. پێم خۆش نییە لێم بشاریەوە.
-تەنیا یەک کەس. ئەویش دەیزانی کە من خۆشم دەوێ. وە سەر خۆی نەدەهێنا. تەنانەت نیگاشی لە من دەدزییەوە.
-بە کوێ گەیشت؟
-ڕۆژێک لە کۆڵان تووشم بوو. بێ ئەوەی چاوم لێ بکا، بەستەیەکی بچووکی وە دەستی دام. خەنی بووم. کردمەوە. ئاوێنە بوو. ئاخ نازانی چەند ناخۆش بوو.
-بۆ ناخۆش؟
- لە ئاوێنە زیزم. ئاوێنەکەی ئەویشم فڕێ دا. پڕ بوو لە بێزاری.
-بۆ؟
-لە ئاوێنەدا جوان نیم. زۆر ناحەزم دەکا. وەک ژنێکی گڕوێم نیشان دەدا. تەمەنم دەباتە سەر. دەمکاتە کچێکی قەیرە. هەر ئاوێنە لە من ناوەشێتەوە نا.
-پێم سەیرە. دەنا ئەمن هەمیشە بە ئاواتم ئاوێنەیەک ببینم.
-نا... نا... قەد ئەو ئاواتە مەخوازە.
-بۆ؟
-دەترسێم.
-لە چێ؟
-لە زۆر شت.
-باشە لە چی؟
-نەکا چاوت چاک بێتەوە و تۆش ئاوێنەیەکم پێ بدەی!
چیرۆک

پەراوێز edit