ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
٢. تابلۆی یەکەم
«جێگا گۆڕستانێکە و مانگە شەوێکی خۆش، زێمری و زاماوا خەریکی گۆڕ ھەڵکەندنن».
زێمری:
«دوای ئەوەی پشویەک ئەدات و ماوەیەک لەمانگ ورد ئەبێتەوە».
تریفەی مانگ، زەردەخەنەی،

لێوی وشکی پڕ لە تەوسە
پێڵوی قورسی پڕ وەنەوزە
تەماشای کەی…
ھەر بەڕەنگی زەردیا دیارە
ئەڵێی مردووی سەد ساڵەیە!
زاماوا:
سەیر نییە، ئەویش پارچەی

دەروونی ئەم وڵاتەیە…
بە دوای خەما ئاوارەیە…
چرای کزی، شەوە زەنگی،
ئەم خاکەیە.
- پشوویەک -
زێمری:
باشە تاکەی ئەم بەڵایە

مۆتەکەی ڕەشی سەر سنگ بێ؟
زاماوا:
لە مانگ پرسە!

بۆ بێ دەنگ بێ
لە بەرچی نایەتە قسە؟ …
زێمری:
ئەویش وەک ئێمە وەڕسە!
زاماوا:
ئەی قوربانیمان نەدایە…

ورد و درشت
نەمان پەرست
تا ڕزگار بین لەم بەڵایە!
زێمری:
ئارامی گشت فریشتەکان

توول ئەکێشی.. خوا ھەر وایە!
تۆڵەی درەنگ ئەکاتەوە…
زاماوا:
«بەتەوسەوە»
جارێ ھەر پیش ئەخواتەوە
«بە ڕقەوە»
بڕوام بە ئاسمان نەماوە

بڕوام بە «سمکان» نەماوە
لە کوێن؟ … لە کوێن؟ …
زێمری:
قاو بڵاوە خەڵکی ئەڵێن

کوێر بووە چاوی ئەھرەمەن
زاماوا:
درۆ ئەکەن، درۆ ئەکەن

چاو… زیندووە
نەمردوە…
ئەی نابینی ھەموو ڕۆژێ
چەند ئەکوژێ، چەند ئەنێژێ!
زێمری:
وام بیست، دوێنێ شەو لە خەوا

«زوو» فرسەتی لێ ھێناوە
لە ناکاوا…
بە دەنووک چاوی کۆڵیوە
بە چنگ جەرگی ھەڵ دڕیوە
لە پاشانا ھەڵ فڕیوە
تا لای «سمکان» نەوەستاوە
زاماوا:
تۆ بێ ئاگای «زوو» کوژراوە

من پێم وتی
بڕوام بە سمکان نەماوە
ھیچی نەکرد
ئێمە خۆمان تەفرە داوە!
- پشوویەکی کورت -
بۆ وا خاوی، دەی ھەڵکەنە

دەس بزوێنە
بەس بێ چەنە
زێمری:
تۆش نۆرەت دێ

ئەھرەمەن قورتومت بگرێ
زاماوا:
ئەمترسێنی

دەبا بیگرێ
- پشوویەک -
«لەدوای لێدانی مۆسیقایەکی ترسناک، سێ کاسە سەر لە ژێرەوە بەرز ئەبنەوە، زێمری و زاماوا ڕا ئەچڵەکن و ئەشڵەژێن»
کاسە سەری یەکەم:
بەس چەنە بەن، دەی ھەڵکەنن.
کاسە سەری دووھەم:
ئێوە دۆستن یان دوژمنن؟
کاسە سەری سێھەم:
گۆڕ ھەڵکەنی ئەھرەمەنن.
«ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە ھەڵ ئەسنە سەر پێ و نزیکی کاسە سەرەکان ئەکەونەوە»
زاماوا:
مەڕۆن، مەڕۆن، چەند پرسیارێ

ئەم پێم ئەڵێ…
سمکان تۆڵە ئەکاتەوە
لە دەروونی پیس و ناپاک
لەماری شانی ئەژدەھاک
زێمری:
من وا ئەڵێم، بەڵێ وایە

