ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
٧. تابلۆی شەشەم
«جێگا ژوورێکی ماڵی کاوەیە، کاوە لەچاوەڕوانیکردندایە، بە ژوورەکەدا ھات و چۆ ئەکات»
گوردۆ دێتە ژوورەوە:
گوردۆ:
زۆر ڕاوەستام کەسیان دیارنین

کەسیان نەھات…
کاوە:
ئاخۆ بزانە گیری چین

کوڕم… ھەردێن
نای شکێنن… گفت و بەڵێن
پاسەوانی بەر دەرگابە
بە ئاگابە…
ئەبێ ھەر بێن
«گوردۆ ئەچێتە دەرەوە»
کاوە:
کاسە پڕ بوو لێی ئەڕژێ

کاسەی ڕق و داخمان پڕە
بائەم ڕقە، بائەم ئاگرە
لە داگیرکەر ھەڵبپرژێ
بە گژ زۆردارانا بچێ
دەستی خوێناویان بگرێ
لەشیان بگرێ
کۆشکی پڕ تاوانیان بگرێ
- پشوویەک -
زۆر دەمێکە ئێسکی ڕەنجمان

مێشکی ڕۆڵە و جوان و گەنجمان
خۆراکی خوانی دوژمنە
زۆر دەمێکە ئەم وڵاتە
وەک گۆڕستان…
دایکی نەگبەتی و مردنە…
زۆر دەمێکە ئەم وڵاتە
چیا و کەژی
وەک خەڵکەکەی، پەست و ماتە
زۆر دەمێکە چاوەڕوانی
بەھارێکی فەڕو و ھاتە
- پشوویەک -
پاڕانەوەی ڕوو لە ئاسمان

پاڕانەوەی دەستە و ئەژنۆ
سکاڵا بۆ فریشتەکان
تەفرەی ژیانی دەسخەڕۆ
فرمێسکی چاو، ھەناسەی سارد
ھەموو بەشێ بوون لەدرۆ
بێسوود، بێداد
ھەر ماینەوە ژێر دەستە بووین
نەک جار و دوو…
ھەزار جار ماران گەستە بووین
- پشوویەک -
بۆ گەیشتن...

بەئازادی، بەسەرکەوتن!
ئەبێ باجی خوێنی دڵ بەین
دەست بکەینە ملی مردن!
دنیای خەم و نائومێدی
پڕ لە ھیوای چەپکە گوڵ کەین!
ئاڵای سپی خۆشەویستی
لە ناو گیانا، بۆ یەک ھەڵکەین
بۆ سەر کۆشکی ئەژدەھاکیش…
ڕەشەبا بین
گەردەلوول بین، ھەموو ھەڵ کەین
- پشوویەک -
«گوردۆ دێتە ژوورەوە»...
گوردۆ:
بابە… ئەوا یەکە یەکە

دیارن… ھاتن
کاوە:
بەخێر ھاتن.
«ڕوو ئەکاتە گوردۆ»
ئادەی ئەو لبادەش داخە…
«لبادێک دائەخات»
گوردۆ:
چاوەڕوانی… فەرمایشتم!

لەگەڵتانا من دانیشم
یاخود بڕۆم؟
کاوە:
چاوی بەدی پەناو پاسار

نەھێن گرن…
بۆ ئەژدەھاک
ئێشکی پارێزی پێوەدان
لە ناکاوا لە پیاو… ئەگرن!
واچاکترە!
بەر دەرگای پاراستن بگرە
پاسەوانی سەربەستی بە!
گوردۆ:
سەر لە پێناوا، ئامادەم

چیت وت بیکەم
«بەرەو دەرەوە ئەڕوات کاوە بانگی ئەکاتەوە»
کاوە:
بیرم نەبوو…

دایکت کوانێ لە ماڵ نییە؟
گوردۆ:
بەیانی زوو..

ھێشتا ھەتاو نەکەوتبوو
ئاگام لێ بوو
ئامادە بوو، بچێ بۆ سەر
گڵکۆ و گۆڕی براکانم
«گوردۆ ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«کاردا و مادیا و کاردوخ یەک لە دوای یەک یەنە ژوورەوە»
- سڵاو

- سڵاو
- سڵاو
کاوە:
بەخێرھاتن سەر ھەردوو چاو…

دڵتان ڕوو کرد..
گیانتان خۆش کرد…
ماڵی منتان
ئاوەدان کرد!
«دائەنیشن»
- پشوویەک -
کاوە:
سەگەکانی کۆشکی زۆردار

