ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
١٠. تابلۆی نۆھەم
«جێگا کۆشکی ئەژدەھاکەو ژووری شاھانەی، کات دەمە و ئێوارە، ئەژدەھاک خۆیو لۆلۆ و خەزنەدارو ھەموو دەست و پێوەندەکانیو پاسەوانەکانی کۆبوونەتەوە، شڵەژاون و شپرزەن، دەنگ و ھەرای خرۆشاو و ڕاپەڕیوی میللەت ئەبیسن، لەو پەنجەرەیەوە کە بەسەر ڕووکاری دەرەوەدا ئەڕوانێ، ئەژدەھاک تەماشا ئەکات و پشتی لە دانیشتوانە، وەزیرو دەست و پەیوەندیش لە شپرزەییدا ھەر بە یەکا دێن.»…
ئەژدەھاک:
«لە دوای وەرچەرخانەوە و ماوەیەک بە پەلە ھاتوچۆ کردن»
گاگەل برسین، گاگەل زۆرن

سەر بە قۆچی تووڕە و مۆرن
گاگەل مل لە چەقۆ ئەسوون!
ئاگری ئەجەل ھەڵی گرتوون:
وا بەرەو کۆشکی من ھاتوون
- پشوویەک -
دەنگی سەگەل، بەزم و ڕەزمی

ئاھەنگی ئەمشەوی کۆشکی
لێ شێواندم!
تا خەیاڵی مەست بوونیشی،
لێ تەراندم! …
«پاسەوانێک دێتە ژوورەوە و ئەنوشتێتەوە»
پاسەوان:
گەورەم… مژدە!

ئەوا لاکی دەیان ڕووتە
لە ناو چەقی ڕێدا کەوتوون
خڵتانی خوێنی خۆیان بوون
ئەژدەھاک:
«بە تووڕەییەوە»
دەیان، دەیان، بڵێ سەدان

یان ھەزاران…
سەگ ڕاناگرم، بۆ قوروسکان!
«پاسەوانەکە ئەچێتە دەرەوە»
«پاش تۆزێ بیرکردنەوە»
- پشوویەک -

بەڵام ھەزاریش بەڵایە
ھەندێ ناخۆشیی لە دوایە
«ڕوو ئەکاتە ھەموویان»
ئەزانن بۆ؟ !
«ڕوو ئەکاتە لۆلۆ»
تۆ پێم بڵێ.. تۆ…تۆ…لۆلۆ!
لۆلۆ:
«بە شڵەژاوییەوە»
گەورەم… چونکە… چونکە «ئۆتۆ»

ئەیان بەخشێ بە تەختی تۆ!
ئەژدەھاک:
«بە گاڵتە پێ کردنەوە»
بە عەقڵی تۆ!
«پشوویەک لە سەر قسە کردن ئەڕوات»
ئەی تۆ چی ئەڵێیت خەزنەدار

بۆچی بە بەڵای بزانم لاکی ھەزار؟ !
خەزنەدار:
«بە شڵەژاوییەوە»
چونکە… چونکە…بەزەیی شا

ئەجووڵێ بۆ دەردو سزا!
ئەژدەھاک:
نە و…نە و… ھەموو ئەبزڕکێنن

ھەموو قسە ئەدۆڕێنن!
«پشوویەک و دوای قەیرێ ھاتوچۆ کردن ڕوو ئەکاتە ھەموویان»
ئەزانن بۆ؟ .

لاکی ھەزارانم ناوێ!
چونکە سبەی کە ڕۆژ ھەڵھات
دنیا تۆزێ گەرم داھات
بۆگەن ئەکەن!!
دەروو ناوی کۆشکی جوانم!
لەو بۆنە پیسە پڕ ئەکەن
- سەرداری کۆشک بێ سەر ئەکەن -
- پشوویەک -
ئەزانن من چۆنم ئەوێ!

من وام ئەوێ:
کەم.. بکوژرێ
بەڵام.. پاشماوە.. دەست بەستە!
گشت بگیرێ
لە دواییدا… کۆمەڵ…کۆمەڵ!
بۆ ناو دەریا فڕێیان دەن
بە خۆراکی ماسییان کەن!
من وام ئەوێ
لۆلۆ:
پاشای گەورە…چ…خواستی بێ

خوا و فریشتەش ئەوەی ئەوێ!!
خەزنەدار:
فەرمایشتە… قسەی بەجێ،

پیلانی ڕاست ھەر وا ئەبێ؟
- پشوویەک -
ئەژدەھاک:
ئادەی… ئێستا!

