شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: یادداشتی کۆترە کێوییەک لە ناو ڕیشی دەوەنێکدا خۆم شاردەوە وگوێم گرت لە بەردی ڕەوەزێ تاقە خەمی بەرد ئەوەبوو: ئێستە و دواڕۆژ لەو شاخەدا هیچ ڕەوەزە بەردێ نەبێ لە ئاست ئەودا سەر هەڵبڕێ و لەو بەرزتر! لە بەرۆکی ئێوارەدا خۆم شاردەوە و گوێم گرت لە جۆگەلە ئاوێ تاقە خەمی ئاو ئەوەبوو: ئەم کەی ئەبێ بە لافاوێ و لەم وەرزەدا ڕۆژێ زووتر جۆگەکانی تر قووت ئەدا! لەناو قژی تەم و مژدا خۆم شاردەوە و گوێم گرت لە ڕازی بولبولێ: تاقە خەمی ئەم بولبولەیش هەر ئەوەبوو لە وڵاتی ڕەنگاوڕەنگی گۆرانیدا ئێستە و دواتر هەرگیز دەنگێ پەیدا نەبێ لەخۆی خۆشتر! لە پشت ملی کەنتۆرێکدا خۆم شاردەوە و گوێم گرت لە ئاوێنەی جوانێ تاقە خەمی ئاوێنەکە هەر ئەوە بوو: کوێر بێ و بشکێ و ورد و خاش بێ و بەڵام ئەو ڕۆژە نەبینێ لەبەر ئەودا لە پەریخانی شاژنی ژنێکی تر هەبێ جوانتر! لە دواییدا، ویستم بچمە پاڵ سنووقە فیشەکێک و لە سێبەریا خۆم حەشاردەم.. گوێ لە خوێنی مێژووم بگرم کە هەر مێژووی خۆم کوشتووێتی و بۆتان باسکەم! گوێ لە گەردنی پەڕیوی خۆم ڕابگرم کە هەر دەستی خۆم پەڕاندی و بۆتان باسکەم! گوێ لە سێدارەی دەنگی خۆم.. کە هەر خۆم بووم بە سێدارەی.. گوێ لە زیندانی خەونی خۆم کە هەر خۆم بووم بە زیندانی و بۆتان باسکەم! بەڵام تفەنگ.. تفەنگ.. تفەنگ.. پێی زانیم و فریا نەکەوتم هەڵفڕم بە دوو باڵی شکاوەوە.. لە بەردەمی ئەودا کەوتم! . ++++++++++++++++++++++