شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: کاوەی ئاسنگەر سەرناو: تابلۆی یەکەم «جێگا گۆڕستانێکە و مانگە شەوێکی خۆش، زێمری و زاماوا خەریکی گۆڕ ھەڵکەندنن». زێمری: «دوای ئەوەی پشویەک ئەدات و ماوەیەک لەمانگ ورد ئەبێتەوە». تریفەی مانگ، زەردەخەنەی، لێوی وشکی پڕ لە تەوسە پێڵوی قورسی پڕ وەنەوزە تەماشای کەی… ھەر بەڕەنگی زەردیا دیارە ئەڵێی مردووی سەد ساڵەیە! زاماوا: سەیر نییە، ئەویش پارچەی دەروونی ئەم وڵاتەیە… بە دوای خەما ئاوارەیە… چرای کزی، شەوە زەنگی، ئەم خاکەیە. - پشوویەک - زێمری: باشە تاکەی ئەم بەڵایە مۆتەکەی ڕەشی سەر سنگ بێ؟ زاماوا: لە مانگ پرسە! بۆ بێ دەنگ بێ لە بەرچی نایەتە قسە؟ … زێمری: ئەویش وەک ئێمە وەڕسە! زاماوا: ئەی قوربانیمان نەدایە… ورد و درشت نەمان پەرست تا ڕزگار بین لەم بەڵایە! زێمری: ئارامی گشت فریشتەکان توول ئەکێشی.. خوا ھەر وایە! تۆڵەی درەنگ ئەکاتەوە… زاماوا: «بەتەوسەوە» جارێ ھەر پیش ئەخواتەوە «بە ڕقەوە» بڕوام بە ئاسمان نەماوە بڕوام بە «سمکان» نەماوە لە کوێن؟ … لە کوێن؟ … زێمری: قاو بڵاوە خەڵکی ئەڵێن کوێر بووە چاوی ئەھرەمەن زاماوا: درۆ ئەکەن، درۆ ئەکەن چاو… زیندووە نەمردوە… ئەی نابینی ھەموو ڕۆژێ چەند ئەکوژێ، چەند ئەنێژێ! زێمری: وام بیست، دوێنێ شەو لە خەوا «زوو» فرسەتی لێ ھێناوە لە ناکاوا… بە دەنووک چاوی کۆڵیوە بە چنگ جەرگی ھەڵ دڕیوە لە پاشانا ھەڵ فڕیوە تا لای «سمکان» نەوەستاوە زاماوا: تۆ بێ ئاگای «زوو» کوژراوە من پێم وتی بڕوام بە سمکان نەماوە ھیچی نەکرد ئێمە خۆمان تەفرە داوە! - پشوویەکی کورت - بۆ وا خاوی، دەی ھەڵکەنە دەس بزوێنە بەس بێ چەنە زێمری: تۆش نۆرەت دێ ئەھرەمەن قورتومت بگرێ زاماوا: ئەمترسێنی دەبا بیگرێ - پشوویەک - «لەدوای لێدانی مۆسیقایەکی ترسناک، سێ کاسە سەر لە ژێرەوە بەرز ئەبنەوە، زێمری و زاماوا ڕا ئەچڵەکن و ئەشڵەژێن» کاسە سەری یەکەم: بەس چەنە بەن، دەی ھەڵکەنن. کاسە سەری دووھەم: ئێوە دۆستن یان دوژمنن؟ کاسە سەری سێھەم: گۆڕ ھەڵکەنی ئەھرەمەنن. «ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە ھەڵ ئەسنە سەر پێ و نزیکی کاسە سەرەکان ئەکەونەوە» زاماوا: مەڕۆن، مەڕۆن، چەند پرسیارێ ئەم پێم ئەڵێ… سمکان تۆڵە ئەکاتەوە لە دەروونی پیس و ناپاک لەماری شانی ئەژدەھاک زێمری: من وا ئەڵێم، بەڵێ وایە ھەر ئەو تۆڵە ئەکاتەوە ھەر ئەو لە سەرمان لا ئەبا، ئەم بەڵایە… کاسە سەری یەکەم: پرسیارتان کرد لە ڕەشەبا؟ لە مانگ، لە ئەستێرە، دەریا؟ زاماوا: نەما پرسیاری لێ نەکەین داڵدەی خۆمانی بۆ نەبەین! کاسە سەری دووھەم: ئەی لە پاشدا، لە ئەنجاما؟ کاسە سەری سێھەم: چارەنووسی ئێوە چی بوو؟ زاماوا: وەرام نەبوو! زێمری: وەرام نەبوو! - پشوویەک - کاسە سەری یەکەم: خۆتان زیندوون پرسیار لە مردوو بۆ ئەکەن! کاسە سەری دووھەم: پشت لە یەکتری ھەڵ مەکەن خەرمانی یەک مەسووتێنن! کاسە سەری سێھەم: بە وەرامی ئەنجام ئەگەن! «ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە بە گوێی یەکدا ئەچرپێنن، زاماوا ڕوو ئەکاتە کاسەسەری یەکەم»: زاماوا: شێوەت ئەکەم.. بەڵام تەواو ناتناسمەوە.. تۆ… کاسە سەری یەکەم: من ئەتناسم ھەموو جارێ یادت ئەکەم! ئێستا بیرت ئەخەمەوە.. من دراوسێیەکی خۆتانم کوڕە گەورەکەی «ئانانم».. مێشکم دەرخواردی مارەکەی نەوسنی ئەژدەھاک درا وام لێ کرا! چەند تاوان بوو! وام لێ کرا! زاماوا: ئا.. ڕاست ئەکەی پار زستان بوو.. زێمری: ئەمیش وەکو ھەزارەھا، بێ تاوان بوو - پشوویەک - «زێمری ڕوو ئەکاتە کاسەسەری دووھەم وسێھەم ولێیان ئەچێتە پێشەوە» ئەی ئێوە کێن؟ کاسە سەری یەکەم و دووھەم: «بە یەک دەنگ»: کوڕی کاوەین حەوت برا بووین پێکەوە زنجیر کرا بووین شەشمان بۆ مار بووین بە خۆراک تا چاک بێتەوە ئەژدەھاک بەڵام بێ سوود، مار تا ئەھات نەوسن و برسی تر ئەبوو بۆ مێشکی تر ھارتر ئەبوو ئێستاش ئێمە: تەنھا یەک برامان ماوە زاماوا: کاوەی باوکیشتان ھەر ماوە؟ ! زێمری: ڕاستە جارێ ئەویش ماوە! - پشوویەک - «زاماوا ڕوو ئەکاتە کاسە سەرەکان» زاماوا: خەڵکی مێشکی سەریان بردووم ھێندە پرسیاریان لێکردووم ئەبێ وەرام لای ئێوە بێ بەڵام ڕوو شکێنم مەکەن لە پرسیارەکەم ڕامەکەن «ھەر سێ کاسەسەرەکە: «بە یەک دەنگ»: فەرموو بڵێ.. ئەگەر وەرام لای ئێمە نەبێ ڕاست پێت ئەڵێین چونکە دوژمنی خوێنەخوێی ڕیا و درۆین.. زاماوا: لەدوای مردن.. زیندوو بونەوەمان ھەیە؟ جارێکی تر.. ھاتنەوەمان ئیتر ھەیە؟ یان قسەیە!! «ھەر سێ کاسەسەرەکە: «بە یەک دەنگ»: بە خەڵک بڵێن ژیانەوە.. ھەستانەوە.. جارێکی تر.. ڕاستە ھەیە.. بەڵام تەنھا ئەو کاتەیە.. کە ئەژدەھاک ئەنێنە خاک! «ھەر سێ کاسە سەرەکە ون ئەبن» - پشوویەک و سەرسام بوونێک - زاماوا: نیوە شەوە.. چەندمان ھەڵ کەن؟ زێمری: ھەر تەنھا دەن! زاماوا: ھێزم بڕا… ھێزم بڕا.. زێمری: بەس چەنە بە، ھەر ھەڵکەنە! ئەمە خواستی ئەھرەمەنە… - پشوویەک لەگەڵ ھەڵکەندندا - «سێ ڕێبوار دێنە ژوورەوە و، دیارە لە ڕێگایەکی دورەوە ھاتوون، بە لای گۆڕ ھەڵکەنەکاندا تێ ئەپەڕن، پێش تێپەڕ بوون، کاتێ ئەگەنە لایان»: ڕێبواری یەکەم: سمکان ھێز و تینتان باتێ.. ڕێبواری دووھەم: ئینکی چاوی دڵتان باتێ ڕێبواری سێھەم: ئانلیل فەڕ و پیتتان باتێ. زاماوا و زێمری: «بە یەک دەنگ» ماری نەوسن نەتان گاتێ! زێمری: لە کوێ ھاتوون بۆ کوێ ئەچن؟ ! ڕێبوارێکیان: لە لای پیرە مەگروونەوە.. بۆ لای پیری ڕاو تەدبیری گەورەی ئێرە کەوتووینە ڕێ زاماوا: «ماشۆ» ڕێگەتان پێنەگرێ! «تێ ئەپەڕن، یەکێکیان ئەگەڕێتەوە، بە دەنگێکی نزم ڕوو ئەکاتە ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە»: ڕێبوار: ماری سەر شان ھەر زیندووە؟ ئەژدەھاک ئەڵێن ھیلاکە؟ ئەھرەمەن لە پێ کەوتووە؟ زێمری: «بە گاڵتە پێکردنەوە» درۆی گەورەیان کردووە.. ئەژدەھاک زرپ و زیندوە! مار چوار سەری زیاد کردووە..! «ڕێبوارەکە بە پەلە ئەچێتە دەرەوە» - پشوویەک - «ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە دەست لە ئیش ھەڵ ئەگرن، چاو ئەبڕنە ئاسمان». زاماوا: تۆ بڕوانە چۆن.. ئەستێرە چاویان بڕیوەتە ئێرە! زێمری: نەھێنی ئێرە ئەزانن.. زاماوا: «نانا» ماتە.. ھەر بێ دەنگە بەڵام ئێجگار شۆخ و شەنگە.. چاوی پڕ تیشکی ئاواتە… زێمری: ئەی «ئەنانی» ئەستێرە و مانگ ئەی خواوەندی ھەموو ئاسمان کوا مژدە و بانگ؟ وەرە خوارێ، لەم نزیکەوە ببینە… لەم خاکەدا خوێن ئەبارێ خۆت ببینە کە ئەھرەمەن چۆن لە دۆڵی کینە و ڕقا.. دڵ ئەھاڕێ، گوڵ ئەھاڕێ وەرە خوارێ، خۆت ببینە… زاماوا: من پێم وتی: ھەتا ئەناناش کەڕ بووە.. زێمری: تۆ تێ ناگەی.. ئەویش دڵی پڕ برینە.. شین ئەگێڕێ.. بۆ ئەفسانەی ئەم زەمینە! - پشوویەک - زاماوا: «بە گۆرانیەوە بە ئاوازێکی ماتەمین» پەپوو ئەڵێ. ! ئەم وڵاتە لە ژێر باڵما، کش و ماتە.. ئەم وڵاتە سەر تا خواری چیاو پێ دەشت و ڕووباری کەلاوەی وەیشومەی منە.. ھەمووی تاپۆی خەمی منە.. ئەھرەمەن دۆستی دێرینمە - پشوویەک - ئەژدەھاک ئاوازی منە مێشک بۆ ماری سەرشانی ھیوا و خۆزگە و نیازی منە شوێنم، ماشۆی لای مردنە ئەم وڵاتە تاپۆی منە تاپۆی منە، تاپۆی منە ++++++++++++++++++++++