ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
(١)
چەند ڕۆژە کە دوای تەواوبوونی کاتی ئیدارە، بەم گەرمای نیوەڕۆیە لێرە دێیتە خوارێ و نزیک بە سەعاتێک لە دەوری ئەم مەیدانە خۆت دەخافڵێنی. دەتەوێ تا کەی وا بکەی؟ کوا ئەوە ڕێگایەتی؟ بەڵکوو ماڵەکەی لێرە گوێستبێتەوە، بەڵکوو لەسەر سەفەر بێ. هەر نەبێ بچۆ بەر سێبەرەکە. سووتام ئەوەندەی لەبەر ئەم خۆرەتاوە لەگەڵت ڕاوەستام. لەوێشەوە سەری کۆڵانەکەیان دیارە.

مەترسێ، ئەو تۆ نابینێ. ئاخ من دەبێ نووسەرێکی چەند کڵۆڵ بم کە تووشی قارەمانێکی وەک تۆ هاتووم. تۆ پێت وایە ئەوە کڵۆڵی نییە کە من تا ئێستا تەنانەت یەک قارەمانیشم نەبووە، کە کۆک و پۆشتە و تێر و تەسەل بێ؟ ! نووسەرە دەر و دراوسێکان، هەموو قارەمانەکانیان لە کابارە و مەیخانە و پارک و گوڵزارەکاندا خەریکی کەیف و نەهەنگن، بەڵام ئەمن ڕۆژ هەتا ئێوارێ دەبێ یا لەژێر سێدارە دەرتانبێنم، یا لە زیندان، فکری هەڵاتنتان بۆ بکەم، یا لە نەخۆشخانە بتانلاوێنمەوە، یا ئەوەتا دە ڕۆژان لەبەر ئەو سوورەتاوەی بە زگی برسی لە گەڵتان ڕاوەستم. چی؟ خەتای منە؟ من ئێوەم تووشی ئەم چارەنووسە کردووە؟ هەقتە وام پێ بڵێی. ئەگەر من نەبوایەم، ئێوە پەناتان بۆ کێ دەبرد؟ ! من ڕۆژێ سەدان کەسی وەک ئێوە دەبینم کە برسی و بێ پەنا بە کۆڵانەکاندا دەخولێنەوە و خەریکن خۆیان دەخۆنەوە. چی بکەم؟ ناتوانم خۆمیان لێ نەبان کەم.

باشە با لەو قسانە گەڕێین، بۆ لە جیاتی ئەو چاوەڕوانییە ڕاستەوڕاست ناچی پێی بڵێی پارەکەت بداتەوە؟ ! خۆ دەزانی لە کوێی بدۆزیەوە. شەرمێ دەکەی؟ دەتەوێ کاتێک سەعات سێی دوای نیوەڕۆ دەچیتەوە ماڵێ، بە شێویەک لە دەوری مەیدان خۆتی نیشان بدەی، کە ئەو پێی وا بێ بە ڕێکەوت تووشی هاتووی، جا ئەودەم، ئەو قەرزەکەی وە بیر بێتەوە و بتداتەوە؟ ! چەند کارێکی مناڵانەیە. ڕەنگە ئێستا خوێنەر پێی وابێ ئەم پارەیە چەندە کە تۆی ئاوا هەڵوەدا کردووە. بە کەس نەڵێم؟ من زگم عەمباری کەس نییە. دەیڵێم و چی دیکەشیان لە چاوەڕوانیدا ناهێڵمەوە. هەمووی چوار هەزار تمەنە کاکی خوێنەر! ئەگەر تۆ پێت وابوو ڕووداوێکی چەند میلیۆن تمەنی دەخوێنیەوە، هەر لێرەوە لە خۆت حاڵی بە. دەتەوێ لێی بپرسی کە بەوەندە پارەیە دەیەوێ چی بکا؟ باشە تۆ پرسیارەکەی خۆت لە بیر نەچێ، ڕەنگە بە وڵامێک بگەی.