ئا بزانن… گاگەل… ھێشتا!
قۆچ لێ ئەدەن!
یان ماندوو بوون و برسێتیی!
کۆڵی شکستی پێ داون!
«دوو پاسەوان بە پەلە ئەچنە دەرەوە بۆ تاقیب کردن»
«لە دوای پشوویەک، ئەژدەھاک لە سەر قسە کردن ئەڕوات»
کۆیلە… کۆیلە… کێ بیستوویەتی

کێ دیوێتی… ھەتا ئەمڕۆ!
زمانی قسەی بێتە گۆ!
کۆیلە… کۆیلە… کێ بیستووێتی! :
سەربەست… بڕوا
سەربەست… بخوا
کۆیلە… دیلە… کۆیلە… بەندە
کۆیلە تاکوو مردن عەبدە!
«دوو پاسەوانەکە دێنە ژوورەوە و ئەنووشتێنەوە»
یەکەمیان:
گەورەم…ڕەش و ڕووتی… برسیی

وەک گەڵای دار لێ کوژراون
بەڵام ئەوانەی کە ماون
بەسەر لاکا، لاکی یەکا…
ھەنگاو ئەنێن… دێنە پێشێ!
دووەمیان:
گەورەم…زۆرن…بێ شومارن

وەک شێت ھاری پەلامارن
سڵ ناکەنەوە… لە مردن!
ئەژدەھاک:
«بە تووڕەییەوە»
مادام وایە… پێیان بڵێ

تا لافاوی خوێن ھەڵ ئەسێ
ھەتا بە کۆمەڵ غەرق ئەبن
با بکوژن… ھەر بکوژن!
دەست نەپارێز.. دەست ھەڵنەگرن
وەک دروێنە، دروێنە کەن
داڵ برسێتی.. چاوەڕوانی،
لاکی کۆیلەی مردوو ئەکەن
«پاسەوانەکان ئەچنە دەرەوە»
- پشوویەک -
ئەژدەھاک ئەچێتەوە لای ئەو پەنجەرەیەی بەسەر ڕووکاری دەرەوەدا ئەڕوانێت پاش قەیرێ تەماشاکردن ئەڵێت:
ژیان پەندە… پەند وەر ئەگرم

پەند لە ڕۆژانی ڕابردوو…
بڵێن… چی کەم؟ ! ..
بۆ ئەمجارە بۆ داھاتوو
زمان ھەمووی ئەسووتێنم
لاڵم ئەوێ!
ژیانیان ڕیشەکێش ئەکەم!
بڵێن: چی کەم؟ ..
وەک وڵاخ ئەیانخەسێنم
پیاوم ناوێ!
دیلم ئەوێ..
دیلم ئەوێ!!
لۆلۆ:
گەورەم ھەر تۆ دڵتەنگ مەبە

چیت بوێ ئێمە وا ئەکەین
بۆ ئەم جارە.. کەس دەرناکەین!
ھەتا دوا یەک ڕسوا نەکەین
خەزنەدار:
ھەر تەنیا.. شا.. دەربەست نەبێ

چۆن بڵێ ئێمە وا ئەکەین
- پشوویەک -
«لە پاش کەمێ ھاتوچۆ کردن بەتووڕەییەوە ئەژدەھاک وەرئەگەڕێتەوەو ئەڵێت»:
ئەژدەھاک:
چیم بۆ ئەکەن.. چیم پێ ئەڵێن

قسەی زلی ژووری گەرم
درۆی زەقی نەبووی بەڵێن..
کۆشکم پیاوی وەک ئێوەی بوو،
بۆیە عەبد ھاتنە سەرم!
- پشوویەک -
کە ئەمپرسی، چۆنە ھەواڵ؟

ھەور بوایە، تۆفان بووایە
لە منتان ئەکرد بە ساماڵ!
دەستی «وایە»!
بە ڕۆژ ھەفتە و مانگ و ساڵ
لە سەر سنگتان ڕاوەستا بوو
ھەموو شتێ ھەر تەواو بوو!
لۆلۆ:
گەورەم.. ھەرچەند…سەرزەنشتی

ئێوەی سەردار.. وەکوو بەرد بێ
لای من گوڵێکە تێم ئەگری..
بەرزییم زیاتر پێ ئەبەخشێ
خەزنەدار:
توانج و سەرزەنشتی شا

چاوی ھۆشمان ئەکاتەوە!
ڕوومان زیاتر سپی ئەکا!
لۆلۆ:
پاشای پایەدار بزانێ

لە کۆمەڵی ڕەش و ڕووتا
لە ناو دنیای ڕووت و قووتا!
گەلێ ویژدانمان کڕیوە!
بە نھێنی… زۆر پوازی
ناکۆکیمان داتاشیوە!
ئەژدەھاک:
باشە.. ئەنجام؟

من ئەنجامم ئەوێ ئەنجام؟ ..
لۆلۆ:
کرمی پواز.. کە داری خوارد

لە ناوەوە پووتی ئەکا!
بە چاو ئەڵێی قەت ناکەوێ،
کە خۆی نواند..
بەڵام لە پڕ کاتێ بینیت
بەلادا ھات!
خەزنەدار:
کاتێ بەلادا ھات.. ئەمرێ

ئیتر ئەنجامی سەرکەوتن!
داوێن لە تەختی شا ئەسوێ!
ئەژدەھاک:
«ئەچێتەوە لای پەنجەرەکە و گوێ ھەڵئەخات و ئەگەڕێتەوە ئەڵێت:»
وشەی سەربەستیم.. دێتە گوێ

سەربەستی بۆ ژیانیکێ؟ !
بۆ ئەوانەی خۆم کڕیومن؟
ھەر بە دیلی بوون و دیومن؟
بۆ کۆیلە؟ .. یان بۆ سەپان؟
- پشوویەک -
«ئەو پاسەوانەی لەوەوبەر چووە دەرەوە، بە پەلە دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە و ئەڵێت»:
پاسەوان:
گەورەم وەکوو شەستەباران

تیر ئەبارێ.. بۆ سەر سەری،
بۆ سەر دڵی گوناھکاران!
بەڵام گەورەم دەریای ئاگر
تا بێ شەپۆلی گەورەتر
ئەکا بە گژ کۆشکی بەرزا
لەم کاتەشا.. ھەواڵێکیش،
ھات و بەسەر، سەر گلێنەی..
چاوی ھەموومانا چزا!
ئەژدەھاک:
ئەی چاو کوندەپەپوو.. دیارە

ئەو ھەواڵەی کە بە تۆ بێ
زریکەی ئێش و ئازارە..
بەڵام.. بیڵێ!!
پاسەوان:
بەزامەوە..

