ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
٥. تابلۆی چوارھەم
«جێگا لە ھەمان شوێنی ڕابردوو ئەچێ وچەپەکترە، کاردا و میدیا و کارون ھەریەکەیان بەشێوەیەکی جیاواز جیاوازلە یەکتر پاڵکەوتوون و دانیشتوون»- کارون ھەڵئەسێتە سەر پێو بەکزییەکەوە ئەپاڕێتەوە ئەڵێت:
کارون:
ئەی «لە ھاری»بە چنگ و دەس

فریای ئاژەڵی خەڵک کەوە…
خەڵکی بێکەس
خۆت نیشان بە، دەربکەوە!
ئاھەنگی چی!
لە ناو شاخا، لە پێدەشتا
لە پارەوە ھەتا ئێستا
ئاژەڵی لەڕی سک برسی
بۆ لەوەڕی سەوز ئەگەڕێ
نەک تامی کرد
تا نەشی دی!
- پشوویەک -
مادیا:
ئاھەنگی چی!
کاردا:
ئاھەنگی چی!
کارون:
کۆڕی ناو زەماوەنگی چی

دەمی قڵیشی سەر زەوی
وەکوو دەمی…ئێمە وشکە…
گیانی تینوو…
درەخت مردوو…
لە جێگەی بەر، لق و پۆپی،
وشکەوە بوو…
تینوێتی و برسێتی ئەگرێ
ئاھەنگی چی…
مادیا:
کۆڕی ناو زەماوەنگی چی…
کارون:
ئەی لە ھاری…خێر و بێری

پڕ لە شادی
ئەمساڵ بارانمان ھەر نەدی
باران… باران
کاردا:
چاوەڕوانین ھەر نەباری!

باران… باران…
مادیا:
با داکاتە سەرمان…بە تاو

با دڵ… با گیان…
بیخواتەوە…
کارون:
با ژیان تازە کاتەوە!
«کاوە دێتە ژوورەوە، چەند ھەنگاوێک دوور لێیان ئەوەستێ، گوێ ئەگرێ»
- پشوویەک -
کارون:
باران بۆ کێڵگە و دەغڵ و دان!

بۆ لەوەڕگەی سەوزی کوێستان
باران… بۆ نان
کاردا:
چاوەڕوانین ھەر نابارێ!

بۆ نابارێ؟ …
کارون:
ئەی لە ھاری بە دەسەڵات

دەنگت نەبو، دەنگت نەھات
فریای ئاژەڵ
فریای مێگەل
فریای شوان و جوتیار کەوە
فریای سکی ھەژار کەوە!
مادیا:
«ڕوو ئەکاتە کارون»
پەنا بەرن بۆ لای «ئانلیل»

دروست کەری دنیا ئەوە
مایەی فەڕو و پیتی ژیان
تەنیا ئەوە!
چرای ڕووناکی ژین ئەوە!
باران… بارین
بەدەس ئەوە…
کاردا:
قڕە و بڕە و چەنەی ناوێ

ژیان خەوە…
ئەنجام تاریکایی شەوە
باران ببارێ و نەبارێ
مردن ڕێگەمان پێ ئەگرێ
«نیتی» بۆ خوانی ئەژدەھاک
سەرمان ئەبڕێ….
- پشوویەک -
پێتان ئەڵێم… سەرتان سووک کەن

کۆڵ بە دنیاوە ھەڵ مەگرن
ئەمڕۆ و سبەی، زوو بێ و درەنگ
ئەبێ بمرن
کارون:
نامرین ئەگەر ماری سەرشان

ماری دەم خوێناوی تاوان
بەڵای ژیان
تێر بخوا داوای دڵ نەکا…
لە خواردنەوەی خوێن بێزار بێ
- پشوویەک -
دوژمنی گەورەمان مارە

