ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
٦. تابلۆی پێنجەم
«جێگا ژووری ڕازاوەی شاھانەی ئەژدەھاکە، لەسەر تەختەکەی دانیشتووە، گەلێ جۆر میوە و بابەتی خواردەمەنی جیاوازی لەبەردەما دانراوە»
ئەژدەھاک:
بەتەنیا لەبەر خۆیەوە…
ئەم دنیایە، وەک کەنیزەک

لەبەر پێما… ڕاکشاوە!
ئەم زەمینە… پان و پۆڕەی!!
لەبەردەمما ڕاخراوە!
ئەم ھەموو مەردوومە زۆرەی،
وەک مێروولە،
لەبەر چاوم دێن و ئەچن
ھەتا ئەمرن…
دەست لەسەرسنگی کڕنووشی
بۆم ئەوەستن!
ئەڵێم ئەم ژیانە ھەمووی…
وائەزانم…
ھەر بۆ خۆم دروست کراوە!
بۆ من… تەنیا بۆ من دانراوە
- پشوویەک -
ئەڵێین بەھەشتی ئەستێرە

قەشەنگترە لە ھی ئێرە
بڕوا ناکەم!
ئەڵێن چیت ویست لەوێ ھەیە!
چیت داوا کرد!
لە بەر دەمتا ئامادەیە!
وەکوو ئەڵێن:
ئەوە بەھەشتی ئەوێیە!
ئەگەر واش بێ ئینجا چییە!
سەیر نییە!
لێرەش ھەیە، لای من ھەیە
ئەڵێی خواردن لە بەر کردن!
ئەوە ھەزار جۆرە چەشن…
ئەڵێی ئافرەت، بۆ ڕابواردن
ھەڵبژێرە!
نەشمیلە بێت، یان کەڵەگەت
جرپن بێ، یان ھێمن بێ دەنگ
سوور و سپی، یان گەنم ڕەنگ
ھەڵ بژێرە!
بڕوا ناکەم بە ھەشتی…
دووری ئەستێرە
بگاتە بە ھەشتی ئێرە!!
بڕوا ناکەم!
- پشوویەک -
شەراب، سەما، کانی ئاڵتوون

ھەر لێرە ھەن، ھەر لێرەش بوون
- پشوویەک -
«لە دوای قەیرێ بیرکردنەوە و دەست بە دەستا دان»
بەڵام… بەڵام… ئەم مردنە

تێکی داوە…
ئەم مردنە ئێسک قورسە
تارمایی ھەر لە بەر چاوە…
بە تەنیا ئەو… لەبەر دەمما
ڕەپ وەستاوە…
ھەر تەنیا ئەو: داوای بووردن
لە من ناکا…
ھەر تەنیا ئەو، کڕنووش نابا…
- پشوویەک -
«زۆرتر بیر ئەکاتەوە و زیاتر ئەشڵەژێت»
مردن… مردن… واتە چاوم

ئەنووقێ و ئیتر نابینێ…
ڕووناکی ئیتر… نابینێ
کەس نابینێ، ڕەنگ نابینێ
ژنی شۆخ و شەنگ نابینێ
ھیچ نابینێ!
ھەموو شتێ تاریک ئەبێ
تاریک وەک شەوە زەنگ ئەبێ!
ھیچ نابینێ، ھیچ نابینێ
- پشوویەک -
دڵم لە لێدان ئەکەوێ…

گوێم کپ ئەبێ… ھیچ نابیسم
نە قسەی خۆش، نە سۆز و ساز..
نە گۆرانیی کچی دەنگ خۆش
نە دەنگ و باس!
نە خوڕەی ئاو، نە خوێندنی
باڵندەی چیا و دارستان..
نە پێکەنینی.. شۆخی جوان
ھیچ نابیسم… ھیچ نابیسم…
کاتێ… مردم..
ئەڵێم ئەگەر ھات و مردم!!
ڕووتەیەک.. یان
ھەژارێکی.. پیس و چڵکن
ھەڵم ئەگرێ
وەک پەڕۆیەک…
فڕێم… ئەدەن..
ئینجا… ئینجا..
خۆڵ بەسەر لاشەما ئەکەن!
پاش چەند ڕۆژێ…
مار لە گەردنم ئەئاڵێ
ورد… ورد ئەمخۆن!
- پشوویەک -
ستەمە… چۆن… ئەم ئەنجامە؟