زامی خوێنی لەبەر ئەڕوا
گۆتۆی سەرکردە ھاتەوە
بەڵام.. ھیوا..
لە چاویا کوژاوەتەوە!!
ئەژدەھاک:
چۆن ئەبێ چۆن؟ کوا لە کوێیە؟

ئەوەی ھەمبێ ھەر گۆتۆیە..
ھەر گۆتۆیە، ھەر گۆتۆیە!!
پاسەوان:
لەبەر دەستی حەکیمانا

لەبەینی مان و نەمانا
لاشەی خوێناویی کەوتووە!
لەش بێ جووڵە.. چاو نووستووە! ..
ئەپاڕێینەوە.. لە «ئۆتۆ»
ھەڵسێتەوە سەرپێ گۆتۆ
لۆلۆ:
ھەواڵێکە.. بۆکوڕووزی

جەرگی ھەڵقرچاوی ھانیی
ھەواڵێکە.. گەڵاڕێزی
بەھاری تاساوی ھانیی
خەزنەدار:
ھەواڵی.. ژاکاوی ھانیی

تەمی بەری چاوی ھانیی
ئەپاڕێینەوە لە «ئۆتۆ»
لە «ئانانا»، «ئینکی»، «نامۆ»
ھەڵسێتەوە، چاک بێتەوە
سەرکردەی پاڵەوان.. گۆتۆ
ئەژدەھاک:
«بە تاسەیەکی بە کوڵ و پڕ لە ناسۆرەوە»
کاری پێچەوانەی ژیان

دەستووری ئاوەژووی دنیا!
وا ئەسوڕێ ژان لە دوای ژان
لە ناوەختا، ھەمووی یەکخا،
ڕێکەوت، بەخت، چی پێ ئەڵێن،
ناو لێ ئەنێن!
کاتێ ھاتن بۆ ناخۆشیی،
یا خود خۆشیی، بە کۆمەڵ دێن!
لۆلۆ:
پاشای گەورە… بە دوای ژانا

ژانی کڕێوەی زستانا!
گوڵی بەھار لە دایک ئەبێ
لە باخچەی کۆشکی شاھانا!!
ئەژدەھاک:
«ڕوو ئەکاتە ئەو پاسەوانەی ھەواڵی بریندار کردنی گۆتۆی ھێناوە»
بڕۆ ھەواڵم بۆ بێنە

سۆراخ زوو زوو بە ئەنجام دە!
تا بزانم گۆتۆ چۆنە؟
«خەریکە بڕواتە دەرەوە بانگی ئەکاتەوە»
ڕاسپێرە.. با.. لاسیراب

لە بەردەمما ئامادە بێ
ھەر ئێستە بێ…
دوا نەکەوێ
پاسەوان:
بەڵێ گەورەم ھەر ئێستە دێ!
«ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەھاک:
«لە دوای ماوەیەک بێ دەنگی و ھات و چۆ کردن و بیر کردنەوە ئەڵێت»:
دەربەدەری، داڵدە نەبوون

زۆران لەگەڵ مەرگا ئەگرێ..
کەواتە ئێستە فەرەیدوون
وەک سەگ بە کۆشکم ئەوەڕێ
سەرچۆپی کێشی ناو گاگەل!
ئەبێ ئەو بێ!
مەرگ ھێنایەوە ئێرە!
با بەخێر بێ!
لۆلۆ:
گەورەم.. کێ ناڵێ… ئا ئێستا

لە خوێنی خۆیدا ناگەوزێ
لە مەیدانی بەر کۆشکتا
خەزنەدار:
وەکوو چەقەڵی ترسنۆک

بۆ مریشکی ناو ئاوایی
چۆن بە دزە دێتە سەر چۆک
بە فێڵ… فێرە!
وایش فەرەیدوون بە نھێنی
مەرگ ھێنایەوە ئێرە..
ئەژدەھاک:
ئەوا.. ڕۆژێک.. نە و…ھەفتەیەک

بە برسێتی وا مانەوە،
بەرگەیان گرت.. ئەی دوای ئەوە؟
ئەبێ چی بکەن؟ بۆ کوێ ئەڕۆن؟
ئەبێ لاکی یەکتر بخۆن
ئەی دوای ئەوە؟ . ئەبێ بمرن..
یا ئەوەتا کۆیلە بن..
وەکوو جاران.. ھەتا مردن!
کڕنوش بردن!
««لاسیراب»ی جاڕچی کۆشک دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
لاسیراب:
پاشای گەورە.. ئەوا ھاتووم