وەک شێت و ھار…
دوێنێ کەوتوونەتە بازاڕ
دەست نە پارێز…
دروێنەی لەشیان کردووە!
بە ڕم کاسەی سەری زۆریان،
ھەڵ گرتووە!
مادیا:
چ ھەواڵێکتان بیستووە؟
کاردۆخ:
ھەر پاشایەک، وەک ئەژدەھاک

وڵات وڵاتی خۆی نەبێ
تاجی دزراو بکاتە سەر
کاردا:
تەخت… فڕێنەر

ئەبێ وابێ
کاوە:
لەوەش زیاتر،

بۆیە کینەو ڕقی زۆرە،
شمڵی شوومی ھەرا و شەڕە!
خوێناو خۆرە،
چونکە زڕە
وەجاخ کوێرە!
مادیا:
کاوە پێکای، سەرنج وردە
کاردۆخ:
فەرمایشتەکەی پەسەندە
کاردا:
داری زڕ و بێبەر ناژی

ئەبێ بمرێ
بە لادابێ
زوو بێ و درەنگ
«گوردۆ دێتە ژوورەوە»
گوردۆ:
بابە.. دایکم گەڕایەوە…

لە سەر قەبران
لە دوای گریان
لە پاش شیوەن و لە خۆدان
مادیا:
بە تەنیا دایکی تۆ نییە

سک سووتاو بێ
کوڕ کوژراو بێ
جەرگی لە سەر، پشکۆی خەفەت
ھەڵ قرچاو بێ
بە تەنیا دایکی تۆ نییە
کاوە:
«ڕوو ئەکاتە گوردۆ»
کوڕم بڕۆ پاسەوانی

بەر دەرگابە
بە ئاگا بە
گوردۆ:
بەڵێ… بابە
«ئەچێتە دەرەوە»
«سارا، دایکی گوردۆ، دێتە ژورەوە، میوانەکان لە بەری ھەڵئەستن»
سارا:
ھەموو لایەک بەخێرھاتن

سەر ڕۆح، سەر دڵ، سەر چاو ھاتن
ھەموو لایەک بە خێرھاتن
مادیا:
گوردۆت نەمرێ

سەر فراز بی
ئیتر ناسۆر یێخەت نەگرێ
شیوەن بەس بێ!
ئاسمان سەبووریت باتەوە!
کاردا:
چاکان… ئەجرت بداتەوە

نەترس، تۆڵەت بکاتەوە
کاردۆخ:
ھەموو ئەمرین

ئەم ڕێگایە ئەبێ ببڕین
ئاسمان، سەبووریت باتەوە!
سارا:
فەرموون… فەرموون

دابنیشن
«دا ئەنیشنەوە»
«لە سەر قسە کردن ئەڕوات»
کوڕتان نەمرێ

لە ماری سەر شان بە دوور بن!
فریشتەکان…
دەست بە باڵتانەوە بگرێ
ھی ھەمووان!
کاوە:
برسیمانە، نیوەڕۆیە

ھیچمان ھەیە…
سارا:
ئەوەی ھەیە، نانو دۆیە!
کاوە:
بۆمان بێنە!
«دایکی گوردۆ ڕووئەکاتە میوانەکان»
بەخێرھاتن، سەر چاو ھاتن
«ئەچێتە دەرەوە»
کاوە:
«بە تەوسەوە، مەبەستی لە قسەکانی سارایە»
فریشتەکان… ڕزگارمان کەن

ڕزگار نابین
ئەفسانەکان، ڕابەرمان بن
خراپتر بین
چاکتر نابین
- پشوویەک -
مادیا:
دووانمان ماون، ئامادە بن

بۆ نەھاتن
کاردۆخ:
نایەن وتیان:

گەشتێ بۆ ناو چیا ئەکەن
گەر سەریش بەن
ئەبن بە سییان
کاوە:
مانای چی سییان؟
کاردا:
گاڵتەیە… یان…
کاردۆخ:
گاڵتە نییە، پێتان ئەڵێم

چۆن بوون بە سییان!
کاوە:
ئەوە… دووانیان

گۆڕ ھەڵکەنی ئەژدەھاکن!
دڵ نیاین لێیان کە پاکن
بەڵام سێھەم!
ئەبێ کێ بێ من نایناسم؟
کاردۆخ:
من ئەیناسم!

پاسەوانی کۆشک و قەڵای
پڕ لە بەڵای
ئەژدەھاکە!
کاوە:
ئەژدەھاکە؟ !
مادیا:
ئەژدەھاکە؟ !
کاردا:
پاسەوانی

کۆشکی زۆردار و ناپاکە؟ !
کاردوخ:
پەلە مەکەن، پەلە مەکەن

لە سەر خۆ بن
لە خۆتانەوە ھەڵ مەچن
بەڵێ… بەڵێ
قەڵا و کۆشکی
ئەژدەھاکە!
بەڵام… مەردە
دروست… ڕاستە
کوڕی چاکە
کاوە:
کوڕی چاکە؟ ئامادەیە.