کە مار نەما… یان تێری خوارد…
ھەموو کەسێ بەختیارە!
مادیا:
دیارە.. شێتی

ئەگینا کەی ماری برسی
ماری زۆردار…
تێر لەمێشک و لە دڵ ئەخوا؟ !
- پشوویەک -
قرچەی گەرما، ڕۆژانی سارد

ھاتن و چون…
ھەزار بەھار
خڵتانی خوێنی خۆیان بوون…
بەڵام ماری نەوسن و ھار…
تێری نەخوارد!
کاردا:
قڕەی ناوێ

چەنەی خۆتان بۆ شل ئەکەن؟
تووشمان مەکەن!
خواستی فریشتەکان وایە
قڕەی ناوێ
«تەماشای کاوە ئەکات»
کاوە بەردە دەنگی نایە.
کارون:
وای تێ مەگەن،

لە دڵا زیت و وریایە!
کاردا:
ئاسنگەرە…

ئەم لە دەروونا ئەسووتێ
وەکوو ئێوە ئاسنی سارد
بە قسەی بێ جێ ناکوتێ!
کارون:
بە قسەی تۆ…

گوێی دڵی خۆیمان.. ناداتێ
مادیا:
بێ دەربەستە:

ماتە.. پەستە
کارون:
لە پارەوە ھەتا ئێستە

شەش قوربانی ڕێکی داوە
ناھەقی نییە کە پەستە!
مادیا:
ناھەقی نییە کە پەستە!
کاردا:
قڕەی ناوێ، وا باشترە

ھەر بێدەنگ بێ
ئەم ئاگرە…
بە من و ئەو دانامرکێ!
ئەو چاک ئەکا…
قسە… ناکا…
مادیا:
وتم بەردە دەنگی نایە!
کارون:
«لە دوور دەنگی دەھۆڵ و زوڕنایە، کارون گوێی بۆ شل ئەکات»…
دەنگی دەھۆڵ و زوڕنایە
کاوە:
«پاش ئەوەی لێیان دێتە پێشەوە»
دەنگی ڕسوایی ئێوەیە..

زوڕنای مەرایی ئێوەیە
کارون:
ھی ئێمەیە؟ !!
کاردا:
ئەو ڕسواییە.. کامەیە؟
مادیا:
«بەتەوسەوە»
دەنگ و باسی لای کاوەیە!
کاوە:
ئەوەی ئەیڵێم بۆ کەسێکە

بۆ یەکێکە…
مێشکی دیلی زۆردار نەبێ
دڵی لە ناو داوی شەوا
وەک مردوو گرفتار نەبێ
ئەوەی ئەیڵێم بۆ کەسێکە
کوێلەی خەم و ئازار نە بێ
پێ شێلی ڕۆژگار نە بێ!
«پشوویەک، ھەموویان لێی دێنە پێشەوە»
قسەی دڵم بۆ یەکێکە

کڵپەی ئاگری ھەردوو چاوی
تاریکی ڕووناک ناکاتەوە
ترسنۆکی بسووتێنێ
نەنگی ناوچەوانی پێشووی
بە خوێنی خۆی بشواتەوە
نرکەی گەرووی ڕاپەرینی
شێرو پڵنگ بتۆقێنێ
- پشوویەک -
قسەی مێشکم بۆ کەسێکە

بتی بێ گیان
ورد و خاش کا
سەری تەفرە بپەڕێنێ
چۆک بە ژێر دەستی دابدا
پشتی قەدەر بنەوێنێ
ئەگەر ئاسمان
ئەگەر زەوی
گەر ڕەشەبا
ئەگەر دەریا
بەربەستی بن، ئەو کۆڵ نەدا
دامێنی سکاڵا نەگرێ
ھەرگیز بەدەستی زەبوونیی
فرمێسکی تەنگانە نەسڕێ!
- پشوویەک -
کارون:
ئەم قسانە دەستی مژدەن

باوەش بەژیانما ئەکەن
کاردا:
تاریکیی بڕوام ڕائەدەن
مادیا:
دڵ و دەروونم تێی ئەگەن
- پشوویەک -
کاوە:
«لەسەر قسە کردن ئەڕوات»
قسەی گیانم بۆ کەسێکە