لە بەر تەختی بزورگتانا!
کڕنوش بردووم!
سەرم وا لە پێناوتانا!
ئەژدەھاک:
دەنگ زل، لاسیرابی جاڕچی

باش بوو ھاتی
ئەزانی چی؟
لاسیراب:
فەرموو.. قوربان.. ھەرچی بڵێی

ژیانیشمی.. ئەخەمە.. ڕێی!
ئەژدەھاک:
ئا.. کەواتە.. گوێم لێ بگرە

زۆر لە جاران وریاتر بە
خۆت ئەزانی ھەندێ برسی
ئەمشەو تۆزێ دڵیان گرتووم
چاکتر وایە جاڕێ بدەی..
کە قەیناکا لێیان بووردووم
تا بڵاوەیان پێ بکەی..
خۆت ئەزانی..
زەوی تێر بوو، خوێن ناچێژێ
پێیان بڵێ.. با لەمە زیاتر نەڕێژرێ!!
لۆلۆ:
قسەی شای گەورە پەسەندە.
خەزنەدار:
گەوھەر و یاقووتی پەندە.
لاسیراب:
«بە ترسەوە»
بەڵام گەورەم پاشای مەزن

برسی زۆرن!
یەک دوو ھەزار زیاتر ئەبن
گوێم لێ ناگرن..
با دەنگیشم گڕوو زل بێ..
لە چاویاندا…
وەکوو فوویەک وایە تەنیا
بیکەی بەناو ڕەشەبادا!
ئەژدەھاک:
«بە تووڕەییەوە لە لاسیراب ئەچێتە پێشەوە»
وا دیارە بەر لەوەی بچیت

زۆر حەز ئەکەیت لێرە بمریت!!
لاسیراب:
«بە ترسەوە»
بەڵێ.. گەورەم.. ئەوا ئەڕۆم…

پەشیمانم ئەوا ئەڕۆم
«بە شڵەژاوییەوە ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەھاک:
«دوای کەمێ ھاتوچۆ کردن»
ھەرکاتێ تەوقی عەبد شکا

پێیان لە پێوەند ترازا
کەوتنە ئەوەی شیر ھەڵکێشن
مانای وایە زەنگ لێ درا
زەنگێ پێم ئەڵێ: ئەژدەھاک
وریابەرەوە ڕاچڵەکە!
دەستی زەبروزەنگ شل مەکە!
ھەناسەیەک لە دەست مەدە
تەخت و بەختت بپارێزە!
خوێن بڕێژە…
ئەگینا.. ئەنجام.. ستەمە!
زۆر ستەمە… زۆر ستەمە!
لۆلۆ:
بەڵام گەورەم، قەڵات سەختە

کێ ئەتوانێ بگاتە.. ئەم، :
تاج و تەختە! ؟
کێ ئەتوانێ دڕ بە شوورەی،
کۆشکی بەرز و بەردین بدات؟
کێ ئەتوانێ؟ .. کێ شەڕ لەگەڵ،
سێبەری خواکانا ئەکات؟
خەزنەدار:
ھەتا ئەمڕۆ ژین وا ئەڵێ:

تاج نانەوێ، شا ناکەوێ
ئەژدەھاک:
ئەمە ڕاستە، ئەبێ وابێ!

بەڵام ھەر کاتێ دەستی دیل
گەیشتە ڕم، گەیشتە تیر
مانای وایە: زەنگ لێ درا
- پشوویەک -
«پاسەوانێک بە پەلە و شڵەژاو، دێتە ژوورەوە»
گەورەم وا لافاوی ھەستاو

لافاوی خەڵکی خرۆشاو!
شوورای یەکەمینی ڕادا!
لە جێی خۆی تلیسایەوە!
ھەرچەند کرا،
تەوژمی ڕق بەربەست نەکرا!
ئەژدەھاک:
«بە شپرزەییەوە ڕوو ئەکاتە ھەموویان»
من پێم وتن.. زەنگ لێ درا..

فریا کەون… من پێم وتن..
لۆلۆ:
«ڕوو ئەکاتە پاسەوانەکە»
ئێوە جێتان قەڵای سەختە

سەنگەری شەڕتان قایمە!
ئێوەی پڕچەک تیرو و پۆشتە
چۆن ئەبەزن؟ چۆن ئەھێڵن!
کۆیلە شوورەی بەرزی کۆشک!
داگیرکەن و بڕوخێنن..
خەزنەدار:
یان ئەوەتا ئێوەش لەگەڵ…

کۆیلەدا دەست تێکەڵن..
یان ئەوەتا ترسنۆکن..
سەنگەریان بۆ بەجێ دێڵن!
ئەژدەھاک:
ئەبێ وابێ، دەست تێکەڵن

ئەم قسەیە ئەسەلمێنم..
لە ژێرەوە ھەبێ و نەبێ…
دەست تێکەڵن..
ئەم قسەیە ئەسەلمێنم!!
پاسەوان:
گەورەکانم.. نمەکی.. شا

کوێرمان ئەکا.. گۆجمان ئەکا!
گەر بێت و پشتی لێ ھەڵکەین
لەگەڵ عەبدا دەست تێکەڵ کەین
بەڵام.. بەڵام.. گەورەکانم
شتێک ھەیە دەستی بەستووین
چاوی گرتووین..
ئێمە جێمان.. قەڵایەکە..
سەخت و کون بڕ..
ئێمە…..
ئەژدەھاک:
«قسەکانی پێ ئەبڕێت»
ئەی چۆن ئیتر..

