ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
٩. تابلۆی ھەشتەم
«جێگا دوکانەکەی کاوەی ئاسنگەرە، کات بەیانییەکی زووە، «پشتکۆ»ی ھاوڕێی گوردۆ، لە دوای گرتنی گوردۆ بۆتە شاگردی کاوە، تازە دوکانەکەی کردۆتەوە و خەریکی ڕێکخستنی کەرەسەی ئیشە، پاش ماوەیەک بێ دەنگی، بە دەنگی بەرز لە بەر خۆیەوە ئەڵێت:»
لەگەڵ دڵی شێت و وێڵما

ھەردە و دۆڵ و لووتکە نەما
نەیپێوم و پیا نەگەڕێم
تا دەوەن و دارێ نەما
نەمناسن و نەزانن کێم!
ھەتا ئەژنۆ شل بوو گەڕام
تا سنوورێک، خەیاڵ ئەیدی
گەڕام…ڕۆشتم
بەڵام ئەنجام… نەگەیشتم…
بەو دنیایەی کە من ویستم
- پشوویەک -
سەردەمێکی تر ھات و چوو

ھەر ئاوارە، ھیلاک.. وێڵ بووم
بە دووی ئاراما.. شەوکێڵ بووم
سەر ھەڵگرتوو..
لە ناو باوەشی سروشتا
ئەگەڕام بە شوێن بەھەشتا
بە ڵام ئەنجام تێگەیشتم
کە لەوێشدا خۆمم نەدی..
خۆم نەناسی!
- پشوویەک -
سەردەمێکی تری تەمەن

بۆ خوای دادپەروەری گەڕام
تا لەدیلی ڕزگارم کەن..
تا بگەمە ڕۆژی ئەنجام
کڕنووشم برد!
مانگم پەرست، خۆرم پەرست
دەریام پەرست، گڕم پەرست
بەڵام ئەنجام ھەر وێڵیی بوو
ھەر تاریکی، ھەر دیلی بوو
- پشوویەک -
سەردەمێکی تر چاوی یار

باڵای شۆخ و شەنگی نازدار
ئاواتم بوون، خولیای گیان بوون
ھەوێنی ھەموو ژیان بوون
بەڵام ئەنجام… نەگەیشتم
بەو ھیوایەی کە من ویستم
- پشوویەک -
بەڵام لە گەڕان نەکەوتم

ورەی ئاواتم بەر نەدا!
ھەتا بە ئارام گەیشتم
تاکوو کۆڵم بە دیلی دا
تا وێڵ بوونم بە قۆناغی
ئاوەدانیی ڕێگە گەیاند!
ھەتا نا ئومێدی و ئاخی..
سەر گەردانیم لە دڵا مرد!
- پشوویەک -
بیری ئازادیم دۆزییەوە..

خۆم پێ ناسی..
خۆی پێ ناسیم!
ڕوناکترین ڕێم بینییەوە..
سەرکەوتنی ژینم تیا دی..
زانی من کێم!
لە کوورەیا خۆم توانەوە
تا لەگەڵیا ژیامەوە…
- پشوویەک -
لە ئینسانی دەور و پشتما

لە چوار دەورما!
لە چاوی برسی و ھەژارا!
خۆمم بینی..
لە گەردەلوولی ئازارا…
لەگەڵیانا شەوم بڕی
لە خۆشەویستی ئەوانا…
بە ھەشتم دی
کاوەم ناسی، گوردۆم ناسی!
کوردم ناسی!
- پشوویەک -
«کاوە بە جلی کارەوە دێتە ژوورەوە»
کاوە:
جێگەی گوردۆم…

قەت ون نابێ…
ھەتا پشتکۆم…
لەگەڵا بێ!
ھەتا لەم چیا و کەژەدا!
تاقە کوردێ سەر بەرز مابێ
ڕێم ڕووناکە…
ئەو… گوردۆیە…
خاکیش دایک و بڕواش باوکە
پشتی ڕاپەڕینم ئەگرن!
پشتکۆ:
نەک ھەر تەنھا بۆ ئیش کردن