ھەر ئەو تۆڵە ئەکاتەوە
ھەر ئەو لە سەرمان لا ئەبا،
ئەم بەڵایە…
کاسە سەری یەکەم:
پرسیارتان کرد لە ڕەشەبا؟

لە مانگ، لە ئەستێرە، دەریا؟
زاماوا:
نەما پرسیاری لێ نەکەین

داڵدەی خۆمانی بۆ نەبەین!
کاسە سەری دووھەم:
ئەی لە پاشدا، لە ئەنجاما؟
کاسە سەری سێھەم:
چارەنووسی ئێوە چی بوو؟
زاماوا:
وەرام نەبوو!
زێمری:
وەرام نەبوو!
- پشوویەک -
کاسە سەری یەکەم:
خۆتان زیندوون

پرسیار لە مردوو بۆ ئەکەن!
کاسە سەری دووھەم:
پشت لە یەکتری ھەڵ مەکەن

خەرمانی یەک مەسووتێنن!
کاسە سەری سێھەم:
بە وەرامی ئەنجام ئەگەن!
«ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە بە گوێی یەکدا ئەچرپێنن، زاماوا ڕوو ئەکاتە کاسەسەری یەکەم»:
زاماوا:
شێوەت ئەکەم..

بەڵام تەواو ناتناسمەوە..
تۆ…
کاسە سەری یەکەم:
من ئەتناسم

ھەموو جارێ یادت ئەکەم!
ئێستا بیرت ئەخەمەوە..
من دراوسێیەکی خۆتانم
کوڕە گەورەکەی «ئانانم»..
مێشکم دەرخواردی مارەکەی
نەوسنی ئەژدەھاک درا
وام لێ کرا!
چەند تاوان بوو!
وام لێ کرا!
زاماوا:
ئا.. ڕاست ئەکەی

پار زستان بوو..
زێمری:
ئەمیش وەکو ھەزارەھا،

بێ تاوان بوو
- پشوویەک -
«زێمری ڕوو ئەکاتە کاسەسەری دووھەم وسێھەم ولێیان ئەچێتە پێشەوە»
ئەی ئێوە کێن؟
کاسە سەری یەکەم و دووھەم:
«بە یەک دەنگ»:
کوڕی کاوەین

حەوت برا بووین
پێکەوە زنجیر کرا بووین
شەشمان بۆ مار بووین بە خۆراک
تا چاک بێتەوە ئەژدەھاک
بەڵام بێ سوود، مار تا ئەھات
نەوسن و برسی تر ئەبوو
بۆ مێشکی تر ھارتر ئەبوو
ئێستاش ئێمە:
تەنھا یەک برامان ماوە
زاماوا:
کاوەی باوکیشتان ھەر ماوە؟ !
زێمری:
ڕاستە جارێ ئەویش ماوە!
- پشوویەک -
«زاماوا ڕوو ئەکاتە کاسە سەرەکان»
زاماوا:
خەڵکی مێشکی سەریان بردووم

ھێندە پرسیاریان لێکردووم
ئەبێ وەرام لای ئێوە بێ
بەڵام ڕوو شکێنم مەکەن
لە پرسیارەکەم ڕامەکەن
«ھەر سێ کاسەسەرەکە:
«بە یەک دەنگ»:
فەرموو بڵێ..

ئەگەر وەرام لای ئێمە نەبێ
ڕاست پێت ئەڵێین
چونکە دوژمنی خوێنەخوێی
ڕیا و درۆین..
زاماوا:
لەدوای مردن..

زیندوو بونەوەمان ھەیە؟
جارێکی تر..
ھاتنەوەمان ئیتر ھەیە؟
یان قسەیە!!
«ھەر سێ کاسەسەرەکە:
«بە یەک دەنگ»:
بە خەڵک بڵێن ژیانەوە..

ھەستانەوە..
جارێکی تر.. ڕاستە ھەیە..
بەڵام تەنھا ئەو کاتەیە..
کە ئەژدەھاک
ئەنێنە خاک!
«ھەر سێ کاسە سەرەکە ون ئەبن»
- پشوویەک و سەرسام بوونێک -
زاماوا:
نیوە شەوە.. چەندمان ھەڵ کەن؟
زێمری:
ھەر تەنھا دەن!
زاماوا:
ھێزم بڕا… ھێزم بڕا..
زێمری:
بەس چەنە بە، ھەر ھەڵکەنە!

