ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
٨. تابلۆی حەوتەم
«جێگا ژووری ئەژدەھاکەو لە سەر تەختەکەی دانیشتووەو دوو پاسەوان لە پشتیەوە ڕاوەستاون وجادووگەریش لە بەردەمیا نووشتاوەتەوە»
«مۆدۆن»ی جادووگەر:
گەورەم ھاتووم، سەر لە ڕێتم

قوربانی خۆڵی بەرپێتم…
فەرمایشتت لە سەر سەرم
فەرموو بڵێ و من نۆکەرم
ئەژدەھاک:
ئەوەی ئەیڵێم، ڕاست پێم بڵێ!
مۆدۆن:
بەڵێ گەورەم، فەرموو بڵێ
ئەژدەھاک:
درۆ کردن،

لەگەڵ منا، واتە مردن،
مل ھەڵکێشان، سەر پەڕاندن
تێ گەیشتی!
مۆدۆن:
تۆ بمێنی و پایەدار بی

بۆ ئێمە گەورەو و سەردار بی
ھیچمان ناوێ…
سەرمان ناوێ، ماڵمان ناوێ
تەنھا ھەر تۆ شکۆدار بی…
ئەژدەھاک:
خەوم دیوە!
مۆدۆن:
خەو ھی تۆ بێ، فریشتەکان

ئینکی… سمکان
دڵنیام چۆنیان نووسیوە
فەرموو… قوربان
«ئەژدەھاک ھەڵ ئەسێت و دەس ئەکا بە گێڕانەوە»
ئەژدەھاک:
لە خەوما بوو، نەک بە ڕاستی

لە جێگەی گوڵ، دڕکم ئەچنی
دەست و پەنجەم، خوێناوی بوو
بەری دنیا تەماوی بوو…
دارم ئەدی، ھەر بە سەوزی
وشکی ئەکرد!
قەڵام، کۆشکم، چۆڵ و ھۆڵ بوو
گڕی ئەگرت
ئەمویست ھاوار بکەم…بڵێم…
بەڵام دەنگم دەر نەئەھات
ڕەوەگورگ ئەھاتنە سەر ڕێم…
خۆر گیرابوو ھەڵ نەئەھات
لە ناکاوا شتێکی ڕەش،
جانەوەرێ، ھاتە خوارێ
دەستی دامێ… فڕانمی
توونگ گرتمی…
تا ئاسمانی سەر بردمی!
- پشوویەک -
بەڵام خەو بوو

کاتێ چاوم کردەوە، کات:
نیوە شەو بوو…
- پشوویەک -
تۆ ئەڵێی چی… بۆ ئەم خەوە؟ !

ڕاست پێم بڵێ
«جادووگەر پاش بیرکردنەوە»
مۆدۆن:
گەورەی دنیا، پاشای جیھان

سێبەری گشت فریشتەکان
خەوتان مایەی خۆش بەختییە
نیشانەی بەرزی سەرتانە
دوور لە تەنگانەو سەختییە
لێک دانەوەی بە دڵتانە…
ئەژدەھاک:
چۆن بە دڵمە؟ …
مۆدۆن:
گوڵ لە خەودا ئەبێ بە دڕک

دڕکیش بە گوڵ!
خوێن ئاشتیە!
ئاشتی ناو دڵ!
تەم: ڕووناکی و ئاوەدانی
گڕ: قوربانی
گورگ: ھێزە بۆ سەرکەوتن
یان نەمردن!!
خۆر لە خەوتا کە ھەڵ نەھات
مژدەیەکە بۆ ژیانێکی
پڕ فەڕوو ھات!!
ئەژدەھاک:
باشە… باشە

ئەی ئەو جانەوەرە ڕەشە
بۆ باس ناکەی فڕانمی
تونگ گرتمی…
ھەڵی گرتم، تا ئاسمانی،
سەر بردمی؟ !!
جادووگەری چاو پڕ لە فێڵ…
ڕاست پێم بڵێ…
ڕاست پێم بڵێ…
مۆدۆن:
بەڵێ… بەڵێ