ھەزار ساڵیش تەمەنم بێ…
ھێشتا کەمە…
ئەم ئەنجامە؟ … زۆر ستەمە..
زۆر ستەمە!!
- پشوویەک -
«لەگەڵ قاقای پێکەنیندا»
بەڵام بۆچی ئەبێ بمرم

بە ھێز.. بە زۆر،
مردن ئەگرم!
لە زیندانا تونگی ئەکەم
من چۆن ئەمرم!
نەخۆش… ئەمرێ
ھەژار… ئەمرێ
لاواز و دەردەدار ئەمرێ
برسیی ئەمرێ
بێ دەرەتان، بێکەس ئەمرێ
من چۆن ئەمرم
- پشوویەک -
«مۆسیقایەکی ترسێنەر لێ ئەدرێ و تارمایی مردن دێتە ژوورەوە، لەپاش ئەوەی ئەژدەھاک چاوی پێی ئەکەوێ ئەشڵەژێ و لە بەر خۆیەوە»:
ڕاستی نییە… خەو ئەبینم

با ڕۆژیش بێ…
لە تارمایی شەو ئەبینم…
با ڕاستیش بێ…
ئەژدەھاک لە چی ترساوە!
کێ لە بەریا نە لەرزاوە!
ئەم جانەوەرە «نیتی» یە
پاسەوانی مەینەتیە…
با ئەویش بێ!
ئەژدەھاک لە کێ ترساوە!
«دەنگ ھەڵئەبڕێ.. دەست بۆ تارماییەکە درێژ ئەکات»
کێیە؟ کێیە؟

بۆ ئەژدەھاک کڕنووش نابا
وا بێ دەربەست ڕاوەستاوە؟ !
کێیە؟ کێیە؟
تارمایی مردن:
دۆستم… دۆستم

ھانێ… دەستم
«دەست بۆ ئەژدەھاک درێژ ئەکات»
ئەژدەھاک:
دەست بۆ یەکێ درێژ ناکەم

تا نەی ناسم
تا تێی نەگەم!
تارمایی مردن:
چاک ئەمناسی

من نەناسی!
کێ ئەناسی؟
ئەژدەھاک:
تۆم نەدیوە!
تارمایی مردن:
لە ژیانا، لە دنیادا

کێ بەتەنیا
کڕنووش بۆ ئەژدەھاک نابا
لە بەردەمیا نە لەرزیوە
من ئەو کەسەم!
من ئەنجام و چارە نووسم!
ھەر ئەم بینی…
ئەژدەھاک:
وتت دۆستم!
تارمایی مردن:
دۆستیشم و خۆشەویستم!
ئەژدەھاک:
«ئانلیل» لە خەوا پێی وتووم

ئەوەی بۆ تۆ کڕنووش نابا…
تێی گەیشتووم!
ھەر مردنە…
تۆ مردنی؟ !
بەڵام… بزانە… ئەژدەھاک
ناترسێنی…
تارمایی مردن:
من میوانی دۆستی خۆمم

دڵگیر نابم!
ھەر سەرێ تۆ سەری ئەبڕی
بە دیاری بۆمی ئەنێری
ھەر ئاواتێ تۆ ئەی کوژی
ھەر بەھارێ تۆ ئەی نێژی
ھەر خوێنێ تازە بیڕێژی
خواستی منە
ڕاگرتنی دڵی منە!
ئەژدەھاک:
تێ گەیشتم بۆچی دۆستی

