ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
زاوا، تارای لە سەر بووک هەڵگرت، بزەیەک لەسەر لێوی نیشت. دەنکێک شیرنییان لەگەڵ یەک گۆڕییەوە. هەرچەند یەکتریان باش دەناسی، بەڵام شەرمیان دەکرد پێکەوە قسە بکەن. هەر دووبەدوو مابوونەوە. لە ئاوێنەکەدا چاویان لە یەکتر دەکرد. ماوەیەک تێپەڕی. زاوا تینووی نەبوو، بەڵام بە دەنگێک کە دیار بوو دەیهەوێ لاسایی پیاوان بکاتەوە دەستووری بە بووک دا لیوانێکی ئاو بۆ بێنێ. بووک ئیشتیای لە هێنانی ئاو نەبوو، بەڵام لە کاتێک دا بە بێوازی نیوە لیوانێکی ئاو بۆ زاوا دێنا، دە دڵی خۆیدا بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن ئەویش فەرمانێک بە زاوا بدا.

بووک کە هێشتا لەم فکرەدا بوو بە زاوای کوت ئەو ئاوێنەیەی لێرە هەڵگرە با نەشکێ. زاوا ویستی بە قسەی بکا، بەڵام وەک ئەوەی لە نەکاو وە بیری هاتبێتەوە کە پیاو نابێ بە قسەی ژن بکا، دەستی کێشاوە و کوتی: بۆخۆت هەڵیگرە.

بووک کوتی: دەبێ ئەتۆ هەڵیگری و زاوا کوتی: نا.

قسەیان لێک چەپ هات. زاوا دەستی دە قژی بووک نا و بووک گەرووی زاوای گرت و بێ ئەوەی ئاگایان لێ بێ، خۆیان لە ئاوێنەکە دا و شکاندیان. بەو دەنگە وە خۆ هاتنەوە، پێش ئەوەی شەڕەکەیان قورستر بێ بووک بە زاوای کوت:

-هەتا دایە و بابە نەهاتوونەوە، وەرە با کایەیەکی دیکە بکەین. ئەم کایەیە هیچ خۆش نەبوو!
چیرۆک

پەراوێز edit