گەورەم… بەڵێ
ئەو جانەوەرە ڕەنگ ڕەشە
فریشتەی ھەموو ئاسمانە!
ھەر چەند ڕەشە!
بەڵام لە دەروون و دڵا
ڕووناک…گەشە!
ھەرچەند بە ڕوو ترسناکە
بەڵام مژدەی ئاسایشە
ئاسایش بۆ،
ژیانی تۆ، بۆ تاجی تۆ
بۆ تەختی تۆ!
- پشوویەک -
فڕاندنیش… بەرەو ئاسمان

مانای ئاواتە بۆ ژیان
وەرگرتنی مژدەیەکە
یان ھاتنە دی خۆزگەیەکە
زۆر دەمێکە
شای گەورەمان، پەرۆشێتی
خولیای دەروون و ھۆشێتی!
ئەژدەھاک:
«بە پەلە»
زوو پێم بڵێ

کام مژدەیە؟
کام خۆزگەیە؟
زوو پێم بڵێ…
مۆدۆن:
داری زڕت ئەژێتەوە

پەل ئەھاوێ، ئەڕوێتەوە!
بەری ھیوا و ئاوات ئەگرێ
پاشای گەورەمان ئەژدەھاک
کوڕی ئەبێ!!
ئەژدەھاک:
«بەسەر سوڕمان و خۆشیەوە»
کوڕم ئەبێ؟

کوڕم ئەبێ؟
مۆدۆن:
«بە دڵنیاییەوە»
بەڵێ گەورەم ھەرگیز ساڵێ

وەرناگەڕێ
کوڕت ئەبێ
ئەژدەھاک:
«بە پێکەنینەوە… ڕوو ئەکاتە یەکێک لە پاسەوانەکان»
بڕۆ بڵێن … با خەزنەدار

لە بەردەمما ئامادە بێ
ھەر ئێستە بێ
«پاسەوانەکە بە پەلە ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«خەزنەدار و پاسەوانەکە دێنە ژوورەوە، خەزنەدار ئەنووشتێتەوە»…
خەزنەدار:
قوربان… ھاتووم سەر لە ڕێتم…
ئەژدەھاک:
گوێ بگرە لێم:

لەگەڵ خۆتا…
جادووگەری ڕاستگۆ بەرە
ڕێزی بگرە
بە پارسەنگی قورسایی خۆی
زێڕی بەرێ…
ھەر ئیستاکە، دوا نەکەوێ!
خەزنەدار:
بەڵێ گەورەم… بەڵێ گەورەم…
«لەگەڵ جادووگەرا ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەھاک:
«لەبەر خۆیەوە»
کوڕم… ئەبێ

ئەژدەھاکی بچووک ئەبێ
کوڕم ئەبێ
گڕێی دڵی دەیان ساڵم
ئەکرێتەوە…
داری زڕم ئەژێتەوە
کوڕم ئەبێ
ئەژدەھاکی بچووک ئەبێ!
«پاسەوانێک دێتە ژوورەوە و ئە نوشتێتەوە»
پاسەوان:
گەورەم، گۆتۆی سەر لە شکری

ئازا و نەبەرد، گەیشتە جێ
ئامادەیە و ئەو ئەیەوێ
بێتە بەر تەختی بزورگتان
بێتە لاتان…
ئەژدەھاک:
با خێرا بێ
«پاسەوانەکە ئەچێتە دەرەوە گۆتۆی سەرکردە دێتە ژوورەوە»
«ئەنووشتێتەوە»
گۆتۆ:
دەست لە سەر سنگ، کڕنووش بردوو

ئامادە بو…
لە بەر دەمی شای گەورەدا…
ڕاوەستام… تا فەرمانی
بنێمە سەر ھەر دوو چاوم
خۆمی بۆ بکەم بە قووربانی
ئەژدەھاک:
گۆتۆی ئازا خۆشیت ھانی!

تۆ بڕبڕەی پشتی منی،
گەورەی گشت سەرکردەکانی
تۆ جێی بڕوای ئەژدەھاکی
پشتیوانی قەڵا و کۆشکی
گۆتۆ:
گیان لە سەر دەست چاوەڕوانم

سەر بەردە بازی فەرمانم…
فەرمانێ بۆ مردنیش بێ
من بە ئاھەنگی ئەزانم!
ئەژدەھاک:
لەلای گۆتۆ، دەنگ و باسی

چەتە و یاخی،
ناو شاخەکان چۆن چۆنییە؟
ھەواڵ چییە!
گۆتۆ:
ھەواڵ مژدەی سەرکەوتنە

ڕێ لە یاخی بوو گرتنە..
تیرەکانمان…
پەیکانی سەر ڕمەکانمان!
نە خواری کرد، نە سەری کرد
یەک یەک نیشانەی تەواوی،
خۆیانیان گرت
لە یاخی بوو زۆریان کوژران
بە دەست بەستەش گەلێ گیران
ئەژدەھاک:
ھێناوتانن…

لەگەڵ خۆتان؟ !
گۆتۆ:
لە زیندانان!