ئەمە خواستی ئەھرەمەنە…
- پشوویەک لەگەڵ ھەڵکەندندا -
«سێ ڕێبوار دێنە ژوورەوە و، دیارە لە ڕێگایەکی دورەوە ھاتوون، بە لای گۆڕ ھەڵکەنەکاندا تێ ئەپەڕن، پێش تێپەڕ بوون، کاتێ ئەگەنە لایان»:
ڕێبواری یەکەم:
سمکان ھێز و تینتان باتێ..
ڕێبواری دووھەم:
ئینکی چاوی دڵتان باتێ
ڕێبواری سێھەم:
ئانلیل فەڕ و پیتتان باتێ.
زاماوا و زێمری:
«بە یەک دەنگ»
ماری نەوسن نەتان گاتێ!
زێمری:
لە کوێ ھاتوون بۆ کوێ ئەچن؟ !
ڕێبوارێکیان:
لە لای پیرە مەگروونەوە..

بۆ لای پیری ڕاو تەدبیری
گەورەی ئێرە کەوتووینە ڕێ
زاماوا:
«ماشۆ» ڕێگەتان پێنەگرێ!
«تێ ئەپەڕن، یەکێکیان ئەگەڕێتەوە، بە دەنگێکی نزم ڕوو ئەکاتە ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە»:
ڕێبوار:
ماری سەر شان ھەر زیندووە؟

ئەژدەھاک ئەڵێن ھیلاکە؟
ئەھرەمەن لە پێ کەوتووە؟
زێمری:
«بە گاڵتە پێکردنەوە»
درۆی گەورەیان کردووە..

ئەژدەھاک زرپ و زیندوە!
مار چوار سەری زیاد کردووە..!
«ڕێبوارەکە بە پەلە ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە دەست لە ئیش ھەڵ ئەگرن، چاو ئەبڕنە ئاسمان».
زاماوا:
تۆ بڕوانە چۆن.. ئەستێرە

چاویان بڕیوەتە ئێرە!
زێمری:
نەھێنی ئێرە ئەزانن..
زاماوا:
«نانا» ماتە..

ھەر بێ دەنگە
بەڵام ئێجگار شۆخ و شەنگە..
چاوی پڕ تیشکی ئاواتە…
زێمری:
ئەی «ئەنانی» ئەستێرە و مانگ

ئەی خواوەندی ھەموو ئاسمان
کوا مژدە و بانگ؟
وەرە خوارێ،
لەم نزیکەوە ببینە…
لەم خاکەدا خوێن ئەبارێ
خۆت ببینە کە ئەھرەمەن
چۆن لە دۆڵی کینە و ڕقا..
دڵ ئەھاڕێ، گوڵ ئەھاڕێ
وەرە خوارێ، خۆت ببینە…
زاماوا:
من پێم وتی:

ھەتا ئەناناش کەڕ بووە..
زێمری:
تۆ تێ ناگەی..

ئەویش دڵی پڕ برینە..
شین ئەگێڕێ..
بۆ ئەفسانەی ئەم زەمینە!
- پشوویەک -
زاماوا:
«بە گۆرانیەوە بە ئاوازێکی ماتەمین»
پەپوو ئەڵێ. ! ئەم وڵاتە

لە ژێر باڵما، کش و ماتە..
ئەم وڵاتە سەر تا خواری
چیاو پێ دەشت و ڕووباری
کەلاوەی وەیشومەی منە..
ھەمووی تاپۆی خەمی منە..
ئەھرەمەن دۆستی دێرینمە
- پشوویەک -
ئەژدەھاک ئاوازی منە

مێشک بۆ ماری سەرشانی
ھیوا و خۆزگە و نیازی منە
شوێنم، ماشۆی لای مردنە
ئەم وڵاتە تاپۆی منە
تاپۆی منە، تاپۆی منە

پەراوێز edit