ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
توند وەکوو با، بەسەر زەویدا دەخوشی و بیری دەکردەوە. (بەشی زۆرتری ژیانی بە بیر کردنەوە تێپەر کردبوو. زۆرتر لەنێو خەیاڵدا دەژیا). سروشتی خۆش دەویست. حەزی لە با دەکرد، (حەرەکەتی تێدا دەدی). بەڵام هەمیشە هەستی دەکرد کە مرۆڤ بە باشی ناناسێ. (نە دەیتوانی بڕوای پێ بکا و نە دەیتوانی لێی بێ بڕوا بێ). ئەم مەبەستە لە ڕۆمانەکەشیدا ڕەنگی دابۆوە. (دونیای خەیاڵیشی داگیر کردبوو. زۆرتر لەنێو کتێبدا دەژیا، بەڵام کەمتر دەینووسی). لە بیری بوو کە سووژەی ئەم ڕۆمانە لەگەڵ یەکەمین مناڵی لە دایک بوو. (ئێستا کە مناڵەکەی بیست ساڵ بوو، ڕۆمانەکەی ئەمیش تازە بە کۆتایی گەیشتبوو). ئەمجارە دروست بیستەمین جار بوو کە بە ڕۆمانەکەوە بەرەو چاپخانە وەڕێ دەکەوت، بەڵام هەموو جارێ لە نزیک وێ پەشیمان دەبۆوە و دەگەڕاوە. کاتێک بەرهەمێکی لاوازی دەخوێندەوە، (لە جیاتی ئەوەی ڕێز بۆ خۆ ماندوو کردنی خاوەنەکە دانێ)، بێزی لە خاوەنەکەی هەڵدەستا. هەموو جارێ کە دڵنیا دەبوو بەرهەمەکەی خۆی بەهێزە، وەڕێ دەکەوت. لە ڕێگادا ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی بەسەر دەکردەوە. کەم کەم لێیان سارد دەبۆوە. کە دەگەیشتە نزیک چاپخانە، بێزی لە خۆشی هەڵدەستا و دەگەڕاوە. ئەمجارەیان نەیدەویست پەشیمان بێتەوە، بۆیە هەم توند دەڕۆیی –توندتر لە هەمیشە– و هەم هەوڵی دەدا بیر لە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی نەکاتەوە. ئەم ڕۆمانە بەرهەمی نۆزدە جار سووتان بوو. هەموو جارێ کە بەسەریدا دەچۆوە، ئاداری بە سەر پاداریەوە نەدەهێشت و نوسخەیەکی تازەی لە ڕوو دەنووسیەوە. پاشان نوسخە کۆنەکەی ئاگر دەدا و چاوی دە ئاورەکە دەبڕی. ئەو ئاورەی زۆر پێ جوان بوو. لەنێو ئاگرەکەدا وشەکانی خۆی دەناسیەوە. دەیزانی ئێستا کام وشەیە دەسووتێ یا کامەیانە بە دووکەڵی ئاگرەکە دەخنکێ. پاش سووتاندن، خۆڵەمێشەکەی بە با دەسپارد و چاوی لێ دەکرد هەتا با، سووتووی دوایین وشەی لەبەر چاوی ون دەکرد. ئەمجارەیان لە هەموو جارێک دڵنیاتر بوو. خاترجەم و پشت گەرم. هەستی دەکرد کە ئیتر پەشیمان نابێتەوە، بەڵام فکرێک ئازاری دەدا. تەنیا یەک نوسخەی لە ڕۆمانەکەی هەبوو. دەترسا کە نەکا کارەساتێک بقەومێ، هەم خۆی تێدا بچێ هەم ڕۆمانەکەی. ئەڵبەت ڕەنگە ئەگەر ئەو ڕۆمانە نەبا، ژیانی خۆی بە لاوە گرینگ نەبا، لە خۆی نەدەترسا. هەرگیز ژیانی خۆی بە لاوە گرینگ نەبوو. بەڵام نەیدەویست، ڕۆمانەکەی لەنێو بچێ. ڕۆمانەکەی خۆش دەویست، نوسخە سووتاوەکانیشی هەمیشە لەبەر چاوی بوو. هەر لە سەرەتاوە بە یەک شەمچە هەموو ڕۆمانەکانی سووتاندبوو. کاتێک کە نۆزدەهەمین نوسخەی ئاور تێبەردا، بۆی دەرکەوت کە دەنکی تێدا نەماوە. شەمچەکەی فڕێ دا و بە خۆی کوت: ئەوە ئاخرین ئاورێکە کە بە وشەێ خۆم دەیکەمەوە. پێی خۆش بوو بۆ خۆی بمرێ، بەڵام دوا نوسخەی ڕۆمانەکەی بمێنێتەوە. چونکە زۆر لەوەی دەترسا چاوی بە چاوی کەسێک بکەوێ کە ڕۆمانەکەی خوێندۆتەوە. زۆر جاران بڕیاری دابوو دوای چاپی ئەم بەرهەمە، خۆی لە ژوورێک دا زیندانی بکا، یا بچێ بۆ شوێنێک کە کەس نەیناسێ. نەیدەزانی ئەو ترسەی لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ: لەوەی کە ناوبانگ دەربکا و خەڵک بیناسن و سێرەی لەسەر هەڵنەگرن؟ لەوەی کە خەڵک لەپاش خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بێزیان لێی هەستێ؟ لەوەی کە پێیان وا بێ خاوەنی ئەم ئەندێشەیە لە دونیای واقیعیشدا دەبێ شێت بێ؟ لەوەی کە... ؟

