ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس مێرگی زام مێرگی ھەتاو
١١. یادداشتی کۆترە کێوییەک
لە ناو ڕیشی دەوەنێکدا خۆم شاردەوە و
گوێم گرت لە بەردی ڕەوەزێ
تاقە خەمی بەرد ئەوەبوو:
ئێستە و دواڕۆژ
لەو شاخەدا هیچ ڕەوەزە بەردێ نەبێ
لە ئاست ئەودا سەر هەڵبڕێ و
لەو بەرزتر!
لە بەرۆکی ئێوارەدا خۆم شاردەوە و
گوێم گرت لە جۆگەلە ئاوێ
تاقە خەمی ئاو ئەوەبوو:
ئەم کەی ئەبێ بە لافاوێ و
لەم وەرزەدا
ڕۆژێ زووتر
جۆگەکانی تر قووت ئەدا!
لەناو قژی تەم و مژدا خۆم شاردەوە و
گوێم گرت لە ڕازی بولبولێ:
تاقە خەمی ئەم بولبولەیش هەر ئەوەبوو
لە وڵاتی ڕەنگاوڕەنگی گۆرانیدا
ئێستە و دواتر
هەرگیز دەنگێ پەیدا نەبێ
لەخۆی خۆشتر!
لە پشت ملی کەنتۆرێکدا خۆم شاردەوە و
گوێم گرت لە ئاوێنەی جوانێ
تاقە خەمی ئاوێنەکە هەر ئەوە بوو:
کوێر بێ و بشکێ و
ورد و خاش بێ و
بەڵام ئەو ڕۆژە نەبینێ
لەبەر ئەودا
لە پەریخانی شاژنی
ژنێکی تر هەبێ جوانتر!
لە دواییدا، ویستم بچمە پاڵ سنووقە فیشەکێک و
لە سێبەریا خۆم حەشاردەم..
گوێ لە خوێنی مێژووم بگرم
کە هەر مێژووی خۆم کوشتووێتی و بۆتان باسکەم!
گوێ لە گەردنی پەڕیوی خۆم ڕابگرم
کە هەر دەستی خۆم پەڕاندی و بۆتان باسکەم!

گوێ لە سێدارەی دەنگی خۆم..
کە هەر خۆم بووم بە سێدارەی..
گوێ لە زیندانی خەونی خۆم
کە هەر خۆم بووم بە زیندانی و بۆتان باسکەم!
بەڵام تفەنگ.. تفەنگ.. تفەنگ..
پێی زانیم و فریا نەکەوتم هەڵفڕم
بە دوو باڵی شکاوەوە..
لە بەردەمی ئەودا کەوتم! .

پەراوێز edit