ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس کاوەی ئاسنگەر
١. زانیارییەکان
کەسانی ناو ئەم داستانە:
ئەژدەھاک: شا
گۆتۆ: سەرکردەی لەشکری ئەژدەھاک
لۆلۆ: وەزیری ئەژدەھاک
لاسیراب: جاڕچی کۆشکی ئەژدەھاک
مۆدۆن: جادووگەر
کاوە: ئاسنگەر
گوردۆ: کوڕی کاوە
سارا: ژنی کاوە
پشتکۆ: ھاوڕێی گوردۆ
زێمری: گۆڕھەڵکەن
زاماوە: گۆڕھەڵکەن
کاردا: جوتیار
مادیا: جوتیار
کارون: شوانی ئاژەڵەکان
کاردوخ: ئاشەوان

لەگەڵ
• خەزنەداری ئەژدەھاک
• کۆمەڵانی خەڵک
• تارمایی مردن
• دەنگی سێ کاسە سەر
• سێ تارمایی مردوو
• سێ ڕێبوار
• پاسەوانەکانی ژووری ئەژدەھاک
• سەربازێک
• میللەت.

جێگا و کات
کوردستان، ٦٠٠ ساڵ پێش میلاد.

تێبینی
١. ناوی زۆربەی پاڵەوانەکانی ئەم داستانە، لە ناو ئەو ناوانەدا ھەڵبژێرراون کە لە کۆندا… لە نەتەوەی کورد و ناوچەکانی نراون.
٢. کێشی ھەموو ھۆنراوەکانی ئەم داستانە تێکڕا (کێشی پەنجە)ی «٤+٤»ن و بڕگەکانی بەم جۆرە ئەژمێررێن: «- - - - - - - -» یان نیوەی «- - - -»
٣. چۆنیەتی پەیوەندی بە سەرھاتەکانی ناو ئەم داستانە لە ڕووی مێژوییەوە، تەنھا پەیوەندی خۆ بەستنەوەیە بە ئەفسانەکەیەوە بەو شێوەیەی لە ناو کوردەواریدا بڵاوە، ئەگینا وەکی تر ھەمووی لە زادەی بیری ھونەر خۆیەتی و جۆری لێکدانەوە و زمانی قسەکردن تێکڕا لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەتوانین بڵێین «لێکدانەوە و زمانی» ئەم سەدەیەیە.
٤. ئەم بەرھەمە لە بەر دەستی خوێنەری خۆشەویستایە، سەرەتای دەسپێکردنی ئەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٩ و تەواوکردنی لەکۆتایی ھەمان ساڵا، نەک ١٩٧١، ئەمە جگە لەوەی شوێنی ھەندێ تابلۆکانی ئەم داستانە و لە نێوان گفتوگۆی پاڵەوانەکانا… دەربڕینی ساکار و سادە ھەن… کە زیاتر خۆم ویستومن بەم جۆرە بمێننەوە، بە تایبەتی کە بەرھەمەکە بۆ سەر شانۆ ئامادە کراوە، لە لایەکی تریشەوە ھەر بەو جۆرەی لە کاتی خۆیدا نووسیبووم، ھێشتمەوە و ھیچ دەستکاریەکم تیا نەکرد… ویستم ئەم بەرھەمە بخەمە بەرچاو.
٥. ئەم بەرھەمە، نیاز وایە، لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا لە لایەن تیپی تەمسیلی کۆمەڵەی ھونەر و وێژەی کوردییەوە، لە شانۆ بخرێتە سەر شانۆ، دوای ئەوەی کە دەرھێنەر «مخرج»، چاو بە سەرتاپای تابلۆکان ھەموویدا ئەگێڕێتەوە.
٦. ئەبێ لێرەشدا، لەدڵەوە سوپاسی گەرم و گوڕی، ھاوڕێیانی خۆشەویست وئەدیب کاک «جلال میرزا کریم» فەرمانبەر لە وەزارەتی ڕاگەیاندن و کاک «کمال ڕۆوف محەمەد» بکەم کەلە جێ بەجێ کردنی یاریدەدان و یارمەتیدا بۆ چاپ کردنی ئەم داستانە لەلایەن وەزارەتی ناوبراوەوە، دڵسۆزانە کۆششیان بۆ کردم.
—ش. بێکەس

خوا و فریشتەکان
ئەو خوا و فریشتانەی لەم داستانەدا ناویان ھاتووە، سەرچاوەکانیان داستانەکانی کۆنی ڕۆژھەڵات و بە تایبەتی ئەفسانەکانی دەوری سۆمەرییەکانە. (داستانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتی ڕافدەین نووسینی زانای بەناوبانگی ئینگلیزی «سموئیل ھنری ھووک» (Samuel Henry Hooke) مامۆستای خوێندنی داستانە کۆنەکان لە زانکۆی لەندەندا، گۆڕینی بۆ عەرەبی: یوسف داود عبدالقادر، چاپخانەی دار الجمھوریە، ١٩٦٨. )

ئەھرەمەن: خوای شەڕ
ئانانا: فریشتەی ئاسمان
نانا: خوای مانگ لە ئوور
نیتی: پاسەوانی جیھانی تاریکی ژێر زەمین
ئینکی: خوای جادووگەریو حیکمت و دروستکەری دنیا
ئۆتۆ: خوای ڕۆژ
نامۆ: خوای دەریا
ئانلیل: لە ھەموو فریشتەکان گەورەترو خوای خۆشی و فەڕووپییت
ئاشنان: خوای کشت و کاڵ و دەغڵ و دان
لەھار: خوای ئاژەڵ
سمکان: خوای شاخ و کێو و خاوەن دەسەڵات
ماشۆ: ئەو ڕیزە شاخانەن کە ئاوی مردنیان لێیە
زوو: کوشندەترین باڵندە، بەپێی ئەفسانەکانی ئەو سەردەمە

پەراوێز edit