ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
٣. تابلۆی دووھەم
«ھەر ھەمان گۆڕستانە، گۆڕھەڵکەنەکان ڕۆیشتوون، شانۆ تاریکتر ئەبێت، لەگەڵ مۆسیقایەکی ترسناکا، سێ مردوو ھەڵ ئەسن ماوەیەک بە بێ دەنگی ھات و چۆ ئەکەن، بە سێ کوچکەیی دائەنیشن یەکێکیان ڕوو ئەکاتە دووانەکەی تر»:
یەکەم:
ئەمشەو نۆرەی گێڕانەوەی

بەسەرھات و ژیانەوەی
چیرۆکی ڕابووردوی منە!
دووھەم:
سەر گروشتەی پێش مردنە!
سێھەم:
ناخۆش نییە باس کردنی،

ئەو ڕۆژانەی لەکیس چووە،
دووھەم:
بەڵام ھەتاکو خۆر..

نەکەوتووە!
سێھەم:
تا گۆڕ ھەڵکەن، نەھاتووە

ئادەی بڵێ
بڵێ.. بڵێ
«لێی ئەچنە پێشەوە و دەست ئەکا بە گێڕانەوە»
یەکەم:
پێش کوشتنم من جوتیار بووم

زەوی ڕەقم، ئەکرد بە ئاو
بازووم ئەستوور، ھەرزەکار بووم
تا ئێوارە زەردە ھەتاو..
تا تاریکیی….
جووتم ئەکرد، ھەتا ژیان
بە پیتتر کەم
تا برسێتی قات و قڕ کەم!
نەمرێ ئینسان
تاکوو «ئاشنان»
دڵ خۆشتر کەم
ئارەقی ڕەنج، توانای شان
تێکەڵ بە زەویی وشک بوو
بێ پشوودان
ھەتا زەمینم سەوز کرد…
تۆو بوو بە نان
گوێتان لێیە
دووھەم:
بڵێ.. بڵێ.. گوێمان لێیە..
«لەم کاتەدا مردوویەکی تر لەولاوە ئەڕوات، بێ ئەوەی تەماشای ئەمان بکات»
سێھەم:
ئەوە کێیە؟
مردووی ڕێبوار:
خۆمانین پێرێ شەو ھاتووم

تازە مردووم!
یەکەم:
بەخێر ھاتی.. دنیا چۆنە؟
مردووی ڕێبوار:
دنیا چۆن بێ قڕووقاتی… «ئەڕواتە دەرەوە»
- پشوویەک -
دووھەم:
ئێ دەی بڵێ گوێمان لێیە!
سێھەم:
«لەگەڵ ھەناسە یەکا»
دنیا چییە؟
یەکەم:
کچێک بوو، دراوسێمان بوو

حەزم لێ کرد…
دووھەم:
ئێ.. ئێ.. جوان بوو؟
یەکەم:
وەکوو فریشتەی ئاسمان بوو…ئانانا بوو…
سێھەم:
داوات نەکرد؟

لە دوای ئەوەی حەزت لێکرد؟
یەکەم:
تۆ… ڕاوەستە:

لە قسەما ھەڵ مەدەرێ…
لە سەر خۆبە…
«دەست ڕادەکێشێ»
ئەو بەڕووەی لەوبەر دیارە

شوێن بینینی من و یار بوو
لە ژێر سایەی لق و پۆپیا
دائەنیشتین..
زستان لە لامان بەھار بوو…
دوور… لە چاوی
کەسانی بەدوو… بەدکاربووین
ئا لەوێدا… خەممان ئەکوشت
جار بەجاریش…
سکاڵا و ڕازمان ھەڵ ئەڕشت..
لە ئەنجام دا…
گەنمم دانێ.. کچیان دامێ
دووھەم:
ئێ… ئێ…

پیرۆزیش بێ!
پیرۆزیش بێ!
یەکەم:
قسە مەکەن گوێتان لێبێ!

بەڵام ئەھرەمەن پێم شاد بوو
نەگەیشتم.. بە یارەکەم!
دووھەم:
ئای داخەکەم!
سێھەم:
ئای داخەکەم!
یەکەم:
لە پڕ شەوێ قۆڵیان بەستم

چاویان بەستم
لە زیندانێکی… تاریکا…
تونگیان کردم
لە پاش دوو ڕۆژ، بە خۆراکی
ئەژدەھاکی…
شەڕیان کردم
سەریان بڕیم
ھەرچەند ھاواری ئاشنانوو،
ئانانم.. کرد.. بێ ھودە بوو
دڵی خوای شەڕ نەرم نەبوو..
دووھەم:
ڕۆی لە دەست چوو..
سێھەم:
ئەو ژیانە… ڕۆی لە دەست چوو..
«یەکەمیان ھەڵئەسێتە سەر پێ و تۆزێ بە بێدەنگی ڕائەوەستێ و ئەڵێت»:
یەکەم:
بەڵام ئەوساش کە زیندوو بووین!

وەکوو ئێستا ھەر مردوو بووین!
دووھەم:
چۆن… چۆن.. ئادەی بیڵێرەوە.
یەکەم:
لە دەس دەرچوو…

من شاخی بەردم کون ئەکرد..
لە زەوی ڕەق..
کانی ڕوونم ھەڵ ئەقوڵان
بە پشت تاشە بەردی گەورەم
ئەگواستەوە..
بنی دار بەڕووم ئەجووڵان
چنگم ئەنایە بینی گورگ
تا ئەمخنکان…
تا بەم دەستە..
پۆشتەم ئەکردەوە.. ژیان
سێھەم:
ئینجا باشە چیت مەبەست؟ !
یەکەم:
خواکان ھیچیان دەنگیان نەکرد..

ئەژدەھاک وەک خۆی مایەوە
تاکوو ئەشھات
ماری زۆردار ئەژیایەوە!
«ھەردووکیان بە یەکەوە»
پێمان بڵێ چیت مەبەستە!
یەکەم:
نەمتوانی ئەژدەھاک بگرم

لە باتی ئەو سەرم ببڕێ
سەری ببڕم..
دووھەم:
قسەی بێ جێ و بێ ڕێ مەکە!

ئەمە ھەر کاری خواکانە…
ئەژدەھاک لای ئەھرەمەنە
کوا ئەمە ئیشی ئینسانە؟
سێھەم:
«تەماشایەکی ئەملا و ئەولا ئەکات، بە ترسێکەوە ئەڵێت»:
کات درەنگ بوو..

وەختی ھەڵھاتنی خۆرە
ھاوڕێمان شەوە زەنگ بوو..
کات درەنگ بوو…
ھاکا دنیا ڕۆشن بووەوە
دۆست و دوژمن لێک جوێ بووەوە…
چاکتر وایە… بڵاوەکەین
جارێکی تر بەیەک ئەگەین
تا لە شەوی داھاتوودا…
«ھەرسێکیان ون ئەبن، شانۆکە ڕووناک ئەکرێتەوە»

پەراوێز edit