ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
هەر کەس خۆی لە شوێنێک دۆزیوەتەوە، ئەویش خۆی لە ئاوێنەیەکدا دۆزیبۆوە. ئەگەر کەسێک لێی پرسیبا چەند ساڵە دەو ئاوێنەیەدا دەژی؟ بێ شک دەیکوت چەند هەزار ساڵە. ئەگەر لێیان پرسیبا چۆن یەک کەس دەتوانێ چەند هەزار ساڵ بژی، خێرا دەیکوت کە باب و باپیرەکانم مردوون، تەمەنی ئەوانیش بە من گەیشتووە.
ئەو ئاوێنەیە گەورەترین شانازیی ئەو بوو. کاتێک لە بەرابەری ڕادەوەستا، نە برسیایەتیی لە بیر دەما و نە تینوایەتی. تەواوی فکر و زکری ئەوە بوو کە بتوانێ ئەو ئاوێنەیە بپارێزێ. ئەگەر هەستی کردبا شوێنێکی ئاوێنەکە ژەنگی هەڵێناوە، هەتا پاک پاکی دەکردەوە، ئارام و قەراری لێ هەڵدەگیرا. نەیدەهێشت تەنانەت هەڵمیش لە ڕوخساری ئاوێنەکە بنیشێ.

ئەو پێی وابوو هەر خۆیەتی و ئاوێنەکەی. نەیدەزانی کە لە شوێنێکی نادیارەوە چاویان تێ بڕیوە و سێرەی لەسەر هەڵناگرن. هەرچەند هیچ زیانی بۆ ئەوان نەبوو، بەڵام ئەوان پێیان خۆش بوو ئەو ‌‌غروورەی بڕووخێنن. دەیانزانی تەواوی هیوا و هومێدی، ئاوێنەکەیەتی.
***
ئاگای لە هیچ شتێک نەبوو. خەریکی خاوێن کردنەوەی ئاوێنەکەی بوو؛ لە نەکاو دەنگێکی یەکجار توند ڕای چڵەکاند. دەتکوت بە چەند دەستان بەردێکی گەورەیان بە ئاوێنەکەدا داوە. دوای نیشتنەوەی ترس و لەرزەکەی، چاوی هەڵێنا؛ وەک شێتانی لێ هات، ئاوێنەکە ببوو بە چەند پارچە. چاوی لە ئاوێنەیەکدا بوو، دەستی لە ئاوێنەیەک، پێی لە ئاوێنەیەک و...

خۆی نەدەناسیەوە. دەتکوت بەردەکە وە خۆی کەوتووە و لەت و پەتی کردووە. ئەو خۆی هەمیشە وەک کەسایەتییەکی پتەو دیبوو، بەڵام ئێستا، کە چاوی لە خۆی دەکرد، ترس دایدەگرت. وەک جاران ویستی لەپێش ئاوێنەکە قەدەم لێدا. هەنگاوێکی هەڵێنا، بەڵام دەستی لە لایەکی دیکە دەبزووت و چاوی دەیڕوانییە شوێنێکی دیکە و هیچ بەشێکی لەشی، بەشەکەی دیکەی نەدەگرتەوە.

خێرا لە ئاوێنەکە نزیکتر بۆوە. بەشێکی شکاوی هەڵگرتەوە و لەسەر جێگای خۆی داناوە. کەیفی ساز بوو. پێی وا بوو بە ئاسانی دەتوانێ پێکیانەوە نێتەوە. بەڵام لەگەڵ کورتترین جووڵە، سەر لە نوێ ئەو بەشە کەوتە سەر زەوی. هیچ چارەی نەما. دەستی کرد بە گریان. هەرچەند هیچ کەس ئاگای لە گریانەکەی نەبوو، بەڵام ئەگەر چاویشیان پێ کەوتبا، لە جیاتی ئەوەی ڕوحمیان پێدا بێ، پێکەنینیان پێ دەهات. چونکە لەو ئاوێنە شکاوانەدا ببوو بە شتێکی سەیروسەمەرە. کە لە گریانەکەی بۆوە، پڕی دا بەردێکی گەورە و هەڕای کردە ئەو لا و ئەو لای. هیچ کەسی بۆ نەدۆزراوە. نەیزانی کێ بوون بەردەکەیان هاویشت. ئەوەندە بە شارەزایی خۆیان شاردبۆوە، دەتکوت بەشێک بوون لەو تەمەنە چەند هەزار ساڵەی خۆی. ئاخرەکەی زانی گەڕان بێ فایدەیە. ئەوان هەر کە ئاوێنەکەیان شکاندبوو، ڕۆیشتبوون. زانیبوویان کە تازە ناتوانێ بە خۆی بنازێ.

گەڕاوە لای ئاوێنەکەی. بڕیاری دا بیپارێزێ. دەسماڵەکەی جارانی هەڵگرت. ویستی ژەنگی گۆشەیەک بسڕێتەوە؛ بەڵام هێشتا تەواو نەببوو کە چاوی بە ژەنگی ئاوێنەکەی دیکە کەوت. بۆ لای ئەمیان چوو، بەڵام ئەوی دیکە و ئەوی دیکە.

ئیتر لەو ڕۆژەوە کار و پیشەی هەر ئەوەیە. بەڵام هەرچی دەکا، ناتوانێ پێش بەو ژەنگە بگرێ و دەترسێ ڕۆژێک بێ و خۆشی لەنێو ئەو ژەنگەدا ون بێ.
چیرۆک

پەراوێز edit