بێت بۆ مردن
کاردوخ:
چاوەڕوانی ئەو ھەلەیە!
کاوە:
مادام وایە…

ئەو ئەگەر بێت
سەر چاومان بێت
ماڵ بە ھاتنی ئاوایە!
مادیا:
ئەمە وایە!
کاردا:
خۆشەویستی ھەمووانی

پێ ڕەوایە!
مادام وایە…
- پشوویەک -
«سارا دێتە ژوورەوە، کاسە دۆیەکی گەورەی بە دەستەوەیە لەگەڵ دەستەوارەیەک ناندا، کاوە لێی وەرئەگرێو لەبەر دەمی میوانەکاندا دای ئەنێت»
سارا:
ئێوە میوانی ناوەخت بوون

گلەیی لە سەر خۆتانە،
کە بێ بەخت بوون
کاوە:
فەرموون… فەرموون
«دەست ئەکەن بە خواردن، پشوویەک ئەخایەنێت»
«گوردۆ بە پەلە دێتە ژوورەوە ڕوو ئەکاتە ھەمووان»
گوردۆ:
ڕێبوارێکی ناسیاوم دی

بەرەو گردی سەروو ئەچوو،
شپرزە بوو، شڵەژا بوو،
کە لێم پرسی
چرپانی بە گوێما وتی:
لە بەندەکانی ناو زیندان
بەیانی زوو…
شەش حەوتێکیان، ھەڵواسیوە…
یەکێکیان کوڕی ئەو بووە!
لەگەڵ قسەدا فرمێسکی،
بۆم ھەڵ ئەڕشت
بەدەم گریانەوە و ڕۆیشت
کاوە:
کوڕو ئەم شەوە ھەر ئەبێ

بەسەر بچێ…
درەنگ بێ و زوو…
تۆ ئێشکی بەر دەرگا بگرە!
پاسەوان بە…
بە ئاگابە…
گوردۆ:
بەڵێ… بابە

نەک پاسەوان
بڵێ… بمرە
«ئەیەوێ بچێتە دەرەوە کاوە بانگی ئەکاتەوە»
کاوە:
کوڕم… گوردۆ

ئەم بەردەستانەش… ھەڵگرە
«گوردۆ بەردەستەکان ھەڵ ئەگرێ و لەگەڵ خۆیدا ئەیانباتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«تابلۆی بێ دەنگ ھەموویان لە یەکتر نزیک ئەبنەوە، بە بێ دەنگی لە ناو خۆیانا دەست ئەکەن بە گفتو گۆ، لە ڕێی بزوتنەوەوە جووڵانەوەی دەست و دەم و چاویانەوە ئەوە دەر ئەکەوێ کە خەریکی دانانی پیلانی ڕاپەڕینن. ئەم ھەڵوێستی بێ دەنگییە، تابلۆیەکی تایبەتییە و نیشانەی ئیش کردنی نھێنی و وریا بوونەوەیە، ماوەیەک ئەخایێنێت»
کاوە قۆناغی بێ دەنگی ئەشکێنێ و ھەڵ ئەسێتە سەر پێ و ئەڵێت:
کاوە:
«بە دڵنیایی و بڕوایەکی بە ھێزەوە»
ئینجا، ئیتر قسەی زمان

لەگەڵ قسەی دڵا یەک کەوت
ئینجا ئیتر، دڵنیایی
خۆری بڕوای تەواو بەرکەوت
لە ئێستاوە، ڕۆژی ھەستان
بەسەر دیلێتیا سەر کەوت
لە ئێستاوە، پاشە ڕۆژی
ڕووناکیمان ھات و دەرکەوت
- پشوویەک -
خڵتەی درۆی ئەفسانەکان

تا دوێنێ مێشکی گرتبووین
نیزای ڕوو لە فریشتەکان
دەستی کردەوەی بەستبووین!
تا دوێنێ بوو لە کەژاوەی
جادووی دوژمنا نووستبوین!
- پشوویەک -
کاردوخ:
وا ھەستاوین

گیانمان لەسەر لەپی دەستا
سەریش تا سەر لە پێناوین!
مادیا:
بڕیارمان تێکەڵ بە خوێنە

خوێنمان ئاوێتەی بڕوایە
بڕوامان وەک خۆر ڕووناکە
بەھاری ئاواتی تیایە،
ئەنجام سەری ئەژدەھاکە
کاردا:
ئەنجام… پاکە