بەھار لە ناو دەروونیا بێ
خۆر لە دڵیا ھەڵ ھاتبێ
لە جێی گریان، ھیوای تیابێ
ئەوەی وتی: وەک بروسکە
وەک تیشکی ڕۆژ…
ھەوری ڕەشی دیلی کون کا
شەبەقی سوورو دڵ یەک خا
ھەر ھەنگاوێ ھەڵی دێنێ،
بۆ دنیایەک تازە تر بێ
بۆ ئامانجێک،
لەوەی پێشوی زۆر گەشتر بێ
ھەر ھەڵمەتێ بۆ سەر مردن!
لە ھەڵمەتی ڕابردووی تر،
گەرم تر بێ،
ئەوەی مەبەستمە، گوێ بگرێ
ئەو کەسەیە…
ئەچێ بە گژی مردنا…
ئەم لە پێشا یەخەی ئەگرێ
- پشوویەک -
ڕێگای ئازار ئەگرێ و ئەبڕێ

ئەو کەسەیە، خڵتەی درۆی
ئەفسانەکان ڕائەماڵێ
بیری تاریکی دەسخەڕۆی
فریشتەکان.. ڕائەماڵێ
کارون:
ئەمە مەڵێ!!
مادیا:
پەلە… مەکە!
کاردا:
تەواوی کە!
کارون:
مەبەست زیاتر، ڕۆشنترکە!
کاوە:
ھەر زوو وتم

قسەی دڵم، بۆ کەسێکە
بیر… ڕوناک بێ
نەک بیر دیلی
ئەژدەھاک بێ
نانا، ئانلیل، لە ھار، سمکان
فریشتەکان…
نیشانم بەن.. ڕێگەو شوێنیان
دڵیان، چاویان، گیانیان، دەستیان
نیشانم بەن!
ئەژدەھاکیش.. ھاوار ئەکا
ئەڵێ سمکان
ئەڵێ لەھار
ئەڵێ ئاشنان
ئەڵێ.. ئۆتۆ
چاک بزانن، قەت یەک نابێ
قەت یەک ناگرێ..
خوای من و تۆ و
ھینی زۆردار.
فریشتەیەک کە ئەژدەھاک
بیپەرستێ…
ئەینێمە خاک!!
کارون:
تۆ وا بڵێ
کاردا:
تۆ بێ دەنگ بە، با ئەو بڵێ
مادیا:
با ئەو بڵێ
کاوە:
داوا ئەکەن، باران داکات

داوائەکەن، ئاوەدانیی
ژیان خۆش کات
زۆر دەمێکە، ئەم داوایە
بەری خۆزگەی بەرەڵایە
نەتان پرسی، کوانێ ئەنجام؟
چی بۆ کردن فریشتەکان؟
چی کرد ئانلیل چی کرد سمکان؟
تەنھا باران…
تینویەتی ئێمە ناشکێنێ
بەتەنیا نان…
برسێتی ئێمە ناشکێنێ
کارون:
گوایە… چیە؟ !
کاردا:
چیتر.. نییە!
مادیا:
ئاو تینوێتیمان ئەشکێنێ

نان برسێتیمان ئەشکێنێ
چیتر ھەیە..!
«کاردوخ دێتە ژوورەوە»
«کاوە لە سەر قسەکردن ئەڕوات»

دەمتان قفڵی لێ دراوە
دەمێ کە ژەنگ ڕزانوێتی!
مێشکتان زنجیر کراوە…
مێشکی دوژمن خەسانوێتی
دڵتان ھەستی تیا نەماوە
وشەی قسەتان سواوە
لە کاری ڕۆشتن کەوتووە
دەروونتان کرم تێی داوە
پیاوەتیتان تیا مردوە!
بە دەستی یەک، خۆشەویستیی…و
برایەتیتان ناشتووە!
- پشوویەک -
خۆ سەردەمێ باران ھەبوو

