ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
رَحِمَ الله لِمَن قرا الفاتِحَه
ئەوە قسەی سەر زاری فەقێیەک بوو کە لەسەر کورسیلەیەک دانیشتبوو، بۆ هەر کەس کە وە ژوور کەوتبا و لە شوێنێک دانیشتبا، دووپاتی دەکردەوە و خەڵکەکەش لەگەڵ ئەو کەسەی تازە هاتبوو، فاتحایان دەخوێند. لە سەرەوەی هەمووان، ڕۆحی پاک و پەپوولەئاسای خوالێخۆشبووەکە، لەنێو مێحرابدا بوو. لە نەکاو کەسێک وە ژوور کەوت. سڵاوی کرد. بە سڵاوەکەی نیشانی دا کە لاڵە. بە خوار و خێچی بە ڕێگادا ڕۆیشت. خەڵک پێیان وا بوو شێتە.

فەقێ چاوی پێ کەوت. بەسەر خۆیدا ڕووخا. خۆی لێ ون بوو. حەجمینی لێ هەڵگیرا. مزگەوتەکە بێدەنگ بوو. هەستی کرد تەواوی خەڵکەکە چاوەکانیان بەش کردوون. بە چاوێک لە کابرا دەڕوانن و بە چاوێکیش لە ئەم. لەو چاوانە ترسا. خۆف دایگرت. نیگای شۆڕ کردەوە. چاوی بە هەنگاوەکانی کابرا کەوت. پاش چەند هەنگاوی دیکە دادەنیشت. نەیدەزانی چ بکا. فاتیحای بۆ دادا یا نا؟ بڵێی خەڵک پێی پێکەنن؟ بڵێی خۆی بتوانێ بێدەنگ بێ؟ بڵێی... بلێی... ؟

کتێبێکی فەقێیانەی بە دەستەوە بوو. لە پڕ لێکی کردەوە. سەری دەنێو کتێبەکەدا شاردەوە و وای نیشان دا کە خەریکی خوێندنەوەیە و بەم شێوەیە نەیهێشت کە هیچ کەس فرمێسکەکانی ببینێ.

لاڵە جێگایەکی بەتاڵی دیتەوە و دانیشت. بە سیلەی چاوی سەیری زار و لێوی دانیشتووانی کرد. هیچ کەس لێوی نەدەبزووت. زانی کە هیچ کەس فاتیحای لەگەڵ ناخوێنێ. بە تەنیایی بێدەنگییەکەی شکاند فاتیحایەکی لاڵانەی خوێند: وە وە وە وە... بە بە بە بە... .

فاتیحای تەواو کرد. هەستا سەر پێ. دەستی بۆ خاوەن پرسەکان بڵیند کرد و دانیشتەوە. ڕۆحەکە گوێی بۆ فاتیحاکە ڕاداشت. لێی حاڵی بوو. ئەوە تەنیا فاتیحایەک بوو کە دەیبیست.

ماوەیەک بە سەر چوو. مزگەوت ئارام بۆوە. لە نەکاو مەلایەکی کوێر وە ژوور کەوت. چاوساغێک دەستی گرتبوو. بە دەنگێکی بەرز- بەرزتر لە مامۆستایانی پێشوو-سڵاوی کرد. تەنیا چەند کەسێک وەڵامیان داوە. هیچ کەسیش لە پێشی هەڵنەستا. فەقێ دیسان لە سەر کورسیلە ویشک هەڵگەڕا. نەیدەزانی لە بەری هەستێ یا نا؟ چاوێکی بەنێو خەڵکەکەدا گێڕا. لە خۆی پرسی: ئەی بۆ لە پێش مامۆستاکانی دیکە هەستان؟ دیسان پرسیار دەرزی‌ئاژەنی کرد. دوودڵی ڕۆحی ئەنجنی، پەژارە دایگرت، دڵی پڕ بوو، گریان هەڵیپێچا، نیگای شۆڕ کردەوە، چاوی بە هەنگاوەکانی کەوت، تا چەند هەنگاوی دیکە دەگەیشتە لای، سێ هەنگاو، دوو هەنگاو، یەک هەنگاو، گەیشتە لای. یەک پێ لە پێشی هەستا. خەڵک جۆرێکیان چاو لێ کرد. لە داخان دانەنیشتەوە و یەکڕاست وە دەر کەوت...

مامۆستایان لە گۆشەیەک دانا. ڕۆحەکە چاوی پێی کەوت. ئەوە تەنیا کەسێک بوو کە دەیدیت.

سەرەخۆشی تەواوبوو. ڕۆحەکە گەڕاوە، بەڵام پێی سەیر بوو کە تەنیا دوو کەس لە پرسەکەیدا بەشدارییان کردبوو!
چیرۆک

پەراوێز edit