ئەژدەھاک:
لە چەتەکان…
ھیچیان ماون، ھیچیان دەرچوون؟
گۆتۆ:
ھەر ئەوەندەی پەنجەی دەستن

ئەو کەمەشیان تەفروو توونان!
پشت بە یەکتر نابەستن
لە دوای گەڕانەوەم، داومان
ناوەتەوە… بیان گرن
ئەژدەھاک:
لە ئەنجاما چی ترتان کرد؟ !
گۆتۆ:
دڵنیا بووین.. گەڕاینەوە

خۆمان سەرکەوتوو ماینەوە!
ئەژدەھاک:
ئەی ژمارەی کوژراوی تۆ؟

گیراوی تۆ؟
گۆتۆ:
کوژراوی من، تەنھا دە بوون

گیراو… نەبوون!
«ئەژدەھاک ھەڵ ئەسێتە سەر پێ، کەمێ ھات و چۆ ئەکات، دوایی بە تووڕەییەوە ئەڵێت:»
ئەژدەھاک:
دڵم خەریکە لە گۆتۆش،

کرمێ ئەبێ…
من وام نەویست، من وام ناوێ
ھەموو… ھەموو…
ترسنۆک بون!
سەرکردەی ئازا پێم ئەڵێ!!
لە یاخی بوو ھەندێ دەرچوون
لێشیان کووشتوون!!
واتە… ماون… نەفەوتاون!
کەچی پێم ئەڵێ… سەرکەوتوون!
چۆن سەرکەوتوون؟ !
چەند سەگێکی خوێڕی کێوان
گۆتۆی سەرکردەمیان بەزان!
چاک سەرکەوتوون!!
گۆتۆ:
گەورەم، نەبەزیوین، بەڵام…
ئەژدەھاک:
بەڵێ… بەزین

من وا ئەڵێم… ئێوە بەزین
ئێوە ھەموو… ترسنۆکن!
ئێوە ڕێوین!
- بەڵام - ی چی!
لە شکرێکی ھەزار کەسی!
لەش زرێ پۆش،
تێر و پۆشتە…
ھەندێ برسی!
لێی بکوژێ!
واتە… بەزی!
گۆتۆ:
گەورەم، وتم، ئەوەی ماون

بە ڕێگەوەن ڕوو لە داون
ھەر ئەوەندەی پەنجەی دەستن!
ھاکا… کەوتن
ھاکا… لەبرسانا مردن!
ئەژدەھاک:
ھەر وا ئەبێ درۆ کردن!
گۆتۆ:
بەڵێن ئەدەم بە شای گەورە

گەورەی لەشکر
بەڵێنی پیاو
تەنھا ماوەی دە ڕۆژی تر!
مۆڵەتم با…
ڕێگەی گەشتێکی ترم با…
برینی کۆن ساڕێژ ئەکەم
لە یاخی بوو… ئەوەی ماوە
یەک… یەک
وەک… سەگ
لە بەرپێتا… ڕایان ئەگرم
پەتیان ئەکەم…
پاشای گەورەم، داوا ئەکەم
مۆڵەتم بە…
ئەژدەھاک:
دە ڕۆژ زۆرە…

مۆڵەتی من ھەفتەیەکە!
- پشوویەک -
«لە سەر قسە کردن ئەڕوات»
بەڵام بەزەیی پێشێل کە!