تۆ پێم ئەڵێی بەربەست ناکرێ!
ئەی چۆن ئیتر! ..؟ ..
پاسەوان:
گەورەکانم.. شتێک ھەیە..

تێی نەگەشتووم.. ناوی چییە؟ ..
جادووی گیانی نەھێنییە؟ ..
یاخود چاوی تەلیسماوی..
فریشتەکانی ئاسمانە! ..
یان ھێزی دەستی خواکانە
لەناو دەروونی ئەوانا! ..
دێت و ئەچێ..
تینی ئاگریان ئەداتێ
ھێزی بڕوایان ئەداتێ
ترسی مردنیان دەر ئەکا!
شەڕیان لەگەڵدا پێ ئەکا!
گەورەکانم.. شتێک ھەیە
لە چاویانا… تیشک ئەھاوێ!
لە گیانیانا.. گڕێک ھەیە..
ئەستێرەی پڕیشک ئەھاوێ!
گەورەکانم: ئەو پڕیشکە..
گڕوو.. تیشکە! ..
لە چاوی ئێمەدا نییە..
لە گیانی ئێمەدا نییە..
ئەژدەھاک:
ئەم قسانە بۆ من مەکە..

ئەمە ڕێی خۆ تەفرەدانە..
قسەی پیاوی ترسنۆکە!
«لە پاش ماوەیەک ھاتوچۆ کردن و بیر کردنەوە ڕوویان تێئەکا»
بیھێننە بەرچاوی خۆتان:

ماوەیەک بێ دووروو درێژ
شێر برسییبێ
پلێ گۆشت چییە.. نەیدیبێ!
چاوی سووری.. لە تاوانا،
دەرپەڕیو بێ، ئارام نەگرێ
قەپاڵ لە شیشی ئاسنی،
قەفەز بگرێ
بیھێننە بەر چاوی خۆتان
لەو شێرانە.. بەربنە ناو
کۆمەڵی ڕووتەی خرۆشاو
ئەبێ چی بکەن؟ ..
ئەبێ لاشە چۆن ئەنجن کەن! ؟
چۆن بیپچڕن، چۆنی وردکەن..؟
بیھێننە بەر چاوی خۆتان!
لۆلۆ:
دیمەنێکە موچوڕکەی ترس

دێنێ بەسەر تاپای لەشا
دیمەنێکە لە خەویشا
مایەی زەننەق چوونی عەبدە!
پاشای گەورەم
ئەم بیرە، بیرێکی وردە
ھەلی چاکە، داوا ئەکەم
شێری برسی.. ئێستا بەردە!
خەزنەدار:
ھەر شێری برسی ئەزانێ

چۆن کۆیلە و عەبد بخوا!
ھەر شاڵاوی ئەو ئەتوانێ..
دڕ بە دوژمنانی کۆشک بدا!!
ھەلی چاکە، با خوانی وا
پێشکەشی شێری برسی بێ
با تێر بخوا!!
ئەژدەھاک:
«ڕوو ئەکاتە پاسەوانەکە»
کەواتە تۆ.. بڕۆ ئێستا

چاوەڕوانبە تا «لاسیراب»
جاڕ بۆ تەمێی دوایی ئەدا..
ئەگەر ھاتوو.. لە دوای ئەوەش..
ئەو قسانە دادی نەدا!
ئەوسا ئیتر.. ڕامەوەستە
بیکەنەوە.. دەرگای ئاسن!
با شێری برسیی دەرپەڕن! ..
شاڵاو بەرن.. لەش ئەنجن کەن
ئێسک و پروسک تێک بشکێنن
دوایی بەم ژاوەیە بێنن!!
پاسەوان:
بەڵێ گەورەم… فەرماییشتتان

لە سەرسەرمان!
«ئەڕواتە دەرەوە»
ئەژدەھاک:
«دوای ھاتوچۆ کردن و بیرکردنەوە ڕوو ئەکاتە لۆلۆو خەزنەدار»
زەردەواڵە، کە ورووژان

بە دەست یەک یەک چزوو ناکرێن
بۆت ناگیرێن..
بەڵام کە شا پڵیتەی سووتان
خرایە ناو کونی شاریان
ئیتر تەواو دا ئەمرکێن!
- پشوویەک -
جوتیار، ئاسنگەر، ئاشەوان

زمانیان گرت.. بوون بە ئینسان!
لە من ھەستان؟ ! ..
«ئەو پاسەوانەی لەوەوبەر ھەواڵی بریندار بوونی گۆتۆی ھێنا بوو، دێتە ژوورەوە، بە شپرزەییەوە ئەڵێت»:
پاسەوان:
گەورەم.. پاشا.. کۆستی ناوەخت

کۆستی جگەربڕمان وا کەوت!
زام خوێنی نەگیرسایەوە
دوا تروسکەی چاوی گۆتۆ..
بەتەواوی کوژایەوە!
«دوای قەیرێ ڕاوەستان ئەنوشتێتەوە و ئەچێتە دەرێ»
ئەژدەھاک:
«لە دوای حەپەسان، بە نائومێدییەوە ئەڵێت»
گۆتۆم! گۆتۆی سەرکردەم مرد؟ !