وەک شاگردی ئاسنگەرێ
وەکوو شاگردی باوەڕێ…
لەگەڵ تۆدام ھەتا مردن
کاوە:
شاگردانی ڕێی سەربەستی،

ئەو لەشکرەن!
چۆک بە ژێردەستی، دا ئەدەن
بۆ سبەینێی بەختیاریش
بەھاری ئاوات و مژدەن
- پشوویەک -
پشتکۆ:
گشت… شاگردان…

ھەموو… مەردان!
تینووین… تینووی… ڕۆژی ھەستان
چاوەڕوانی.. بانگێ… ئەکەین
ھەتا بە خوێن…
گڕی سەرفرازی خۆش کەین
کاوە:
«پاش قەیرێ بیرکردنەوە»
ناگاتەوە… ڕۆژێکی تر

یان ئەوەتا… کڵپەی ئاگر
بۆ سەرکەوتن… بەسەر شەوا
ئەکەینەوە…
یان ئەوەتا… ئەبێ ئیتر!
نەڵێین پیاوین…
پشتکۆ:
«بە خۆشییەکەوە، نزیکی کاوە ئەکەوێتەوە»
ئەی من… وەستا!

منیش خوێنم… گیانم… دڵم
وا لەبەر و لەپی دەستما
منیش ئامادەم بجەنگم،
لەگەڵ تاریکی و مردنا…
ئەی من… وەستا!
ئەی من چی بکەم… لەگەڵتانا
کاوە:
گوێم… لێ بگرە:

ھەر ساتێ من کەوتمە ڕۆشتن!
شوێن پێی ھەنگاوم ھەڵگرە
یان پێکەوە دەست ئەکەینە،
ملی مردن…
یان سەرکەوتن
- پشوویەک -
پشتکۆ:
بە دوای وەستای خۆشەویستا

بە دوای تیشکی سەربەستییا
بە شوێن پێی ئازادی ویستا
چەندن ژمارەی ئەوانەی،
سووتەمەنی ئاگری جەژنن؟ !
کاوە:
ھەزارانن!
پشتکۆ:
تەنھا، خەڵکی پێدەشت، شارن؟ !
کاوە:
لە شارەوە ھەتا لووتکەی،

ھەتا پلەی سەختی کێوان
تا نزاری چڕ و بێشەی
ساردی کوێستان!
پشتکۆ:
«لە دوای بێ دەنگییەک»
بەڵام… وەستا!

ئەمڕۆ ژیان سارد و سڕە
جووڵە کەمە… دنیا کڕە…
دەنگ نابیسم… لە ھیچ لایەک
تا شەقەی باڵی… باڵندە!
ھەتا جووڵە و شنەی بایەک
کاوە:
لە پێش گەرداو ھەڵکردنا…

لە پێش شەپۆلی مردنا!
دەریا ماتە، ئاسمان شینە
ئەوەی بێ خەم بێ زەمینە!
لە بێ دەنگی وا بترسە!
لە پێش گەرداو ھەڵکردنا!
پشتکۆ:
«لە دوای کەمێ بیر کردنەوە»
ئەوەی ویستم…

ئێستا بە دڵ تێگەیشتم…
- پشوویەک -
«لە سەر قسە کردن ئەڕوات»
باشە… بازاڕی ئیش کردن

ئەمڕۆ بۆ کێ؟
ئەکەوێتە قۆڵ کوتاندن
کوورە بۆ کێ ئەدەمێنین؟
ئارەق بۆ… چی… ئەڕژێنین؟
بۆ داس.. یان بۆ تیر و کەوان؟
بۆ بێڵ… بۆ پاچ؟
یان بۆ نووکی تیژی پەیکان؟ !
کاوە:
ھیچ… کامێکیان!
پشتکۆ:
چی تر ماوە!
کاوە:
چەکوش ماوە!