ڕق… بڕوێنە…
خۆشەویستی دروێنەکە!
دەغڵ و دانیان…
خۆیان و ماڵ و منداڵیان…
بەیەکەوە… بسووتێنە…
من وام ئەوێ!
گۆتۆ:
بەڵێن ئەدەم

شای گەورەمان چۆنی ئەوێ
من وا بکەم!
ئەژدەھاک:
سبەی بەر لەوەی خۆر ھەڵبێ…

بارەگای شەڕ ئامادە بێ
بۆ کەوتنە ڕێ…
دوای ھەفتەیەک، تاقە یەکێ،
لەو یاخی بووانە…نەمێنێ…
من وام ئەوێ
گۆتۆ:
بەڵێن ئەدەم بە شای گەورە

یان وا ئەبێ، یان ئەم سەرە
بۆ خاک ئەبێ
ئەژدەھاک:
من وام ئەوێ!
گۆتۆ:
«لە دوای قەیرێ ڕاوەستان بە ترسەوە»
بەڵام شای گەورە ئەزانێ

کلک…ناتوانێ
بێ سەری مار لە ناوا بێ!
سەر تیا بچێ!
ھەموو شتێ دا ئەمرکێ!
ھیچ نامێنێ!
ئەژدەھاک:
ئا بەو شێوەیە ڕسوا بوون…

دەر بە دەر بوون
خۆی کوشتنە…
تازە ژیانی فەرەیدوون
ھەر مردنە…
لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانمان
بۆ شوێنی ئەو…
بۆ خوێنی ئەو!
ھەر لە دووی سۆراخ کردنە
دەس ھەڵ ناگرین!
گۆتۆ:
جێگەی ونە…ڕێگەی ونە
ئەژدەھاک:
چارەنووسی ھەر مردنە
- پشوویەک -
بەڵام نیازی ئەبێ چی بێ

بە ھیوای چی…
ئەخوا و ئەژی…
من تێ ناگەم… تۆ ئەڵێی چی؟ !
گۆتۆ:
ئەیەوێ کڵاوی با بردووی

بگرێتەوە؟
ئەیەوێ خەوی ڕابردووی
دوێنێی مردووی
تاجی ون بووی
تەخت و بەختی لە دەست دەرچووی
بۆ بێتەوە…
لە پاش ڕزین… داری ھیوای
بەرگرێ و بشنێتەوە…
جارێکی تر بژێتەوە
ئەژدەھاک:
مەحاڵە… بیبینێتەوە…

ئەبێ تا ماوە فەرەیدوون
بەو داخەوە بتلێتەوە!
- پشوویەک -
«لە سەر قسە کردن ئەڕوات»
دوا ھەواڵی… نھێنی زان

وای ڕاگەیان…
کە فەرەیدوون…
وا لە ناوچەی پیرەمەگروون…
چاوەڕوانین…
دڵنیا بین
ئەوسا خۆمان ئامادە کەین
لە ناکاوا… بە سەریا بەین
- پشوویەک -
بەڵام کە گرتم، نای کوژم!

ئەیکەم بە پەنگ…
بە دنیادا ئەیگەڕێنم…
ئا لێرەدا… لەم شوێنەدا…
شا فەرەیدوون…
وەکوو مەیموون…
بۆ گاڵتە… ھەڵ ئەپەڕێنم!
گۆتۆ:
ڕسوا بوونی پیلانێکە

ھەر ساتێکی مردنێکە
- پشوویەک -
سەرم بەرز و گەورەم ئەکەی

ئەگەر گۆتۆی جگەر سۆزتان
بۆ گرتنی بە ڕێ بکەی!
مایەی شانازی ژیانمە!
کاری وەھا بە من بکەی…
ئەژدەھاک:
پەلە ناکەین… بە ھێمنی

داو ئەچنین بۆ گرتنی
تۆ… بەیانی
بۆ گەشتی تەمێ کردنی
دوا جاری یاخی بوو… بڕۆ
من ھەر ئەوەم ئەوێ لە تۆ!
گۆتۆ:
پاشای گەورە… دڵنیابێ

بەڵێنی ئەمجارەی گۆتۆ
ڕوو ڕەش… نابێ
ئەژدەھاک:
من ھەر ئەوەم ئەوێ لە تۆ
- پشوویەک -
تۆش بزانە چارەنووسی

ڕەش یان سپی!
بۆ من و تۆ…
وەک یەک وایە… بە تەنیا نین
لە یەک جیا نین
گۆتۆ:
چارەنووسی ڕەش گۆڕ ئەکەین
بە دەستی ھێز!
دەرگای نووشوستیمۆر ئەکەین
دوژمنی تەختی ئەژدەھاک
سەرشۆڕ ئەکەین!
ئەژدەھاک:
گەر وا نەکەین

گوناە ئەکەین
- پشوویەک -
«پاسەوانی بەر دەرگا دێتە ژوورەوەو ئەنووشتێتەوە»
پاسەوان:
لۆلۆی وەزیری دەستە ڕاست!