لە کڕنوشا بۆم ناوەستی!
بەڵام ناتوانی زمانی…
من ببەستی!
لە گوێ بخەی!
تۆ مردنی! ناوت ھەیە!
بەڵام دەنگ و ڕەنگت نییە!
وەک من ژیانت تیا نییە!
تارمایی مردن:
لەگەڵ تۆدا…

شەڕ کردن لای من نەنگییە!!
من میوانی دۆستی خۆمم
ئەژدەھاک:
وتت ئەنجام چارە نووسم

بۆ منیشە…
گەر… دۆستتم؟ !
تارمایی مردن:
ئادەمیزاد لە دایک ئەبێ

وردە… وردە بۆ گەورە بوون
ھەنگاو ئەنێ!
دێتە کۆڕی ژیانەوە…
ئەرک ئەکێشێ!
ئارەق و ڕەنج و تەقەلای
زۆر ئەڕێژێ…
چاو ئەبڕێتە… بەرزی ھیوا
دەست… ئەکوتێ
قاچ… ئەکوتێ
شان… ئەکوتێ
دێت و ئەچێ
بە بێ سرەوتن، ئەڕەتێ!
بۆ نان، بۆ مناڵ، بۆ ژیان..
ئەکەوێتە گەرمەو کێشە…
بۆ تەمەنێ…
کەمی خۆشە، زۆری ئێشە!
لە ئەنجاما… دێ بۆ لای من…
منی مردن!
ئەژدەھاک:
چارەنووسی منیش وایە!

یاخود جیایە…؟
تارمایی مردن:
من پێم وتی…

تۆ تارمایی گیانی منی…
دۆستی گەورەی….
ئەھرەمەنی
خۆت مردنی
بەڵام ئەمری!
ئەژدەھاک:
«بە شپرزەییەوە»
نابێ بمرم… ئەژدەھاکم

نابێ بمرم… نابێ بمرم!
وەک ئەم خەڵکە، تێی گەیشتووە
زەننەقیان بۆ لە من چوە؟
چیم کردوە!
تارمایی مردن:
ئەوەی ئەیکەم… سووک کردنی

باری ئازاری سەر شانە!
لە بێخەوە ھەڵکەندنی…
داری کرمۆڵی ژیانە!
ڕزگار کردنی ئینسانە…
ئەوەی ئەیکەم…
لە سەر.. داوای…
سکاڵای دەمی خۆیانە!!
ئەژدەھاک:
«بە مەراییەوە»
ھەر چۆنێک بێ، ئێمە دۆستین

پشت بە یەکتری ئەبەستین
چاکتر وایە ڕێک بکەوین!
با ناحەز پێمان خۆش نەبێ!
لێک نەکەوین…
تۆ بۆ من و من بۆ تۆ بم
چیت ویست ئەیکەم…
بەڵام نەمرم!
تارمایی مردن:
بەڵێن نادەم

خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم!
ئەژدەھاک:
ھەر چیم ھەیە بۆ تۆو نەمرم!
تارمایی مردن:
خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم!
ئەژدەھاک:
ئەوە قەڵام، ئەوە کۆشکم

تەنھا نەمرم!
تارمایی مردن:
خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم!
ئەژدەھاک:
«تاجەکەی لە سەری دائەگرێ»
ئەوە تاجم، ئەوە تەختم

ئەوە خەزنەی زێڕ و بەختم
ھەموی بۆ تۆو… تەنھا نەمرم
تارمایی مردن:
تۆش ھەر ئەمریت!
ئەژدەھاک:
ئەوە ژنی تازە و جوانم

بەخشی بە تۆ و تەنھا نەمرم
تارمایی مردن:
تۆش ھەر ئەمریت!
«ئەژدەھاک دەست ئەکات بە ھاوار کردن و تارمایی مردن ون ئەبێت».

پەراوێز edit