ھێزی دەستی ھێرش ماوە
پشتکۆ:
کەواتە ئێستە ئیش ئەکەین؟ !
کاوە:
ھەتاکوو مردن ئیش ئەکەین…

ئیستاش ئەبێ،
چەکوش فریای دەستی بڕوای
ڕاپەڕینی ھەڵمەت بخەین!
پەلە… بکەین
پێش چێشت ھەنگاو
ئاسن لە بووتەی کوورەدا،
ئەکەین بە ئاو…
ھەتا چەکوش دێتە بەرھەم
دەست ھەڵ ناگرین!
پشتکۆ:
ئارەقی ماندوێتی ناسڕین

دەست ھەڵ ناگرین
ھەتا چەکوش دێتە بەرھەم
وچان نادەین
چەکوش فریای دەستی بڕوای
ھەڵمەت ئەخەین!
وەستا… لەگەڵتا… ئامادەم!
بەڵێن ئەدەم…
بەڵێنی پیاو کە نەسرەوم!
ھەتا چەکوش دێتە بەرھەم…
من ئەوەندە تێگەیشتووم!
بۆ ئامانجی گەل ئیش ئەکەم…
لە خۆبوردووم!
کاوە:
ئەم چەکوشە!

یان چەکوشێک ئەبێت ناوی
ئەچێتە ناو، ناوی زیندوو
پشت لە دوای پشت بۆ شانازی
باسی ئەکەن نەوەی ھاتوو
یان ئەوەتا ئەمیش ناوی،
کوێرەوە بووی مێژوو… ئەبێ،
وون و مردوو!
- پشوویەک -
«لە تابلۆیەکی بێ دەنگیدا کە ماوەیەک ئەخایێنێت دەست ئەکەن بە ئیش کردنێکی بێ وچان و ئارەق ڕشتنێکی سەختی ماندوو بون بۆ دروست کردنی چەکوشی ئازادی و ڕاپەڕین»
«دوای لێبوونەوە و دروست کردنی چەکوشەکە، بەدەم ھەناسەسواربوونی ماندوێتییەوە «کاوە» چەکوشەکە ئەگرێت بە دەستەوە و لێی ورد ئەبێتەوە و «پشتکۆ»ش لە کاوە نزیک ئەبێتەوە و چاوەڕوانی ئەوە ئەکات کە چی ئەڵێت»
کاوە:
«لەگەڵ چەکوشەکەیەتی»
مایەی ڕەنجی بێ پشوودان

تۆم بۆ ئەم دەستانە خوڵقان
ئەم دەستانە، کە قڵیشیان
دەمیان بۆ تۆ کردۆتەوە…
تا تۆڵەیان… لە زۆرداران…
بکەیتەوە…
مایەی ژیانی تێکۆشان
تۆم بۆ ئەم دەستانە خوڵقان:
تینیان بەرێ، گوڕیان بەرێ
ھێزی شاخ و داخیان بەرێ
تا بتوانن ھەڵت گرن
بۆ ئامانجی ڕووناکە ڕێ،
ھەڵت بڕن
- پشوویەک -
مایەی تەقەللای بێ وچان

مایەی ڕەنجی بێ پشوودان
تۆ لە کوورەی ئاگری سوورا
ژیانت کرا بە بەرا
دوای توانەوە لە ئازارا،
لە دایک بووی
ئێمەش وەک تۆ…
ئەوە گوردۆ… ئەوە پشتکۆ…
وەکوو ھەموو ڕەنجدەرانێ
ئازار چاوی کردووینەوە
دەی ئەی دۆستی چەوسانەوە
با پێکەوە بگەینە جێ…
جێگە لووتکەی ژیانەوە…
- پشوویەک -
ئەی چەکوشی ھێز و بڕوا

