ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
پرسەی زیندووانە و، عومری ژنە دیرۆکێکی نەزۆک! .
ئەوەتا لەم گۆڕستانە بە بژوێن و جوانەدا
تاک تاک و بە کۆمەڵ لەسەر گازی پشت پاڵکەوتووین و
چاومان بڕیوەتە چاوی ئەستێرە بەدبەختەکان.
ئەستێرە خۆڵەمێشییەکانی ئاسمان..
ڕەنگمان، دەنگمان، بوونمان: وەک پۆشاکمان
تۆز و گەردی هەزار ساڵەی
بەهەشتێکی ڕووخاو و تاڵانکراوی
ئەبەدیی لێ نیشتووە! .
لەم گۆڕستانە بە گوڵزار و جوانەدا
کەس خەون نابینێ! .
کەس لە پێستی بۆگەنکردووی هەڵناگەڕێتەوە.. کەس.
کەس مێش و مەگەزی سەر برینەکانی خۆی
دەرناکات.. کەس! .
تەنانەت کەسیش وڕێنەیەک چییە
بە ئایندەوە.. ناکات! .
ئایندە نییە. نییە، نی! .
قات و قڕیی خەون و، قات و قڕیی خۆشەویستییە! .
حەسرەتمان.. ئاخ.. حەسرەتمان
لە کوێرێکی زەلیلی دەروەزەکەر ئەچێ
لە نابینایەکی بێ ماڵ،
ئێمە لەگەڵ باپووسکەی «ڕێککەوت»دا
پەیمانێکی تا هەتاییمان بەستووە! .
چۆن هات و لە کوێوە؟ .. ئێمە لێرەین.. لە ڕۆژهەڵات
یان لە ڕۆژئاواوە.. ئێمە هەر لێرەین!
دێت و وەک پووش و پەڵاشی دەم گەردەلوولێکی شێت
وەک تووکەسەری ئاوبردوو
وەک لاپەڕەی ڕۆژنامەیەکی دڕاو
وەک تاکە گۆرەوییەکی کۆن
وەک دووکەڵی جگەرە
ئەمانفڕێنێ و ئەمانبات و تێکەڵ بە بزربوونمان ئەکات.
ئای لەم گەمە شێتانەیە
ئێمە خۆمان بە لقی شکاوی مێژوویەکەوە هەڵواسیوە
ئەوەتا لەرەلەرمانە و هەر ساتە ناساتێکیش
لقەکە قرچەیەکی لێوە دێ! .
وای لەم سەمای ئێسقانە قرچۆکانە
وای لەم ژیلەمۆ سارد و
وای لەم بەستەڵەکە گەرمانە! .
من سەرلەبەری ئازارەکانی خۆم پشکنی.
من سەرلەبەری شانازییەکانی خۆم هەڵدایەوە.
من تەواوی مردنەکانی خۆم ژمارد.
بەڵام لە هیچیاندا خۆمم نەدۆزییەوە
لە هیچیاندا سێبەر و هەتاوێکی ڕاستەقینەم نەبوو
قەت... قەت.. قەت
نە سەرەڕمی شەڕی خۆم بووم و
نە دەنووکی کۆتری خۆم.
نە ئەسپ بووم و
نە حیلە بووم و
نە قریوە قریوی سوار
من پاشبەندێکی بێ سەر بووم، پاشبەندێکی گرمۆڵەی
بەر نووکەشەقی قەشەکانی ڕۆژئاوا و مەلاکانی ڕۆژهەڵات.
من ئەو دەوەنەم
ئەو دەوەنە گرگنە خۆهەڵکێشەی
کە نەبووم بە دار و
نەبووم بە دار و، نەبووم بە دار! .
بڕواننە ئەم پێستە کەوڵکراوەم، ئاڵای شەق و پەق بووی
شانازی و سەروەریم
چارۆگەی شیتاڵشیتاڵی بەلەمە سەرگەردانەکەم
ئەو گەمیەیەی کە وەکوو ئەستێرەیەکی خوێن لەبەر چۆڕاوی
مەرگ. گەیشتە سەدان بەندەری تەماویی بە ترس
داپۆشراوی، دوای شەڕوشۆڕی بێئامانی پادشاهان و
سوڵتانان و دوای بە هەپروون بوونی خۆم. ئەو بەلەمەی
گەیشتە چین و ماچین و گەیشتە دوا لێواری بە مردن
ڕازاوەی سەرزەمین.