پارێزەری تاجەکەم مرد؟ ..
گۆتۆم…گۆتۆم… گۆتۆم چۆن مرد؟ ..
لۆلۆ:
کۆستێکە زل، ڕۆژێکە شووم

ھەواڵێکە گڕەی دۆزەخ…
ئەدا لە ڕووم
ئەنجامێکە کە دەسەڵات
ناتوانێ قسەی تیا بکات!
خەزنەدار:
بۆ ئەم ھەواڵی ناسۆرە

وەکوو گڕی دارستانێ
چۆن بسووتێ..
خەمی گیانم ئا بەوجۆرە
کڵپە ئەکا وا ئەسووتێ!
ئەژدەھاک:
ھەتاکوو گۆتۆ زیندوو بوو

مردن لە کۆشکی من دوور بوو
بەڵام ئێستا کە گۆتۆم مرد!
تارمایی ترس پەیدا بوو
ڕوو شاراوەی ئاشکرا بوو
ھەست بە بوونی، دەنگ و ڕەنگی
جووڵە و بزووتنەوەی ئەکەم..
- پشوویەک -
بەڵام بواری ترس نادەم

بێتە پێشێ.. من ئەبێ دەست
دەستی تێ سرەواندن پێشخەم!
لۆلۆ:
ئەژدەھاکی گەورە ئەبێ

بەسەر مردنا سەرکەوێ!
خەزنەدار:
ژین ھەتا ئێستا وا ئەڵێ

شا ناکەوێ.. تاج ناکەوێ!
ئەژدەھاک:
«لە دوای ئەوەی دەنگی نەڕەی شێری برسی بەڕەڵا بوو بە ئاشکرا ئەبیسێت:»
ئادەی.. ئادەی.. با شاڵاوی

چنگی ڕقتان.. پڕ ئازار بێ
ئادەی.. ئادەی.. با خوێناوی
کۆیلەکان بە ڕووبار بێ
ئادەی.. ئادەی.. با کەڵبەتان..
کەڵبەی لە ئەڵماس تیژترتان!
کەڵبەی ناو دەمی برسیتان
ئێسک و پروسک وەک خۆڵ ورد کا!
ئادەی.. ئادەی.. با کەڵبەتان..
وەک کینەی ئەژدەھاک وابێ
ئادەی.. ئادەی.. ئادەی.. ئادەی!!
- پشوویەک -
لۆلۆ:
گەورەم ھەرچەند ئەمشەو ئازار

بوو بە گرێی دڵی ھەزار
بەڵام چاوەڕێین بەربەیان
مژدە بێنێ وەکوو بەھار
بڵێ: سەرکەوت ئەژدەھاکی،
پاشای جیھان
خەزنەدار:
چاوەڕوانین تا خۆر ھەڵدێ

تا ئەم شەوە کۆتایی دێ
ئەژدەھاک:
چاوەڕوانی، ئێشک گرتن

کەی ئەنجامن! بۆ برینی،
ئازاری شەو ساڕێژ کردن
چاوەڕوانیی، چاوەڕوانیی
کۆتایی بە کام شەو ھانی
- پشوویەک -
«پاسەوانێک بە شەڵەژاوی دێتە ژوورەوە»
پاسەوان:
گەورەم دۆزەخی داخراو

دۆزەخی خەڵکی خرۆشاو
قیامەتی.. دڵ پڕ لە قین
نە شوورەی بەرد.. بەرگەی ئەگرێ
نە قەڵای دەرگا ئاسنین
ئەژدەھاک:
ئەی شێری دڕ، شێری برسی

قولاپی چنگی داماڵیین
کەڵبەی ژەھرین؟
پاسەوان:
دادیان نەدا، ھەر زوو بەزین!
لۆلۆ:
ئەی ئێوە چین؟
پاسەوان:
گەورەکانم بێ ھودە بوو

ھەرچی ڕەنجێ ئێمە دامان
چاری نەبوو..
بەر بەست نەکران!!
ئەژدەھاک:
گەیشتنە کوێ؟ ئەنجام چی بوو؟
پاسەوان:
شوورە لەدوای شوورە ڕما

قوللەی قەڵا داگیرکرا!
زیندان ڕووخا..
بەندی گیراو.. سەربەست کرا!
گەورەکانم ھەر بەکۆمەڵ
لێیان ئەخەین! لێ ئەکوژین
بەڵام وەکوو ئاوی کانی،
لە ھەموو بستە ئەرزێکا..
ھەڵئەقووڵێن!
شتێک نییە چاریان بکات
بڕوایان وەکوو ھەورازی،
پلەی سەختی کێوی بەرزی
وڵات وایە! داگیر ناکرێ!
تیشکی چاویان! وەکوو تیشکی
خۆر وایە بە دەست ناگیرێ
- پشوویەک -
ھاکا.. شەپۆلی.. ترسناک

گەیشتە ژووری ئەژدەھاک
گەورەم.. ئەنجام: نووتەک، تارە
سەر دەرکەین ماڵ بێ پرسیارە؟
«ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەھاک:
من ڕاناکەم.. تا شیرەکەم