نیشانەی ڕەنج و توانا…
دۆستت زۆرە،
جێگەت سەر گلێنەی چاوە…
بەڵام ھێشتا،
تینوێتی زاخاوت ماوە،
تینوێتی زاخاوی دوایی
ئەبێ ھەر بە خوێن بشکێنی
خوێنی… ناپاک
خوێنی تاوانی ئەژدەھاک
- پشوویەک -
پشتکۆ:
وەستا… ئارام، لە ناو گیانا

گەردی وەڕس بوونی لێ نیشت
چاوەڕوانی دوور و درێژ…
وا ئۆقرەی کوشت
کەچی ھیچ دەنگێکم نەبیست!
کاوە:
من پێم ووتی

یان ئەوەتا شەوەزەنگی
ئەمشەو ئەبێ بە چراخان
یان ئەوەتا ھەر تاریکیی
مردن ئەبێ وەک گۆڕستان!
- پشوویەک -
«کاوە لە سەر قسە کردن ئەڕوات، دوای کەمێ بیرکردنەوە ڕوو ئەکاتە پشتکۆ»…
گوێم لێ بگرە

ھەر ئێستاکە پێ ھەڵگرە
بڕۆ ھەتا دووڕیانی
ئەو دیوی گرد،
چاو ھەڵ بخە، چاوێکی ورد
ھەر کاروانێکت بەدی کرد
پێشەنگەکەی «سوور» چووەوە
بێ ڕاوەستان
وەرامەکەم بۆ بێنەوە…
زوو وەرەوە
پشتکۆ:
سەر لە پێناوا ئامادەم

چیت وت بیکەم
«بە پەلە ئەچێتە دەرەوە»
«کاوە بە دەم ھات و چۆ کردنەوە»:
دوژمن ستەمە بتوانێ

ڕیشەی بڕوا دەربکێشێ
تەنیا پواز… پواز نەبێ
داری ئەمجارە ناقڵیشێ
من دڵنیام کاروان پاکە
دوور لە کەسانی ناپاکە…
بەڵام گومان ئالەم کاتە
ھەبێ باشە، ھەبێ چاکە
- پشوویەک -
«ڕوو ئەکاتە دانیشتوان»
گەر سەرکەوتین… تاج بۆ کێ بێ؟

لە بیرتان بێ
- بەڵام قسەی خۆمان بێ -
ھەموو ئەڵێین بۆ فەرەیدوون
ھەر من ناڵێم با بۆ ئەو بێ…
دیارە لێم ئەپرسن بۆچی!
ئەی بۆ کێ بێ؟
بیر و بڕوای من وا ئەڵێ
- بۆ کوردێ بێ -
خوێن بڕێژن، کورد قوربانی
مەردانە بێ،
بۆچی ئەنجام بۆ «پارسێکی»،
بێگانە بێ…
با ھەڵوێستیش دۆستانە بێ
من وائەڵێم لە بیرتان بێ!
«کاردای جوتیار بە ماتیەوە دێتە ژوورەوە و پێش ئەوەی قسە بکات، کاوە بەرەو ڕووی ئەچێت و ئەڵێت»:
کاوە:
ھیچتان نەبیست؟

چی ترتان کرد؟
پێت نەوتن کەی ئەجووڵێین،
بەرەو جێگەی گفت و بەڵێن
«کاردا ماتی دایگرتووەو وەرام ناداتەوە، کاوە لە سەر قسە کردن ئەڕوات»:
بێ وەرامی، وەکو شتێ… گرفتاری

وا ئەتبینم…
بە ڕەنگ و ڕووتا پەست دیاری
چی ڕووی داوە؟ چی پێم بڵێ!
ڕاست پێم بڵێ!
«کاردا ئەم جارەش ھەر وەرام ناداتەوە»
کاوە:
وا… تەقم…کرد…

وا… شەقم… برد
چی ڕووی داوە…مەیشارەوە
چی… پێم بڵێ؟
کاردا:
«بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە»
چیت پێ بڵێم…