ئەمرین بۆ ئەوەی دەغڵ و دان!
بە پیت تر بێ
شیری ناو دنکی پڕ تر بێ
ئەمرین بۆ ئەوەی کە ژیان
بۆ نەوەی ھاتوو خۆشتر بێ
ئەمرین… بۆ ئەوەی کە مناڵ
بزەی لێوی بژی و نەمرێ
لە کۆشی گەرمی دایکێتی
ئیتر نەکرێ!
کاوە:
ئەگەر مردین بەلەش ئەمرین

بۆیە ماڵ ئاوایی ناکەین
بۆیە ناگرین…
بۆیە فرمێسکی زەبوونی
ھەرگیز ناسڕین…
ئەگەر مردین
ئەگەر لەم ڕێیەدا کوژراین…
لە پاش خۆمان…ئەمان بینن
بە گیان دەست لە ملتان ئەکەین
ئەژین لە ناو دەروونتانا
لە ناو بیلبیلەی چاوتانا
لە دەنگتانا…
لە ھەڵبەست و وتارتانا…
لە پایزو بەھارتانا
ئێمە ئەژین لەگەڵتانا!
کاردوخ:
لە زەنگ ئەدەین

دەماری سڕ ئەبزوێنین
لە سەر لووتکەی بەرز، بانگ ئەدەین
گەل لە زۆردار ئەوروژێنین!
کوورەی ژیان ئەجۆشێنین
ئەم دنیایە ئەخرۆشێنین
لە زەنگ ئەدەین
ئەبین بە با و تۆف و باران!
بە برووسکە، بە چەخماخەی
تیژی ئاسمان!
بۆ داگیرکەر، ئەبین بە ژان
ژانی مردن!
ژانی تەفر و تونا کردن!
مادیا:
پێشمان وتن، پشتمان کێیە؟

پشتمان کێوی ئاگرینە
بڕوای زیندووی ڕاپەڕینە
مەچەکی گشت ھەژارێکی،
ترسناکە!
کاردا:
پشتمان ھەموودوژمنێکی

ئەژدەھاکە!
گوردۆ:
«گوردۆ دێتە ژوورەوە»
بابە شوانی ئاژەڵەکان

بەڕێوەیە ھات بۆ لاتان!
کاوە:
ھەر خۆیەتی؟
گوردۆ:
بە تاقی تەنیا، خۆیەتی
«گوردۆ ئەچێتە دەرێ»
«کارون دێتە ژوورەوە»
کارون:
درەنگ… ھاتووم

خۆم ئەزانم کە دوا کەوتووم
بەڵام، بێ دەنگ
دەستەوەستان،
دانەنیشتووم!
کاوە:
چیت کردووە؟
مەردۆخ:
چیت بیستووە؟
کارون:
ئەو دیوی شاخ ھەموو پڕن

لە سەر تێزی ڕاپەڕینن
داخ لە دڵن
چاوەڕوانی دەرفەتێکن
چاوەڕوانی فەرمایشتی،
ڕابەرێکن!
مادیا:
ئارام بگرن!
کاردا:
ئارام بگرن!
کارون:
ئارام ناگرن!

لەمە زیاتر خۆڕاناگرن!
ئێجگار پڕن…
کاوە:
بڕیارمان دا!
کارون:
چی بوو… بڕیار؟ !
کاوە:
ھەڵمەت بۆسەر قەڵای زۆردار
مادیا:
ھاتنەدیی بڕیار نزیکە؟ !
کارون:
چ ڕۆژێکە، چ کاتێکە!
کاردا:
زۆر نزیکە!
کاروخ:
زۆر نزیکە!
کارون:
مژدەم بەنێ چ کاتێکە؟
کاوە:
لەگەڵ مردنی زستانا

کاتێ پشتی سەرما ئەشکێ
لە کوێستانا…
کاتێ گۆپکەی درەختەکان!
سەر دەرئەکەن!
کاتێ ھەردو دەشت و نزار
بەرگی مژدەی، سەوزی ژیان
لەبەر ئەکەن!
کاتێ ھوزار…
لە ئاسۆیەکی بەرینا،
لە شەقەی باڵی بەرز ئەدەن…
بۆ سەرەتای دیاری بەھار!
بەستە ئەڵێن…
کاوە:
چەندی ماوە بەری ئازار؟

چەند ڕۆژی تر…
پێ ئەنێینە وەرزی بەھار؟
کاردوخ:
ھەر تەنھا چوار

چوار ڕۆژی تر!
مادیا:
یا ئەوەتا ئەمساڵ بەھار

بەھاری سەرکەوتن ئەبێ
کاردا:
یان ئەوەتا مردن ئەبێ!
کارون:
مەبەست ژیانە یان مردن!
- پشوویەک -
کاری ڕاپەڕینتان بەش کرد!

