ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
٤. تابلۆی سێھەم
«جێگا سەرەڕێگایەکی قەڵەباڵغە، خەڵک لە ھات و چۆکردندا، جاڕچیی کۆشکی ئەژدەھاک دێتە ژوورەوە و لە سەر شوێنێکی بەرز ڕائەوەستێ چەند کەسێکی لە دەور کۆ ئەبێتەوە»
جاڕچی:
مژدە و بانگە…

بانگی ئەمڕۆ بۆ ئاھەنگە
بۆ ھەڵپەڕکێ و زەماوەنگە
کۆڕ گەرم کەن بۆ گۆرانی
بەفووی شمشاڵ، بەسەمای خۆش
دەروونی کێو بھێننە جۆش
مەست بن، شەراب بخۆنەوە
بخۆنەوە بە خۆڕایی..
ڕازاوەیە خوانی شاھی
خۆ پۆشتە کەن..
ئەمڕۆ جلی جوان لە بەر کەن
گوێ گرێک:
«بە تەوسەوە ڕوو ئەکاتە کۆمەڵەکە»..
بە قسەی بکەن…

خۆتان مەست کەن…
جاڕچی:
- بەتوڕەییەوە -
لە قسەما... قسە مەکەن!

کەس نابێ گرژ، ڕوو ناخۆش بێ
گوێ گرێک:
«بە تەوس و گاڵتەوە»
قەلیش ئەبێ دەنگی خۆش بێ! …
جاڕچی:
«بە توڕەییەوە»
ھەڵ مەدەنێ، گوێ ڕاگرن!
- پشوویەک -
ھەر ئاھەنگ بێ

دەنگی زوڕنا یان دەھۆڵ بێ
بخۆنەوە بە خۆڕایی
ڕازاوەیە خوانی شایی
مژدە و بانگە
بۆ سەمایە، بۆ گۆرانی
ھەموو بڵێن…
پایەدار بێ تەختی شاھی
«کەس وەرام ناداتەوە» ئەمجارە بەتووڕەییەوە:
ھەموو بڵێن

پایەدار بێ تەختی شاھی
«کۆمەڵەکە بە کزییەوە»
پایەدار بێ تەختی شاھی
جاڕچی:
ئەوەی وتم

ئەمرە.. ئەمری پادشایی
پاشای گەورەمان ئەژدەھاک
بۆ سێھەم جار ژنی ھانی
مژدە و بانگە…
خواستی گەورەی ئەژدەھاکە
ئەمڕۆ سەری کەسی ناوێ
ئەمڕۆ قوربانی بەخشیوە
بەرگی بووردنی پۆشیوە
کۆڕی سەیران، ڕازاوەکەن
نزای درێژ بوونی تەمەن
بۆ پاشا کەن!
بخۆنەوە…
گوێ گرێک:
تا ئەتوانن
جاڕچی:
بەستە بڵێن
گوێ گرێک:
تا بزانن!
جاڕچی:
سەما بکەن، سەما بکەن

ڕوو گرژ مەکەن
ئەژدەھاک سێبەری خوایە
گوێ گرێک:
پێتان ئەڵێ بیپەرستن!!
جاڕچی:
ھەتا مردن لە سوجدەدا
گوێ گرێک:
بۆی بۆستن!
جاڕچی:
بلیتی بەھەشت لای ئەوە!
گوێ گرێک:
فریشتەکان، کەنیزەکی

کۆشکی ئەون!
گوێ گرێکی تر:
لەبەر پێی ئەودا ئەخەون!
جاڕچی:
ئەوەی وتی، ئەوەی ویستی

نا گەڕێتەوە دێتە دی
باران…
بەکۆمەڵ:
باران
جاڕچی:
ساماڵ
بە کۆمەڵ:
ساماڵ
جاڕچی:
ژیان
بە کۆمەڵ:
ژیان
گوێ گرێک:
مردن
جاڕچی:
مردن!!
- پشوویەک -
چەنە بازی بەس بێ دەنگ بن…
- پشوویەک -
مژدە و بانگە، مژدە و بانگە

ھەموو شتێ پێ ئەکەنێ
بروسکە ھەور ڕاو ئەنێ
ساماڵ پشتی ھەور ئەشکێنێ
خوڕەی ڕووبار…
خوڕە و ھاڕەی پێکەنینە
گوێ گرێک:
ئەمڕۆ ھەتا تامی ژاڵە

شیرینە وەکوو ھەنگوینە!
جاڕچی:
چونکە پاشا، پاشای گەورەی

ئەم زەمینە!
ژن ئەھێنێ…
گوێ گرێک:
ھەتا مردووش پێ ئەکەنێ

بخۆنەوە…
جاڕچی:
بخۆنەوە بە خۆڕایی

شەرابی خەست، بخۆنەوە
سەرخۆش مەست بن
گوێ گرێک:
پێتان ئەڵێ بێدەربەست بن!

بخۆنەوە!
«دێتە خوارەوە بە دەم چوونە دەرەوەوە»
با ھەر درێژ بێ تەمەنی

شا…ئەژدەھاک
پایەدار بێ، پایەدار بێ
تەختی بزورگی ئەژدەھاک
«کۆمەڵەکە بڵاوەی لێ ئەکەن، شانۆ چۆڵ ئەبێ».

پەراوێز edit