دەنگ و باسی جەرگ و دڵ بڕ؟
ھەواڵی کۆستی کوت و پڕ؟
چیت پێ بڵێم…
کاوە:
«بە شڵەژاوییەوە بەرۆکی کاردا ئەگرێ و ڕای ئەوەشێنێ»
ھەواڵی مەرگە؟ ! کۆستی کێ؟

زوو پێم بڵێ وا شەقم برد
کاردا:
کاروون… کاروون

کارونمان… مرد!!
کاوە:
«دەستی بەر ئەبێتەوە و تەواو سست ئەبێت و ئەچێتە ئەو لاوە بە دەنگێکی پڕ لە تاسەوە ئەڵێت»:
کارونمان مرد! کارونمان مرد؟

بانگدەری شاخ و کێومان مرد؟
«پاش تۆزیک بیر کردنەوە، لە پڕێکا… بە خێراییەوە بە دەنگێکی بەرزەوە لە کاردا ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت»:
بەڵام نەت وت

کارون چۆن مرد؟
کوژرا؟ گیرا؟ نەخۆشی گرت؟
کارون چۆن مرد؟
کاردا:
دوێنێ… دوێنێ

لەو پەڕی زێ،
زێی گەورەدێ.
کات دەمەو… نیوەڕۆ ئەبێ…
لەگەڵ سییانی ترا ئەبێ
لە ناکاوا… تووشی… بۆسەی،
زوو نراوەی..«گۆتۆ» ئەبێ
لە دوا شەڕێکی بێ پشوو،
کارون و دوانیان ئەکوژرێ…
تەنیا یەکێکیان دەر ئەچێ!
بە دزەڕێ… ئەویش ھەڵدێ!
پێش قەیرێ بوو… گەیشتە جێ!
ئەو ھەواڵە شوومەی دامێ!
کاوە:
خەم لە دەروونەوە ئاڵا!

کۆستی کارون…
داخی گەورەی نا بە دڵا
بەڵام پێم مەڵێ کارون مرد!
مردن..
واتە بیرچوونەوە
ئاوا بوون و لێبوونەوە!
بەڵام ھەرگیز ئازادیخواز
لە بیری گەل نەچوونەوە!
مردنی وا: - ژیانەوە،
ڕاپەڕین و ھەستانەوە
دروست ئەکا!
کۆستی وەھا: «سەربەستی
خۆشەویست… ئەکا»
- پشوویەک -
کاردای بە جەرگ… با دەستی خەم

نەخەینە ژێر چەنەی دامان
نە زۆر نە کەم
ھەڵی نەدەین بە دوژمنان،
پێمان شاد بن
با ئەم کۆستە ڕەشەی مردن
بۆ ڕووناکی سبەی ھاتن
تینمان باتێ… بۆ پێشەوە،
بۆ سەرکەوتن…
کاردا:
«دوای ئەوەی پشوویەک ئەدات و تۆزێ دێتەوە ھۆش خۆ و قسەکانی کاوە کاری تێ ئەکەن ئەڵێت»:
چی بڕیار بوو… بە جێ ھێنرا

قسەی بەڵێن… بە کردەوە!
بە ڕێ کرا!
گفتی زمان و گفتی دڵ،
مەردانە ھەمووی یەک خرا!
کاوە:
گشت ئامادەن؟
کاردا:
چاوەڕوانی تەقینەوەن!
کاوە:
ئەی چاوی پیس… چاوی دوژمن؟ !
کاردا:
ھەموو ونن!