لۆلۆی خزم و جگەر سۆزتان
داوا ئەکات
بێتە بەر تەختی بزورگتان
بێتە لاتان..
ئەژدەھاک:
با ئێستا بێ

با خێرا بێ!
«پاسەوان ئەچێتە دەرەوە»
«لە سەر قسە کردن ئەڕوات»
سەری ماری سڕ بوویبێ تین

لە گیانەڵاوی مەرگ دایە…
ھەرگیز ناگاتەوە ھاوین!
گۆتۆ:
زستانی سەختی بێ ئامان

بەستەڵەکی چیا و کوێستان
ڕەحم ناکەن!
ڕێگەی پیاوی کەوتوو نادەن!
«لۆلۆی وەزیر دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
لۆلۆ:
ڕۆژی… ڕووناک…

دڵی… ڕووناک
شا ئەژدەھاک…
لۆلۆ لە بەر تەختی ئەوا!
دەست لەسەر سنگ ڕاوەستاوە
کڕنووش ئەبا!
چاوەڕوانی فەرمایشتی!
گەورەی ئەکا…
ئەژدەھاک:
«ڕوو ئەکاتە گۆتۆ»
خۆشیم داوایە بۆ لۆلۆ
گۆتۆ:
پشت و ھێزی کۆشکە لۆلۆ!
«ڕوو ئەکاتە لۆلۆ»
ئەژدەھاک:
دەنگ و باسی لای تۆ چییە؟
لۆلۆ:
ئەوەی ھەشبێ!

شایەنی باس کردن نییە!
بێ بایەخن!
ئەژدەھاک:
ئەگەر بایەخیشی نەبێ…

تۆ ھەر بیڵێ…
لۆلۆ:
ناحەزانی کۆشکی پاشا

چەند برسی و گێرەشێوێنێ
ڕۆژی… دوێنێ…
لە ناو خەڵکا…
کەوتبوونە قاو داخستن
قسەی بێ جێ و بێ ڕێ کردن…
دوای پشکنین…
ھەشت نۆ دەیەکمان لێ گرتن
ئێستا لە زیندانا بەندن!
ئەژدەھاک:
نەتان کوشتن؟ !
لۆلۆ:
پەلە ناکەین… ھەتا ئازار

ھەتا زەبری قامچی و دار
نھێنیان ئەخاتە ڕوو…
ئەوساش… کووشتن!
خەڵاتیانە بۆ زوو مردن!
ئەژدەھاک:
زۆر بەدڵمە… زۆر بە جێیە!
گۆتۆ:
پیلانێکی ورد و نوێیە…

گەورەم… لۆلۆ…
عەقڵی دانای کۆشکی تۆیە…
ئەژدەھاک:
«ڕوو ئەکاتە لۆلۆ»
وتت قسەی بێ جێ و بێ ڕێ ئەکەن

قاو دا ئەخەن…
خەڵک ھان ئەدەن…
قاو… وەکوو چی؟ !
چیان ئەوێ؟ !
لۆلۆ:
«لە پاش دوو دڵی و سڵەمینەوەیەک»
گەورەم ئەڵێن

وەکوو… ئەڵێن!
نانیان… ئەوێ
لابردنی باجیان ئەوێ
ئەژدەھاک:
«بە گاڵتەوە»
تاجیان ناوێ؟ !!
- پشوویەک -
گۆتۆ:
زیندان و مردنیان ئەوێ
ئەژدەھاک:
«بەڕقەوە»
ئەیان… ناسم!

