شاعیر: مارف ئاغایی کتێب: زەوی سەخت و ئاسمان دوور سەرناو: ... ؟ سەبارەت: چیرۆک -تۆ بڵێی هیچ کەس بە قەد ئێمە دڵخۆش بێ؟ -نا، هیچ کەس، هیچ کەس بەڵام... -بەڵام چی؟ -بریا ئەمنیش لەو ڕۆژە ڕەشە دەرهاتبام. -نا، قەد باسی شتی وا مەکە. با هەر ئاوا بی، کە هەی. من قەد بیر لە چاکبوونەوەی تۆ ناکەمەوە -بۆ؟ -دەترسێم. -لە چی؟ -لە زۆر شت. نازانی چەند ساڵ بوو لە کەسێک دەگەڕام کە منی خۆش بوێ. -پێم وا بوو هەر من وام! -تۆش وەک من بووی؟ ! -هەتا ماوەیەک پێش. -دۆزیتەوە؟ -بەڵێ. -کێیە؟ -تۆ. -ئاخ ئەگەر وشەی «تۆ»ت لە دەم دەرنەهاتبا، شێت دەبووم. -من لە تەواوی تەمەنمدا چاوەڕوان بووم. دەترسام یەک کەسیش نەبێ بمدۆزێتەوە. -سەیرە. منیش پێم وا بوو ناتوانم هیچ بدۆزمەوە. -تۆ هیچ کەست نەدۆزیبۆوە؟ -ئاخر... -ئاخری ناوێ. پێم خۆش نییە لێم بشاریەوە. -تەنیا یەک کەس. ئەویش دەیزانی کە من خۆشم دەوێ. وە سەر خۆی نەدەهێنا. تەنانەت نیگاشی لە من دەدزییەوە. -بە کوێ گەیشت؟ -ڕۆژێک لە کۆڵان تووشم بوو. بێ ئەوەی چاوم لێ بکا، بەستەیەکی بچووکی وە دەستی دام. خەنی بووم. کردمەوە. ئاوێنە بوو. ئاخ نازانی چەند ناخۆش بوو. -بۆ ناخۆش؟ - لە ئاوێنە زیزم. ئاوێنەکەی ئەویشم فڕێ دا. پڕ بوو لە بێزاری. -بۆ؟ -لە ئاوێنەدا جوان نیم. زۆر ناحەزم دەکا. وەک ژنێکی گڕوێم نیشان دەدا. تەمەنم دەباتە سەر. دەمکاتە کچێکی قەیرە. هەر ئاوێنە لە من ناوەشێتەوە نا. -پێم سەیرە. دەنا ئەمن هەمیشە بە ئاواتم ئاوێنەیەک ببینم. -نا... نا... قەد ئەو ئاواتە مەخوازە. -بۆ؟ -دەترسێم. -لە چێ؟ -لە زۆر شت. -باشە لە چی؟ -نەکا چاوت چاک بێتەوە و تۆش ئاوێنەیەکم پێ بدەی! ++++++++++++++++++++++