گشت لە شکری بووک بردنن!
کاوە:
بووک بردنن؟ !
کاردا:
لە دوێنێوە… کۆشک… ژاوەی دێ

لۆلۆ خەریکە بۆ «مزداک» ژن ئەھێنێ!
کاوە:
ئەم ڕێکەوتە…

بۆ تۆڵەی داخ لە دڵ بەختە!
ئەم ھەڵکەوتە!
زێڕی وەختە!
کاردا:
ئەبێ… بڕۆم… چاوی دوایی

بە ناو ڕیزا… بگێڕمەوە…
تا وەرامی دڵنیایی
بە تەواوی ئەھێنمەوە!
کاوە:
چاوەڕوانم…ئەمێنمەوە!
«کاردا ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«پشتکۆ بەپەلە خۆی ئەکات بەژوورا، پێش ئەوەی قسە بکات کاوە ئەڵێت»:
کاوە:
ئادەی… بڵێ…

ھەواڵ چی بوو؟ مژدەم بەرێ!
پشتکۆ:
وا کاروانێ…

لە دوورەوە…لە دوورە ڕێ
دیارە بۆ ئێرە مل ئەنێ!
بریسکەی سووری پێشەنگی!
درەوشەی دێ…
دەنگی…زەنگی…
ئەگاتە گوێ!
کاوە:
ھەر ئەوەندەی پێشەنگی سوور!

کاروانی ماندووی دوورە ڕێ
بگاتە… جێ!
ئەوسا ئەزانیت…چی ئەبێ!
چی ئەقەومێ!
پشتکۆ:
ئەبێ کاروان نیشانە بێ…

نەھێنی ئەم…ھەستانە بێ!!
- پشوویەک -
«تابلۆی بێ دەنگ: - مادیا دێتە ژوورەوە، ئەچێتە پاڵ کاوەوە و دەست ئەکات بەچرپە چرپ لەگەڵیا، ئەڕواتە دەرەوە، دوای ئەو کاردۆخ دێتە ژوورەوە، دیسانەوە ئەمیش ئەچرپێنێ بە گوێی کاوەدا، ئەچێتە دەرەوە، ئنجا دوا بەدوای ئەمیش زێمریو زاماوا دێنە ژوورەوە ئەمانیش ھەمان جووڵانەوەی ڕابردوودووبارە ئەکەنەوەو ئەچنە دەرەوە. لەم تابلۆیەدا شانۆ وەک پورەھەنگی بزوتنەوەی لێ دێ، مەبەست لەم تابلۆیەش نیشانەی دوا ئامادە بوونە بۆ ڕاپەڕین».
«قاوغی بێ دەنگی تابلۆی ڕابردوو، بە دەنگ و ھەراو غەڵبەی خرۆشاو و ڕاپەڕینی میللەت ئەشکێت، تا بێت وردە وردە دەنگەکە نزیکتر ئەبێتەوەو گەورەتر ئەبیسترێت، لەم کاتەدا ئەوەی لەسەر شانۆیە «کاوە و پشتکۆ»ن… پشتکۆ بەخوێن گەرمیەوە ڕوو ئەکاتە کاوەی وەستاییو ئەڵێت»:
پشتکۆ:
«گوێ ھەڵ ئەخات»
دەنگ ئەبیسم…وەستا…دەنگە

دەنگی خرۆشاوی خەڵکە؟
گرمەی ھەورە؟ یان چەخماخەی،
ئاسمان سوتێنی برووسکە؟
وژە وژی ڕەشەبایە؟
یان گەرداوی ناو دەریایە؟
دەنگ… ئەبیسم… دەنگە
کاوە:
کوڕم منیش چاک گوێم لێیە

ئەوە گرمە و ناڵەی ھەوری،
دەنگی خەڵکە
ئەوە چەخماخە و بروسکەی!
ھاوبیرانی من و تۆیە
کوڕم منیش چاک گوێم لێیە!
پشتکۆ:
وەستا… دەنگێکی…بەسامە

کوانێ دەنگی خەڵک وایە؟ !
کاوە:
کوڕم…میللەت… کە برسی بوو

تینووی ڕۆژی سەربەستی بوو
داخ لە دڵی ژێر دەستی بوو
دەنگی وایە!
پشتکۆ:
وەستا…ئەم دەنگە…تاکوو بێ

بۆ نزیکی لای ئێمە دێ…
کاوە:
گیانمان بە پیریەوە ئەچێ!
پشتکۆ:
کەواتە بۆچی ناجووڵێین؟