نانی زۆری ھەرزان ھەبوو
بەڵام ئەوەی کە من ئەیڵێم…
ئەوساش نەبوو!
کاردوخ:
بەرداش نەبوو؟ !!
کارون:
«ڕوو ئەکاتە کاردوخ»
تۆ بێ دەنگ بە، ئێستە ھاتی…
کاردا:
پێمان بڵێ چی تر نەبوو!
مادیا:
تەواوی کە، … چی تر نەبوو!
کاوە:
ئەوەتەی ھەین…

ھەر ژێر دەست بووین
ئەوەی ئەیڵێم سەربەستی یە
ڕێگای ڕۆیشتنی ڕاستی یە
خۆری بەتینی بڕوایە
بەھاری سەوزی ھیوایە…
سەرفرازی دڵ و چاوە…
خەرمانی ڕۆژی شادی یە
گەردن بەرزیی، ئازادیە
- پشوویەک -
ژیان تەنیا سەربەستی یە
کارون:
وەک تۆ ئەڵێی

بڕوا بەفریشتە نەکەین
بایەخ بە ھیچ خوایەک نەدەین
ئەی ئەو بەھەشتەی، تۆ ئەیڵێی
چۆن پێی بگەین؟ !
کاردوخ:
پشتمان کێیە؟
مادیا:
چیمان پێیە؟
کاردا:
قۆناخ کوێیە؟
کاوە:
ھەموو ڕۆژێ من ئاسنی،

ڕەق و پتەو ئەشکێنمەوە
ئەیکەم بە ئاو ئەیتوێنمەوە
«ڕوو ئەکاتە کارداو مادیا»
ئێوەش جەرگی عەرد ھەڵ ئەدڕن

تاشە بەردی ئەم کێوانە
بەشانی ڕەنج ئەگوێزنەوە
ھەڵی ئەگرن.
«ڕوئەکاتە کارون»
تۆش شەڕ لەگەڵ گورگا ئەکەی

بەشوێن مردنا ڕائەکەی
«ڕوو ئەکاتە کاردوخ»
تۆش بەرداشی ئاش ئەگێڕی

ئارەق تێکەڵ بە جۆ ئەکەی
بە ماندوێتی ژین ئەوێری
- پشوویەک -
ئیتر ئێمە چۆن ناتوانین

تەختی زۆردار سەر نگون کەین:
ئێمە وا بین
چۆن ناتوانین
دیلی و ژێر دەستیی زەبوون کەین
- پشوویەک -
«ڕوو ئەکاتە کاردوخ»:

تۆ پێم ئەڵێی… پشتمان کێیە؟ !
فریشتەکان؟ خوا زۆرەکان!
نە و…خۆمانین
خۆمان پشتین
خۆمان خاوەن بازو و مشتین
ھەر خۆشمانین…
چارەنووسین!
ئەم بازووانە… بازووی ھێزە
کەللە پژێنی.. دوژمنە
بەزێنەری، ..
دێوو درنجی مردنە!
ئەم بازوانە..
ھاوڕێی کۆنی سەرکەوتنە!
«ڕوو ئەکاتە مادیا»
تۆش پێم ئەڵێی…چیمان پێیە…

ئەوەی لەلای من و تۆیە!
لای ئەژدەھاک دەس ناکەوێ
چیمان پێیە؟ …
بڕوای گیان و بیرمان…پێیە
خۆرمان.. پێیە…
ھێزی شاخ و کێومان پێیە
ھەقمان.. پێیە
«ڕوو ئەکاتە کاردا»
تۆش پێم ئەڵێی قۆناغ کوێیە؟

قۆناغ قەڵای ئەژدەھاکە
ھاڕینی سەری ناپاکە
«بەسەر سوڕمانەوە ھەمویان بەیەک جار»
مەبەست سەری ئەژدەھاکە؟ !
- پشوویەک -
کاوە:
بەڵێ ئەژدەھاکە