ماڵ بە ماڵ ئەیان سووتێنم
یەک بە یەک ھەڵیان ئەواسم!
چیم لێ کردوون؟
دەستم گرتوون؟ !
برسییانە…
پێیان بڵێ
کێ تا ئەمڕۆ لە برسا مرد؟ !
- پشوویەک -
گۆتۆ:
گەورەم تا خۆم

ھەتا لەشکری سبەینێم
ئامادەکەم، ڕێم کە، بڕۆم!
ئەژدەھاک:
تۆ… سەربەستی…

ئەڕۆی… بڕۆ…
بەڵام بە دڵ چاوەڕوانین
مژدەی سەرکەوتنی گۆتۆ
زوو وەرگرین…
لۆلۆ:
ھەتا ئێمەش ئامادە بین

پاش ھاتنەوە، پاش سەرکەوتن
ئاھەنگی خۆشی بگێڕین
چاوەڕوانین…
گۆتۆ:
پاشای گەورە، لۆلۆی دانا

لە ئێستاوە، دڵنیا بن
کە سەر کەوتن
وا لە دەست و ھێزی منا!
«گۆتۆ ئەنووشتێتەوە و ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«ئەژدەھاک ماوەیەک بە بێ دەنگی ھات و چۆ ئەکات»
ئەژدەھاک:
کێن ئەوانەی گرتووتانن؟ !
لۆلۆ:
چەند… کەسێکی

دۆست بە کوشتن و تاوانن!
ئەژدەھاک:
ناوم… ئەوێ!

ناو… نازانن؟ !
لۆلۆ:
«پاش تۆزێ بیرکردنەوە»
ئەوەی بیرمە!

یەکێکیان ناوی گوردۆیە
کوڕی کاوەی ئاسنگەرە!
ئەژدەھاک:
گوردۆ… گوردۆ

وەچەی شەڕە!
لە نەژادی خێزانێکیدەربەدەرە!
لۆلۆ:
لە پارەوە ھەتا ئەمڕۆ

لە کوڕانی کاوە… شەشیان
گیران… کوژران
بەڵام دیارە… عاریان نەنا،
وەک خۆیان وان!
ئەژدەھاک:
تەنیا… کوشتن!

ڕێگایە بۆ تەمێ کردن!
دوا وەچەی شەڕ
ئەمشەو ئەبێ لە ناو بەرن
کاوەش بگرن!
لۆلۆ:
گەورەم ئەگەر کاوەش بگرین

ئەبێ ئیتر دۆش دامێنین!
ئەژدەھاک:
«بەسەرسوڕمانەوە»
دۆش دامێنین؟ !!
لۆلۆ:
بەڵێ… گەورەم

تەنیا ئاسنگەر بزانێ
یان بتوانێ
کە تیر و ڕم
دروست بکا… ھەر کاوەیە
ئەو ئاسنگەری شارەزای!
ئەم ناوەیە!
چۆنی بگرین؟ !
ئەژدەھاک:
«پاش قەیرێ ڕاوەستان»
گەر ئەو نەما پەک ئەکەوێ؟ !
لۆلۆ:
ھۆمان ھەر ئەبێ تێی کەوێ!

بەڵێ…گەورەم
گەر ئەو نەبێ…
دڵنیام لەوەی پەکمان ئەکەوێ…
دا ئەمێنین!
ئەژدەھاک:
کەواتە جارێ ناچارین

چاو بپۆشین
لۆلۆ:
بەڵێ… گەورەم…

پێویست ئەکا… کاوە نەگرین
چاکتر وایە…. ئارام بگرین
وەکوو فەرمووت، چاو بپۆشین!
ئەژدەھاک:
«لە پاش قەیرێ بیر کردنەوە»
مادام وایە…

جارێ گوردۆش ھەر مەکوژن!
با ھەر بەندی ناو زیندان بێ!
لەشی خۆراکی لێدان بێ
لە ناو بردنی… ھەڵگرن…
بۆ ئەوکاتەی پێتان ئەڵێم…
ھەتاکوو خۆم قسە ئەکەم!
لۆلۆ:
بەڵێ گەورەم!

تۆ چۆن ئەڵێیت من وا ئەکەم!
- پشوویەک -
«پاسەوانی بەر دەرگا دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
پاسەوان:
گەورەم… پاشا

شاژن پیاوێکی ناردووە
بە پەلە ڕای سپاردووە!
داوات ئەکا…
ئەژدەھاک:
«ھەڵ ئەسێت و بە شپرزەییەوە»
بە پەلە داوای من ئەکا؟ !
پاسەوان:
بەڵێ… گەورەم… داوات ئەکا
«بە شڵەژاوییەوە ئەژدەھاک و لە دوایەوە لۆلۆ و پاسەوان ئەچنە دەرەوە»

پەراوێز edit