بە قسەم بکە. ئێوارێ بچۆ بەر دەرگای ماڵەکەی. ئەمنیش لەگەڵت بێم؟ جا تۆ چیت لە من داوە؟ با ئەمنیش لە ڕووم هەڵنەیە تۆ بۆ خۆت بچۆ. دوایی کە هاتیەوە بۆم بگێڕەوە چیت کردووە. تۆ نابێ بە ئاوری منەوە بسووتێی. من هەر لە سەرەتاوە مردەلۆخە و شەرمێون بووم. هێشتا تۆ لە من باشتری. حەوتووی پێشوو توانیت سێ هەزار تمەن قەرز بکەی. با، با ئاگام لێت بوو کە چۆن لە شەرمان ئارەقەت دەردەدا. لەلای خێزانت باسی ئەو قەرزەت هەر نەکردووە. هیچ لە بیرتە کە دەبێ بەیانی پارەکەی بدەیەوە. من بیدەمەوە؟ ئەگەر تۆ نەتبێ، من لە کوێی بێنم؟ تۆ لە هەر شوێنێک پێت خۆشە پەیدای بکە، دانەوەکەی لە ئەستۆی من. هەر کەس لە فکری خۆیدایە. تۆ دەتەوێ بە هەر شێوەیەک بێ، من قەرزەکەت بدەمەوە، هەزار ڕەخنەم لێ دەگرن. دەزانم تۆ چارەیەکت نییە بەڵام نابێ چاوەڕوانیی کاری ئاواشت لە من هەبێ. ئەوە دامنا قەرزەکەشت داوە، ئەدی پرتەوبۆڵەی خێزانت چ لێ دەکەی؟ ! هاواریەتی و دەڵێ هیچمان لە ماڵێدا نییە؟ باشە مەگری. گریان هیچ دەردێک دەرمان ناکا. ها ئەو دەسرەیەم لێ وەرگرە و فرمێسکەکانت پاک کەوە، من چی دیکە دڵم بەرەدایە نادا لە لات بمێنمەوە. تازە نیوەڕۆیان لەگەڵت دانابەزم. تۆش وەرە با بڕۆین. نایەی؟ لێرە دەمێنییەوە؟ باشە. من قسەیەکم نییە. لێرە بە. ڕۆیشتم ماڵ ئاوا.

(٢)
تۆ بۆچی خۆت لەو پەنایە مات کردووە. تاکەی دەتەوێ خۆتی لێ بشاریەوە. ئەو ڕۆژەی مناڵەکەت نەخۆش بوو، ئەگەر ئەو، پارەکەی نەدابایەی، بە چی نوسخەکەت دەکڕی؟ لە بیرتە کاتێک نوسخەپێچەکە پێی کوتی دەکاتە چوارهەزار و چوارسەد تمەن، چۆن لەجێوە ویشک بووی. تا ئەو کاتە دەستی چەپت بە نایلۆنی دەرمانەکانەوە و دەستی ڕاستیشت لە نێو گیرفانتدا خەریکی دەرهێنانی پارە بوو. کاتێک ئەوەت بیست، دەستی چەپت شل بۆوە و نوسخەکەت لەسەر میزەکە دانا. دەستەکەی دیکەشت بە بەتاڵی دەرهێنا. دڵنیا بووی کە لە شەش سەد تمەن زیاترت پێ نییە. بە داماوی کەوتیە شەقام پێوان و چاو گێڕان. بۆ چارەڕەشی، ئەم کەسەی لەبەر ئەو سوورەتاوەی دەوری مەیدانەکە ڕاوەستاوە، تووشت بوو. یەکترتان باش دەناسی. ڕووداوەکەت بۆ گێڕاوە. دەستی برد بۆ باغەڵی و بە جوامێرییەکی پڕ لە دڕدۆنگییەوە پارەکەی بۆ ژماردی. تۆ هیچ دەزانی ئەو پارەیەی بۆ چی پێ بوو. پێت ناڵێم، با چی دیکە برینت نەکولێتەوە. ئێستا هەرچی بووە تەواو بوو. زووکە بڕۆ لای. خەریکە لەو گەرمایە دا دەپیشێ. بڕۆ هەر نەبێ لەو چاوەڕوانییە تاڵەی دەربخە. بڵێ نیمە و هەر کاتێک هەمبوو دەتدەمەوە، چ دەڵێی؟ من بیدەمەوە؟ من ئەگەر پارەیەکم شک بردبا، قەرزەکەی ئەوم پێ دەداوە. بەڵام تۆ بڵێ ئەدی ئەو پارەیەی سەری مانگ وەرتگرت، چت لێ کرد؟ بەشی زۆریت دا بە کرێی ماڵ؟ من کرێ ماڵەکەت بۆ کەم کەمەوە؟ باشە ئەوە من بۆ تۆم کەم کردەوە، ئەی چ لەو هەزاران کەسە بێ داهاتەی دیکە بکەم؟ مەگری. گریان هیچ دەردێک دەرمان ناکا. ها ئەو دەسرەیەم لێ وەرگرە. فرمێسکەکانت پاک کەوە. ئەگەر ناچی بۆ لای، کەیفی خۆتە. تۆ هەر لێرە دەمێنییەوە؟ باشە. من قسەیەکم نییە. لێرە بە. من ڕۆیشتم. ماڵ ئاوا.
چیرۆک

پەراوێز edit