سەری… زۆردار
سەری بەڵا، سەری خوێنخوار!
تا ئەو سەرە لە ناوا بێ
پرسەی ژیان تەواو نابێ
قەت نای بینن
سەر فرازیی وەرزی بەھار
«ھەموویان پێکەوە:»
ئەی سەری مار؟ !
کاوە:
ئەفسانەیە وەکوو لە ھار

وەکوو ئۆتۆ وەکوو سمکان
بیانووی…زۆردار،
بۆ چاو بەستە، ماری سەر شان!
کامتان شانی ئەژدەھاکتان
بینیوە ھەتا بزانن!
ڕاستە ماری چوار سەری شان؟
- پشوویەک -
ئەژدەھاک…مار

مار…خۆیەتی
سەری بەڵا
سەری ئازار ھەر خۆیەتی…
ژەھری مردن ھەر خۆیەتی
کفنی مردن ھەر خۆیەتی
ھەتا ئەھرەمەن خۆیەتی!
- پشوویەک -
کارون:
بەڵام ڕێی سەرکەوتن سەختە!
مادیا:
قسەی کاوە نەخشی بەردە!

قسەی دەروونێکی ڕاستە.
کاردا:
ئەوەی ئێمە ئەی دۆڕێنین

تەنھا ھەر کۆت و پێوەندە
کاردوخ:
با تۆوی ئەم گفت و پەندە

لەناخی دڵابچێنین
کارون:
منیش ھاتوم…

لەگەڵتانا ڕێگە گرتووم
«گوردۆ بە ھەنسکە بڕکێ دێتە ژوورەوە»: -
بابە…ھاتوم…پێتان بڵێم

خوێنمژەکانی ئەژدەھاک
پاشای زۆردار…
ورووژاون…
ھەر چاوێکیان کردووە بە چوار!
ڕق ھەستان!
ئەپشکنن…بۆ ئەوانە،
چاو ھەڵ ئەخەن
نەچوون بۆ کۆڕی زەماوەنگ
دوورن لە ھەڵپەڕکێ و ئاھەنگ
کاوە:
«ڕوو ئەکاتە کاردا و مادیا و کاردۆخ و کارون»
ئێوە بڕۆن خۆتان دەرکەن

بەڵام بەڵێنی سبەینێ
لە یاد نەکەن..
«کاوە و گوردۆ، دێنە پێش شانۆوە»
گوردۆ:
بابە زوو کە تا نەھاتوون

تا گورگەکان…پەیدا نەبوون.
بابە…زووکە
کاوە:
«بە توڕەیی و توندو تیژییەوە»
بەڵێن بێ بتی ئەفسانەی

دیلی و ڕسوایی بشکێنم
تەخت و تاراجی ژێر دەستیی
لەبنەوە ھەڵ تەکێنم
قەڵاو زیندانی ئەژدەھاک
بڕوخێنم…
بەڵێن بێ کۆشکی تاوانی..
لەگەڵ خۆیدا بسووتێنم!
سەری ئەم تاریکە شەوە
بنەوێنم…
خۆری سەربەستی و ئازادیی
بە دەستی خەبات ھەڵ بێنم!
گوردۆ:
بابە…زووکە!
کاوە:
ڕزگاریی بە خوێن گوڵ ڕەنگ کەم

سەر شۆڕی تا سەر بە پەنگ کەم
لە زەنگ بدەم
من زراوی مردن بەرم
من ڕاوی نێم
ئەم وڵاتە پڕ لە دەنگ کەم…
بە دەستی خۆم کفنی مردن!
لەبەر خۆم کەم.
ھەتا ئاڵای سەرفرازیی
ئەم میللەتە، …
لەسەر لووتکەی بەرز ھەڵ ئەکەم
«لەگەڵ چوونە دەرەوەدا»
لەسەر لووتکەی بەرز ھەڵ ئەکەم

پەراوێز edit