ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
بە باڵەبانی چ ژانێک بتژەنم؟
بتنێم بە لالێوی کام شوانی حەسرەت و گوناهمەوە؟
تا بیستنم بە بارانی ئەم دۆزەخە شیرینە
گوڵ گوڵی و تەڕ و پاراو بێ؟
بە کام ڕەگی تێر ئاو بە ئازار، پژوپۆت شێت بکەم؟
بۆئەوەی لە خاچی ئەم باڵا سوورەی ئاسۆمەوە بئاڵێن؟
لە پێدەشتی ئەم گومانە زەرد و بەرینەدا
کام ئەسپی یەقین بئاژوێم؟
بۆ ئەوەی بگەمە هەواری خۆڵەمێشت؟

ناتوانم بتژەنم و بتکەم بە باڵی ئەفسانەی ڕوانینم
هەتا دڕ بە ئابڵۆقەی ئەم وەرزە نێزە بە دەستانە نەدەم،
ئابڵوقەی: هەوەسە زێڕینەکان.
ئابڵوقەی: دەمامک.
ئابڵوقەی: کتێبە چەکمە لە پێکان.
ئەم بەیانییە دەستی خۆم
لە کۆتی شانی خۆم ئازاد کرد و
پێم وت: بچۆ
«با» لەسەر «ئاو» بنووسەرەوە
گەردەلوول بخوێنەرەوە
ساکاریی بکە بە تەم و مژ.
شەوەزەنگ هەڵهێنجە
بۆ هەڵتەکاندنی بورجی سیای فەرهەنگەکان
بوومەلەرزە بە.
سیحری شیعر بەو سرووشت تەوق کە.
ڕێی نەهاتێ بگرە کە وتیان پیا مەڕۆ
لە ڕواڵەتی بە بریق و باقی گەڵاکان گەڕێ و
بەرەو بنج داگەڕێ.

پێم وت: بڕۆ و گوێ مەدەرە «سەر»م.
«سەر»م: ئەو سوڵتانەی تا ئەم چرکەیەش
هەرخۆی لە کفنی تاریکستانەوە پێچاوە و
بە دڵنیاییەکی گەوجانەوە هەتا ئێستەیش
لە نێو تابووتی پەندە بوێرشەکاندا ڕاکشاوە.
بڕیارم دا، ئەم بەیانییە، وا بتژەنم.
بڕیارم دا: دەست بکەمە گەردنی مەحاڵی ئەو دیو سنوورەکان
چوارچێوەکان فەرامۆش کەم
گەردوون بێنمە نێو چاوانمەوە
بە باڵی فڕینێکی بێکۆتایی ئەوینت بکەم بە ئاسمان.

پەنجەکانم بەرەڵا کرد:
بۆ ئەوەی شار و شارۆچکەی ئەم «زمانە» بهەژێنن
ئەو دیوارە نەفرەتییانە بڕووخێنن
کە قامووسی تاریکیی و وشەی نۆکەریی دەست لەسەر خەنجەر
سەقامگیری کردوون.
قەڵەم بە دەوری کاغەزدا کەوتە حیلە:
دواتر بوومە یاوەری و بەجووتە
ملی بن بیفە ترسناکەکانی ئەوینمان گرت.
باڵە خوێناوییەکانی قەڵەمم داگیرساند
ئەو باڵانەی وەک باسکی داستانەکان
سرەوتیان بۆ نەبوو.
لەو هاوارانە ئەچوون کە لە دووڕیانی
نەمری و بزربووندا
بە مەحاڵی بەخشندە،
بە ترسی ئێسک سووک،
بە مردنی بە شۆڕش ڕازاوە،
ئەگەن و ماچیان ئەکەن.
مێژووش خێڵی تۆڵە بوو.
دەمی بڕندەی ئەو یاسا بەردینانە بوو
کە هەموو ڕۆژێ لەسەر سەکۆی خوایەکی دڵڕەق
وەکوو ئاسکێکی پەڕاگەندە و لانەواز، سەریان ئەبڕیم.
بەڵام من دوای هەموو سەربڕینێ
هەڵئەستامەوە سەرپێ
دیسانەوە ڕووم ئەکردەوە: ڕووگەیەکی تازەی تۆ.
گیانی نوێخوازم.. گیانی گەڕیدەی ڕەجم کراوم
وەکوو «سەمەندەر»
دیسانەوە بە خەون و گۆرانی و سەما
هەڵئەگیرسایەوە، دائەمرکایەوە، هەڵئەگیرسایەوە،
ڕێگەم
ڕێگەی ئەوینی ڕووت و ڕەجاڵم:
بۆ ئاوی تینوو،
بۆ گوڵە گەنمی برسی،
بۆ پرشنگی وێڵی بێ ئەنوا.. ئەکردەوە.
هیوام
رافزییەکی عاشقی بێپشت و پەنایە
سۆزەکانی «حەللاج» ناوکیان بڕیوە.
من سەرەتای ئەو یاخی بوونەی مەرگی خۆم..
سەرەتای ئەو شێت بوونەی دەستم لە بیرە:
کاتێ پەنجەم لەسەر گردۆڵکەیەکی شەوەزەنگی زمان
کەوتە قاسپە قاسپ و خوێندنی ڕەنگاو ڕەنگی
بە گوێچکە نائاشنا و بە چاو نامۆ.
لەوساوە ئیتر یەکەمین هێڵی کازیوە
لە مناڵدانی «ڕستەیەکی نوێدا»
سەری لە قەڵەم جوقاو بە نەفرەت کرا.
ئەوسا منیش نەفرەتم
لە یەکەمین لە دایکبوونی شێوێنراوی خۆم کرد.
بەفری ڕوانینێکی نوا باریوم
پێشکەشی بوونم کرد:
کە لە گەرووی سێدارەکانمدا زابوون.
' ئەو سێدارانەی هەموو شەوێ
لە ژوورەکەمدا ڕیز ئەبن'
لە فرمێسکی ئەو گوڵە نامۆیانەدا
«کە لە سەرمێزەکەم.. هەڵئەقووڵین»
لەو نیشتمانە گرمۆڵەیەدا
«کە سەری لە گوێ قەبری چرپاکەم ئەلەرزێ»
جارێکی تریش گوڕم بەستەوە
گوڕبەستنەوەی شەیتانێکی دڵنەرمی بازۆڵە ئەستوور.
بێباک بووم، بێدەربەست.. لە چاوی
ئەو وشە- جاسووسانەی
شوێن پێی شەپۆلیان هەڵگرتبووم.
بێباک بووم، بێدەربەست لە داوی
ئەو «زاراوانەی» بۆ خەیاڵم نرابوونەوە.
ئیتر ئەوسا
«قەناعەت»م وەک بلیتی «یانسیب»ێکی دۆڕاو لەت و پەت کرد.
زەمانم وەک سەعاتە ژەنگ گرتووەکەم شکاند.
بە هەوێنی تیشکی ئەم بەیانییەیش
نانم بۆ خۆشەویستییەکی هەژار و بێ داڵدە و
نیشتمانێکی ئاوارە کردەوە.
ئەو دەستەیش کە بەڵێنی
هەژین و بوومەلەرزەی بە «زمان»داوە
بارانی خەون، لە هەڕەتی تێکشکان و هەرەسدا
لەسەر تەم توومان ئەنووسێتەوە.

پەراوێز edit