ئەو گەمیەیەی بارکرا لە کەللەسەر و بارکرا
لە خۆڵەمێشی لەشی عاشقان و بارکرا لە ئێسک و پروسکی
سترانەکان و بارکرا لە زێڕ و لە گۆی مەمکی کچان و
لە ئەڵماس و لە گەوهەر و بردمەوە بۆ ئاستانەکان،
بۆ تاران و بۆ بابی عالی و.. ئەو بەلەمەی
مێژووی چڕوپڕی شەپۆلە ڕووزەردە بە هەڵپەکانم
ئەگێڕێتەوە. ناو و ناوبانگی گەورە و بریقەداری سەرکەوتنم
بەسەر ژن و منداڵ و پیرەمێرددا پێئەبەخشێ! .
ئاوڕ بدەنەوە ئاوڕ لە جوامێریم
من شمشێری هەڵکێشراوی ڕیزی پێشی پێشەوەی
بەهەشتییەکان بووم. لە ژێر ئاسمانی مسینی
هەزاران شارو شارۆچکەدا، وەک یەکانە دڕەکان
جەنگیم. من دەستێکم لەسەر شوورەی چین و
قاچێکم لەسەر پاردەکانی ئیسپانیا جێمان.
لەویانەوە: چەندین مشت، پڕ بە سکم، پڕ بە
گیرفانە گەورە و پان و پۆڕەکانی شەڕواڵەکەم:
دوڕ و یاقووت و گەوهەرم بردەوە بۆ خەلیفەی ئاخر زەمان.
لەمیشیانەوە: پڕ بە ئاوەڵکراسی ژنەکەم:
بۆنخۆشترین شووشە عەتر و، مرواری و مەرجان و
زومردیش بۆ خەلیفەژن! .
من هەمیشە کۆیلەی تاجە خوێناوییە
پرشنگدارەکانی دراوسێ ئازیزەکانم بووم.
لایەنگری چەقۆی سەرگەردنی شاخە ڕووتەڵەکانم..
من هەمیشە
درێژترین باوێشک بووم لە زاری ئەم سەر زەمینەدا! .
ئاخ! من تەنیایەکی بە نەعلەتکراوم لە ژێر
ئەم قوببە سامناکەدا و لەبەر هەتاوی سووری
سزای ئەبەدییم، بەردەوام و بەردەوام بە زمانی
چون پەڵاسم زامەکانی خۆم ئەلێسمەوە.
من کوت و مت لە قەلەباچکەیەکی ڕەشی شەل ئەچم.
قەلەباچکەیەکی بەسزمان و تەمەڵ. هێزی قیڕاندنم
تێدا نەماوە. هەموو جار ملم ئەکەم بە ژێر
باڵە ڕووتاوەکانمەوە و بۆ سەدەیەک و دووان و
سیان ئەنووم. من تەلیسمی بێهودەیی،
جادووی بێ هۆش و گۆشیی، ڕێ نوماییم ئەکەن! .
من ئاوەزم
لەسەر مەشقکردنێکی سەختی
بیرنەکردنەوەی درێژخایەن ڕاهێناوە.
بە سەبری تەوەزەللی.
بە چاوەڕوانیی بێکۆتایی.
بە پێشوازیی کوتوپڕی مردنی هەمەچەشن
هەمەڕەنگ.. ڕاهاتووم.
خوویەکی نەگۆڕم بە دروونی کفن و،
داتاشینی تاتەشۆر و، هەڵکەندنی
گۆڕی خۆمەوە گرتووە! .
خوویەکی نەگۆڕم بە لەسەر پشت پاڵکەوتن و
ئەبڵەق بوون و تێڕامانی هیچەوە گرتووە.
من ئەتوانم ئەو چاوەی دامخست
سەدەیەک هەڵینەبڕم! .
ئەو قوڕوقەپەی کردم تا دوو سەدەیش
دەم نەکەمەوە.. ئاخ
من تاکە کەسم گوێم لە پرخە پرخی تاسەنەی
خۆمە و خەبەریشم نابێتەوە!
من ئەم هەموو داب و نەریتە پیرۆزانەیشم
لە باپیرە هەرە گەورەکانمەوە بۆ ماوەتەوە
لە و باو و باپیرە سمێڵ بابڕ و کەللەشەکەکانەوە
کەللە بەرانانەوە، ..
کە جگەرەی دەم باسقەنە درێژەکانیان
بە ئاگری ماڵە سووتاوەکانیان دائەگیرساند و
هەرگیزاو هەرگیزیش
چاویان نەئەکزایەوە!
من بێباکێکی مەزنم! .

پەراوێز edit