دەستەوەستان ڕاوەستاوین؟
کاوە:
کوڕم… بە بەڵێنی… ئەوان…

ئێمە چاوەڕوان کراوین!
نەوەستاوین
پشتکۆ:
وەستا… ئەی چەک: شمشێر…قەڵغان

تیر و کەوان
چی ھەڵگرین؟ … بە دەستی ڕووت!
بچینە وێزەی دوژمنان؟
کاوە:
لە زەخیرەی چەکی دوژمن

کە ھەر خۆم دروستم کردن!
ساڵ زیاترە…لە بەرەوە!
بە نەھێنی ئەدزمەوە!!
ھەر بەو ڕم و تیرەی خۆیان،
خۆیان ئەبێ بکوژمەوە!
پشتکۆ:
ئەی ئەوانەی وان بەڕێوە،

چیان پێیە؟ …
کاوە:
چی بە دەستەوە ھاتبێ!

ئەگەر بەرد بێ، ئەگەر دار بێ
ھەڵ گیراوە!
پشتکۆ:
ئەی من…وەستا… چی ھەڵ گرم؟

ڕمێ… شمشێرێ… ھیچ ماوە؟
کاوە:
ئامادەیە… ھەڵپەسێرراوە!
پشتکۆ:
لە کوێ؟ لە کوێ دانراوە؟ !
کاوە:
لە گەنجینەی ژێر دوکانا

لە جێی دوژمن پێ نەزانا، دانراوە!
پشتکۆ:
وەستا…دەبا… دەریان بێنم

بە سنگمەوە… بە دڵمەوە
وەک کۆرپە… بیان نووسێنم…
یەک لە سەر یەک ماچیان بکەم!
کاوە:
دەریان بێنە! …

بە شێنەیی بیان ھێنە…
ئا… لێرەوە… بچۆ خوارێ!
بن میچ نزمە، سەرت نەشکێ!
دای نەوێنە! …
«پشتکۆ لەو جێگایەوە ئەچێتە خوارەوە کە کاوە بۆی دەست نیشان ئەکات، دەنگی خەڵکەکە زیاتر نزیک ئەکەوێتەوە… کاوە لە بەر خۆیەوە»:
کاوە:
ئەم تۆفانەی کەھەستاوە

چی خۆی لە بەر دەما ئەگرێ!
ئەم… لێشاوە
کام تاریکی… ڕاناماڵێ؟
ئەم تۆفانە… مردن لووشە
چ زۆردارێ ھەڵ نالووشێ!
ئەم لافاوە… ترسناکە!
چۆن قەڵای ڕەش داناپۆشێ!
- پشوویەک -
«پشتکۆ» بە باوەشێ ڕم و تیر و شمشێر و کەرەسەی ئەوسای جەنگەوە سەرئەکەوێتەوە، دایان ئەنێت و ڕوو ئەکاتە کاوە و ئەڵێت:
پشتکۆ:
وا ھێنامن نامنە سەر دڵ

وەستا… بڵێ… چی ھەڵگرم؟
چیم ئەدەنێ؟
کاوە:
ھەرکامێکیان دەستیان بەیتێ

بەرامبەر دوژمن وەک یەکن
دەمی شمشێر… تیر و کەوان
سەری چەکوش… یان نووکی ڕم…
پشتکۆ:
ڕم… ھەڵ ئەگرم
«ڕمێک ھەڵ ئەگرێ»
«دەنگی خرۆشاوی خەڵکەکە ھەر لەنزیک بوونەوەدایە، کارداو مادیا دێنە ژوورەوە»
کاردا:
دۆزەخی… گەلی… خرۆشاو

کوورەی غەزەبی داخراو!
کەوتوونە ڕێ… بەرەو کۆشکی،
شای حەپەساو.
مادیا:
ھەزارانن… لە سەر دەستیان

