ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس مێرگی زام مێرگی ھەتاو
٩. هەناسە ساردەکانی گەرمیان
-1-
ئەگەر بەیانییەک ڕێکەوت
ئا لەم دەشتەی گەرمیاندا
کەڵێکتان بینی، سەرسنگ سوور،
چوارپەل سپی،
چاو ئاگرین.
هیچ دەنگ مەکەن، دەسیش بگرن بە سنگەوە.
ئەوە: «حەمەڕەشە» کەی خۆمانە و
بەسەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای «حەمرین»! .
ئەگەر نیوەڕۆیەک ڕێکەوت
ئا لەم دەشتەی گەرمیاندا بازێکتان بینی، گەردن سەوز،
باڵ خوێناوی،
پەڕ ئاڵۆزکاو..
بازێکی بێ ماڵ و هەوار
هیچ دەنگ مەکەن.. ڕێگە بەردەن
ئەوە «مەلا ئەحمەد»ی خۆمانە و
بە سەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای هەردوو
جووتە خوشکی کفری و کەلار!
ئەگەر ئێوارەیەک ڕێکەوت
ئەسپێکتان بینی تەوێڵی کڵپەدار و
یاڵ نارنجی و
کەللە بچووک.
هیچ دەنگ مەکەن، دڵتان خۆش بێ
ئەوە «مامە ڕیشە»کەی خۆمانە و
بەسەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای کەرکووک! .
-2-
هەموو ساڵێ لە ناوەڕاستی شوباتدا
لە ناوەڕاستی سەرمادا
لە پانزەوە هەتا هەژدە
بانگی شێوان، وەکوو دەربەندی باسەڕە و دڵی کێوان
دەرگای حەوشەی ماڵەکانتان بکەنەوە.
لە ژوورەوە تەدارەکی جەژنێ ڕێکخەن:
چرا هەڵکەن، ئاگر خۆشکەن، چایی دەمکەن
ئاڵای سەوز و سوور هەڵواسن،
سەرینی پەڕ، جاجمی نوێ، پێخەفی تازە دەربێنن
مۆم و بوغورد بسووتێنن.
تاقە کەڵەباب سەر بڕن.
بۆ میوانێ لەش خۆڵاویی و
برسی برسی ئەگاتە جێ
بۆ عاشقێ لە ئەشکەوتی «داری خلە»ی
ئەنفالەوە کەوتۆتە ڕێ
بۆ ئازیزێ وەکوو کلووی بەفر و پرشنگ
وەکوو کزەی دەم سیروان و
بۆنی گڵی باوە شاسوار
لەم ناوەدا پەیدا ئەبێ
هەموو ساڵێ لە ناوەڕاستی سەرمادا
لە پانزەوە هەتا هەژدە
دەرگاکانتان بکەنەوە و چاوەڕوان بن
«مەلا ئەحمەد» ئەگاتە جێ! .
-3-
ئەی کیژانی ڕەنگ ڕێحانەیی
ئەم مەڵبەندە
ئەگەر چوون بۆ ڕێواسان و
پیشۆکان و سێوی بن عەرد
هەر بنەیەک لە شوێنێکدا
ژمارەیان گەیشتە حەوت
بۆ موفەڕکی سەبری ئەوین هەڵیان بگرن.
ئەی کیژانی ڕەنگ ڕێحانە!
ئەو «حەوت»انە:
حەوت لەشەکەی
حەوت براکەی
ئەشکەوتەکەی
«داری خلە»ی گەرمیانە! .
-4-
سەرم گردی شەهیدانە و
قژم ئاپورەی ژنانی عەبا بەسەر
سەرم گردی شەهیدانە و
هەر شوێنێکی هەڵبەنەوە
لەمپەڕەوە هەتا ئەوپەڕ:
پەنجەی مانگێ یان دەم و لێوی کانییەک
یان گەردنی قەسیدەیەک
یان کاکۆڵی گوڵە گەنمی منداڵێکی
گەرمیانی لێ دێتە دەر! .
-5-
ئەوە «مانگ»ە یاخود سەری «حەمە ڕەش»ە؟
لە بانێژەی ئەو هەورەوە
ئەڕوانێتە خوێنی «حەمرین»؟ !
ئەوە ڕیشاڵ ڕیشاڵی ئازاری ناو کەرکووکە؟
یاخود ڕیشی مامە ڕیشە
وەکوو لاولاو ئاڵاوەتە،
دار فرمێسکێکی «خانەقین»؟ !
ئەوە حەوت پەڕەی گوڵێکی ناو ئەنفالە؟
وەکوو حەوت دەنکە گێلاسی چاوی کەلار
لەسەر مێژوومان ڕووان؟ !
یان حەوت پەنجەی حەوت ئەستێرەی
ئەشکەوتەکەی داری خلەی ژمارە چوار؟ !

پەراوێز edit