لە پێش مردنا ماچ نەکەم!
کوا شیرەکەم؟
«پاسەوانێک شیرەکەی بۆ ئەھێنێ»
لۆلۆ:
با بەر لەوەی دەستی برسی

بمانگاتێ.. خۆ دەرباز کەین
خۆزگەی ناحەز نەیەتە دی
سەری پاشا سەرفراز کەین؟ ..
چونکە گەورەم مانەوەی وا
بەرەو شەوەزەنگمان ئەبا..
لەگەڵ مەرگا چۆن شەڕ ئەکرێ
دەست چۆن پشکۆی ئاگر ئەگرێ؟ ..
خەزنەدار:
گەورەم.. پاشا.. خۆدەرکردن

واتا بۆ ئێمە سەرکەوتن..
ئەژدەھاک:
«بەتەوس و پێکەنینەوە»
کاتێ ھێزم لە دەستا بێ

من چی بڵێم.. ھەمووشتێ..
ئەڵێ ئەبێ.. ئەبێ وابێ
ھەتا سروشت.. ئاسمان.. دەریا
پرشنگی خۆر.. لووتکەی چیا
کڕنووش ئەبەن
سەر شۆڕ ئەکەن..
لە بەردەمما.. لە بەر پێما!
- پشوویەک -
بەڵام کاتێ کە دەسەڵات

کەوتە سەر ڕێی ھات و نەھات
ڕێکەوت کەوتە پشت ھەڵکردن
ھەموو شت پشتم تێ ئەکات..
ھەتا ئێوەش.. ھەتا ئێوەش
ڕووی نۆکەریی وەر ئەگێڕن
ڕێم لێ ئەگرن!
- پشوویەک -
بەڵام ھەر وا بە ئاسانیی

ڕێگەی مەترسیی دەرناکەن
چۆن ئەیەڵم پەشیمانیی
بە پەنجە گەستنێ دەرخەن
چۆن ئەیەڵم دوای مردنم
بژین وەکوو جاری جاران
بۆ نوشوستی و ژێرکەوتنم
ھەر من بکەن بە ناونیشان
چۆن ئەیەڵم کەچڕنووکی
ئێوەی بێ وەفای پشیلە!
پێستی شاھانەم داڕنێ
چۆن ئەیەڵم دڵی سپڵە
دوای مردنم پێ بکەنێ
- پشوویەک -
وەک ژن خزاونەتە پاڵ من

شایستەن بۆ ئەتک کردن..
ئەتانەوێ بەقسەی زل
ترسنۆکیی ئارایشت کەن
ڕێگە نادەم.. چۆن ئەیەڵم..
بە ئاسانی وا پشت ھەڵکەن
- پشوویەک -
«سەربازێکی لەش خوێناویی بە شپرزەییەوە خۆی ئەکا بە ژوورا»
پاسەوان:
ئومێد نەما.. وا قەڵا و کۆشک

بۆ یاخی بوو ھاتنە سەر چۆک
ئەو شوێنەی ڕووناکیی تیایە
تەنیا ھەر ژووری پاشایە
داگیرسێنی.. ئەم ئاگرە
سەرکردەی ئەم ڕێی بەڵایە
گەورەم.. کاوەی ئاسنگەرە
«ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەھاک:
«ڕوو ئەکاتە لۆلۆ و خەزنەدار»
دەست بە زاخا کردن وایە

تەفرە و مل شکاندن وایە
وتم کاوە وەچەی شەڕە
سەر پەڕاندن بەو ڕەوایە
وتیان: ئەمە پەلەی تیایە!
دەستتان بڕیم.. کوێرتان کردم
بە ڕێی مردنتانا بردم
ئێستەش ئەتانەوێ ڕاکەن..
دڵنیابن قەت ڕا ناکەن
«ئەژدەھاک شیرەکەی ھەڵ ئەکێشێ و بەدەم ئەم قسانەی خوارەوە لۆلۆ و خەزنەدار ئەکوژێت»
با بیچێژن ئەو ژاراوەی

خۆتان کردتانە کاسەوە
با کڤەی بێ ئەو خوێناوەی
خۆتان لێتان ئەخواردەوە!
«ھەردووکیان ئەکەون و ئەمرن»
«دوای لێدانی مۆسیقایەکی تایبەتی و پشوویەک کە ماوەیەک ئەخایەنێت، ئەژدەھاک لە بەر خۆیەوە:»
ئەژدەھاک:
تەنیام.. تەنیام.. مامەوە خۆم

ئەی خۆم ئەبێ بۆ کوێ بڕۆم؟
ڕێی شەوی مەرگ ترسناکە
ھەموو شتێ.. ھەردوژمنی
ئەژدەھاکە! ..
چاوم لێیە.. چەم.. چیا.. ھەرد
چاوم لێیە تا دار و بەرد
تا.. تاجەکەم.. تا.. تەختەکەم
تا کەلوپەلی ژوورەکەم!
منیان ناوێ لێم بێزارن
بۆ مردنم.. چاوەنواڕن
- پشوویەک -
کوا دڵۆپێ فرمێسک ڕشتن