گیانیان، دڵیان، ھەڵ گرتووە،
یان سەربەستی یان مردنیان
بۆ ئەنجام… ھەڵ بژاردووە
«کاوە دەست ئەکات بەخۆکۆکردنەوە، بەرکۆشەکەی ئەکات بە سەری ڕمێکەوە، چەکوشەکەی ھەڵ ئەگرێت، کاردا و مادیاش لەو چەکانەی دانراون ھەر یەکەیان بابەتێک ھەڵ ئەگرێت»
پشتکۆ:
ئەی پاسەوانانی کۆشکی،

زیندە بە زۆر بەچاڵ کردن
دەور و بەریان نەگرتووە؟ !
کاردا:
چواردەوری کۆشکیان تەنیوە

لە سەر ئاگری ترس ئەژین!!
کاوە:
«ڕوو ئەکاتە ھەموویان»
وا ئەم بەر کۆشە لە سەر ڕم،

ڕمی تۆڵە سێن.. ھەڵ ئەگرم…
یان ئەبێتە ئاڵای ژیان
یان بە کفنی سووری گۆڕم
«کاردوخ و زێمری و زاماوا ھەرسێکیان بە پەلە دێنە ژوورەوە»
کاردۆخ:
کاتی قسە نەما… ھیوا،

چاوەڕوانی کردەوەیە
خوێن لە ئێمە داوا ئەکا!
زێمری:
پەلە ئەکا، بانگمان ئەکا
زاماوا:
داوای یەکێتیمان ئەکا…
کاوە:
وا سوێند ئەخۆین…

دوای سوێند ئەڕۆین!!
«ھەموویان لەیەکتر نزیک ئەبنەوە. دەستیان بەچەکەکانیانەوە بەرز ئەکەنەوەو لەیەکیەوە ئەئاڵێنن، دەنگی خرۆشاوی خەڵکیش ھەر لەزیاد بووندایە. «کاوە» سوێندەکان ئەخواو ئەوانیش بەکۆمەڵ ئەیسێننەوە…»
سوێندە، سوێندی کورد پەرستی

سوێندی سەرشۆڕی نەویستی
سوێندی بڕوا و خۆشەویستی…
سوێندی لە خۆ… داماڵینی،
بەرگی نۆکەری و ژێر دەستی
سوێندە، سوێندی کورد پەرستی
سوێندە بۆ خۆری سەربەستی
***
سوێندە ھەموو ئەیڵێینەوە

سوێندە کە ناگەڕێینەوە
***
سوێندە بەو خوێنانەی ڕژان

بوون بە چراوکی ڕێی ژیان
سوێندە بەو سکانەی سووتان
سوێندە بە فرمێسکی دایکان
سوێندە بەو زەردەخەنانەی،
لە سەر لێوی کۆرپە کوژران.
***
سوێندە ھەموو ئەیڵێینەوە

سوێندە کە ناگەڕێینەوە
***
سوێندە ئەیخۆین بەو زمانەی

بوونی کوردی پێ پژاوە
سوێندە ئەیخۆین بەو وڵاتەی
کوردستانی دایکی ناوە:
بە شاخ و داخ و ڕووباری
بە بێشەی چڕ و نزاری
بە ھەموو مشتە خۆڵێکی…
بە ئاو و بەرد و داری
***
سوێندە ھەموو ئەیڵێینەوە

سوێندە کە ناگەڕێینەوە
***
سوێندە بە ڕم بە تیر… چەکوش

بە مەچەکی ھەڵگرانی
سوێندە بە مەشخەڵی شۆڕش
بە کڵپە و گڕی سووتانی
سوێندە ھەموو ئەیڵێینەوە
سوێندە کە ناگەڕێینەوە
«بەدەم وتنەوەی ئەم بەیتەی دواییەوە لەگەڵ پەردە داکشاندا ئەچنە دەرەوەو لەھەمان کاتا دەنگی خرۆشاوی خەڵکەکە تەواو شانۆ پڕ ئەکاتەوە»

پەراوێز edit