ئەو تەنیا ئەوەی دەزانی کە لە چاوی خەڵک دەترسێ، بۆیە هەرگیز سەیری سیما و ڕواڵەتی کەسی نەدەکرد. هەوڵی دەدا چاو لە دەروونیان بکا. بیریان بناسێ، بەڵام تا زیاتر دەروونی خەڵکی دەناسی، لەجیاتی ئەوەی ترسەکەی کەم بێتەوە، زیاتر ترس دای دەگرت. ئەم جارە، تەنیا جارێک بوو کە نەترسانە وە ڕێ کەوتبوو، بەڵام ئەم جارەش ترسی تەسادوف خستیەوە یادی ژن و مناڵەکانی:

لەم تەسادوفەدا دەمرم. ڕۆمانەکەم لە تەنیشتم دەکەوێ. ژن و مناڵەکانم دەگەنە سەرم. وریا، یەکەمین مناڵم، دەفتەرەکەم هەڵ دەگرێتەوە. ئەویان ئەدەب دۆستە. دەزانێ کە من ئەم ڕۆمانە دەنووسم. پاشان دار و نەدارەکەم دابەش دەکەن. وریا هیچی ناوێ جگە لە ڕۆمانەکە. هەموو گاڵتەی پێ دەکەن، بەڵام ئەو، ڕۆمانەکە چاپ دەکا. تیراژی ڕۆمانەکە بە سورعەتی با دەچێتە سەر. من دەبمە بەناوبانگترین نووسەر و ئەویش دەبێتە دەوڵەمەندترین میراتگر.

زۆری نەمابوو بگاتە چاپخانە. پازدە کیلۆمیتر. لاقی بە گازیەوە نا. توندتر و توندتر. دە کیلۆمیتر. پێنج کیلۆمیتر لە دوور چاوی بە کامیۆنێک کەوت. کامیۆنی چاپخانە بوو. پڕ لە کتێب. لە خۆشییان گەشکە بوو. هەستی کرد کە کتێبەکەی ئەویش ئاوا لە چاپ دێتە دەرێ. هەموو ئازای لەشی سەمای دەکرد. خەریک بوو باڵی دەگرت ڕۆحی دەیەویست بفڕێ و لە دونیا هەڵکەنرێ. حاڵێکی سەیری بە سەردا هات. لە هیچ شتێک نەدەترسا. هیچ شتێکی نەدەدیت جگە لە ماشێنی کتێبەکان لێی نزیک و نزیکتر بۆوە و لە پر تەقەیەک هات، وەک دونیا خەراب بووبێ. وەک مەرگ و ژیان وێک کەوتبن. چووە ژێر کامیۆنەکە. ئەو هەواڵە بە گویێ بنەماڵەکەی گەیشت. خێرا هاتنە سەری. شین و گابۆڕ ساز بوو. سەعات و پووڵ و ئەنگوستیلەیان هەڵگرت. جەنازە گوێزراوە. لە دوایین کاتدا وریا چاوی بە دەفتەرێک کەوت. هەستی کرد دەیناسێتەوە. بیری بۆ لای ڕۆمانەکەی باوکی چوو. بێت و ئەو بێ، چی لێ بکەم. ئەگەر دڵنیا بوایەم هیچ کەس نایخوێنێتەوە چاپم دەکرد، بەڵام ئاخ لەبەر چاوی خەڵک.

ڕۆمانەکە لەسەر زەوی بەجێ ما، هەر تاو نا تاوێک، با لاپەڕەیەکی هەڵدەداوە.
چیرۆک

پەراوێز edit