کوا ئاخێکی گەرم ناشتن!
کوا بەزەیی سەر ڕوخسارێ
کوا.. تکایە؟ کوا ھاوارێ؟
کوانێ ئەو دەستانەی ئەڵێن
بۆ تەنگانە درێژ ئەکرێن
نایانبینم.. ھەموو ون بوون
ھەموو وەک ئەمانە مردن
«مەبەستی لۆلۆ و خەزنەدارە»
- پشوویەک -
«لەم کاتەدا و لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی خرۆشاوی میللەتدا کاوەی ئاسنگەر خۆی ئەکات بە ژوورا و پڕ بە دەنگ ئەڵێت»:
کاوە:
زاڵم.. وا شەو باری نەویی

وا ڕووناکیی دنیای پڕ کرد
وا کاروانی ئازادیی کورد
بە، بەھاری ھیوای گەیی
زاڵم.. تۆ بۆ کوێ دەرئەچی؟
ئەژدەھاک:
«ڕوو ئەکاتە ھەردوو پاسەوانەکە»
ئەنجن.. ئەنجن.. لەتلەتی کەن

وەک سەگی خوێڕی پەتی کەن!
«کاوە لەگەڵ ھەردوو پاسەوانەکەدا ئەکەوێتە شەڕەوەو بەدەم شەڕ کردنەوە»:
کاوە:
بۆ کێ ژیان..؟ بۆ کێ ئەمرن

بۆ کێ؟ ڕێ بە میللەت ئەگرن؟
ئەی دیلەکانی تاریکیی؟
کوێرە ڕێگا
ئەنجام بۆ ھەڵدێرتان ئەبا!
«لە ئەنجامی شەڕدا کاوە ھەردوو پاسەوانەکە ئەکوژێت و لە ئەژدەھاک ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت»:
کاوە:
ھەر.. ڕوو بەڕووی سڵ نەکردن

شیری تۆڵە ھەڵ ئەکێشین
لە پشتەوە دەستی کوشتن
وەک ترسنۆک ناوەشێنین!
ئەژدەھاک:
کێیە بتوانێ ئەژدەھاک

لە ناوبەرێ.. یان.. بیکوژێ
کێ زات ئەکا.. کێ ئەوێرێ
ڕێی لێ بگرێ؟ !
کاوە:
منم ئەوکەسەی ئەژدەھاک

ماری ناو دەروونی ناپاک
لە ناو ئەبا
منم خوێنی ئەڕژێنم
منم مێشکی ئەپژێنم!
«دەست ئەکەن بەشەڕ، کاوە بەدەم شەڕەوە لە سەر قسە کردن ئەڕوات»:
ئەی جانەوەر

ئەی تارمایی ئەھرەمەنی
تاریکی و شەڕ
داڵدەت نییە، چۆن دەرئەچی
بۆ کوێ ئەچی؟ .
چوار دەوری قەڵات ئاگرە
مەبزوورەوە دەست ھەڵبڕە!
ئەژدەھاک:
ئەژدەھاک و دەس ھەڵبڕین

ئەگەر ئاسمان ئەگەر زەمین
لە یەک بدەن.. من نابینن
دەست بەستە بم
کڕنووش بۆ عەبدی خۆم بەرم
«ئەکەونە شەڕێکی سەختەوە، چەند جارێک کاوە ئەکەوێتە مەترسیی لەناوچوونەوە، تا لەئەنجامدا ئەژدەھاک ماندوێتی تەنگی پێ ھەڵ ئەچنێ و ئەوسا کاوە بە چەکووشەکەی کە ھەر لەسەرەتاوە بە دەستی چەپ ھەڵی گرتووە، ھەڵ ئەکوتێتە سەر ئەژدەھاک و مێشکی ئەپژێنێ، لەم کاتەدا گوردۆی کوڕی بە پڕتاو دێت و باوەش ئەکات بەکاوەی باوکیا، دوای ماوەیەک ئینجا، پشتکۆ. کاردا. مادیا. کاردۆخ. زێمری. زاماو. یەک لەدوای یەک دێنە ژوورەوەو کاوە لەناوەڕاستیانا بەدەنگێکی زوڵاڵەوە ئەڵێت»:
کاوە:
بە لاشەی کوردی قوربانیی

بە خۆری بییر، وا زستانی
تەنگ و تارمان کرد بە بەھار
بە خوێنی دڵ.. بە ئارەقی
چەوسانەوەی ئێش و ئازار
خۆمان لە دەست شەو ڕاپسکان..
کەوتینە ڕێ!
تەوقی دیلێتیمان پسان..
ھەڵمەتمان برد! ..
بە بازووی قاڵی تێکۆشان:
پشتی تاوان،
پشتی ئەژدەھاکمان شکان
با ئەم ڕۆژە جەژنی گەل بێ..
جەژنی ژیان
جەژنی کوردە چەوساوەکان
با ئاگری ئەم نەورۆزە
لە سەر لووتکەی بەرزی وڵات
ھەتا ھەتایە بسووتێ
بڵێسەکەی ھاوار بکات:
بڵێ: نەوەی ئادەمیزاد..
کورد بوو یەکەم ڕاپەڕینی
شۆڕشی سوور بەرپا بکات
کۆتایی

پەراوێز edit