ئەی من چیبکەم؟ !
کاوە:
چمکی ئازایی و پیاوەتی

بە لادا کە!
بچۆرەوە بۆ شاخ و کێو
خەڵک ھۆشیار کە
نووستو ھەمووی، خەبەردار کە!
کارون:
جێگای یەکگرتنەوە کوێیە؟
کاوە:
کاردۆخ پێت ئەڵێ کە کوێیە
کاردوخ:
پێش ڕۆشتنت، خۆم ئەتبینم!
کارون:
وا من ئەڕۆم لە زەنگ ئەدەم

لە سەر لووتکەکان بانگ ئەدەم
بانگی ئازادی و جەنگ ئەدەم
کاوە:
بە سەرکەوتن!
کاردوخ:
بەسەرکەوتن!
مادیا:
بە سەرکەوتن!
کاردا:
تا کاتی بە یەک گەیشتن!
«کارون ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
مادیا:
ڕۆژ درەنگ بوو ئێمەش بڕۆین
کاردا:
وا… چاکترە
کاوە:
پەلە مەکەن!

ھێشتا زوو بوو…
کاردا:
کات درەنگ بوو…
مەردوخ:
ھەستن بڕۆین… یەک لە دوای یەک
«ھەڵ ئەسن و یەک لە دوای یەک ئەچنە دەرەوە»
«کاوە ماوەیەک بە بێ دەنگ ھات و چۆ ئەکات»
لە دواییدا لە بەر خۆیەوە:
کاوە:
ڕاستە… ڕاستە

ڕێگەی ئەم ھەڵمەتە سەختە
بەڵام ئەوەی ئەیدۆڕێنین…
ھەر پێوەندە، ھەر زنجیرە!
ھەر کۆتی قاچ و گەردنە!
بە تەنیا تەوقی مردنە!
- پشوویەک -
«پشتکۆی ھاوڕێی گوردۆ بە پرتاو خۆی ئەکات بە ژوورا»
پشتکۆ:
ئاگام لێ بوو

سێ چوار سەربازی ئەژدەھاک
گوردۆیان گرت
پێوەندیان کرد
بۆ زیندانی تاریکیان برد!
کاوە:
«ئەشڵەژێ و لە پشتکۆ ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت»
کەی… کەی چۆن بوو…

گوردۆ تا ئیستە لێرە بوو
پشتکۆ:
وەکو وتم چاوم لێ بوو

لە پاش ئەوەی دەست بەستیان کرد
لە پاش ئەوەی تێریان لێدا
پێوەندیان کرد!
کاوە:
خۆ نەیان کوشت…؟ !!

خوێنت نەدی؟ !
پشتکۆ:
ئەوەی کە دیم ھەر ئەوە بوو

کە پێم وتی!
«کاوە لە تاوا ئەکەوێتە لێو کرۆشتن، تەواو شپرزە ئەبێت، پشتکۆ قەیرێک ئەوەستێ و ئەچێتە دەرەوە»
«کاوە دێتە پێشی شانۆوە».
کاوە:
ئەمە حەوت کوڕ

حەوت کارەساتی جەرگ بڕ
ئەمە حەوت کوڕ!
ئارام ئیتر
چۆن ئەتوانێ… لەمە زیاتر
خۆی ڕابگرێ
تۆڵە، دان بەخۆیدا بگرێ
لەمە زیاتر، چۆن ئەتوانێ…
- پشوویەک -
لە پاش دوا کوڕ

لە پاش گوردۆ
چیم ما ئیتر
«ڕوو ئەکاتە دانیشتوان»
ئێوە بڵێن… چیم ما ئیتر؟ !
- پشوویەک -
بۆ ساڕێژی حەوت برینم

بۆ ساڕێژی ھەزار زامی
دەم بە ھاواری دێرینم
ھێرش ئەبەم… لەگەڵ «گەل»ا
ڕائەچڵەکم…
ئەچمە گەرووی نەھەنگەوە…
تەنھا… چەکم
چەکی بڕوای نەبەزینە
تەنھا… ڕێگە… ڕاپەڕینە
ئامانج… سەری ئەژدەھاکە
بەم مستانە ئەیپژێنم
ئامانج… کۆتی دیلێتییە
دای ئەماڵم.. ئەیپچڕێنم!

پەراوێز edit