ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
لەو شەوەدا
ئێوە بەوری.. باوبۆران بوون؟
یان ئەسپی گڕ؟
دارستانی زەنگ بەدەست بوون؟
یان چریکەی گەرووی چیا؟
کە کەوتنە ڕێ؟
لەو شەوەدا..
هەر لەیەکەم پەڵە هەوری سۆراخەوە
هەر لە یەکەم بازرەقەوە:
حیلەی شاخ و
هاژەی مێژوو
گڤەی زام و
گرمە گرمی گۆڕستانی شەهیدان و
بارانی شیعری ئێمەتان لەگەڵدا بوو!
لەو شەوەدا..
کە کەوتنە ڕێ و
ڕیز لە دوای ڕیز
سەروملتان بوو بە چرا
هەر لە یەکەم چەخماخەوە..
هەر لە یەکەم داڕژانی هەڵاڵەکانی جەستەوە
تیرێژی چاوەکانمان و تیشکی خوێن و
شەبەقی ڕۆحی ئێمەتان لەگەڵدا بوو! ..
لەگەڵ باڵاتانا.. درەخت
لەگەڵ پەنجەتانا.. قەڵەم
لەگەڵ گوللەتانا.. وشە
لەگەڵ باهۆزی قاچتانا
سروودی دەغڵ و گۆرانی
بەفرو ژنی
ئەم وڵاتە سپییەتان لەگەڵدا بوو.
لەو شەوەدا
کە دار هەناری بەژنتان
بەسەر پشتی ترس و بیم و بەردا سەرکەوت
دوور و نزیک
وەک گوڵ ئەستێرە و ئاگری شوان
دڵۆپ
دڵۆپ
خوێنی «سوڵتان» ورشەو پرشەی
ئەدا لە چاوی چەکتان و
ڕەوەز، ڕەوەز
پێشتان ئەکەوت.
لەو شەوەدا
دەستەکانی «عبدالخالق»
وەک گوڵ ئەستێرە و ئاگری شوان
دڵۆپ
دڵۆپ
خوێنی «سوڵتان» ورشەو پرشەی
ئەدا لە چاوی چەکتان و
ڕەوەز، ڕەوەز
پێشتان ئەکەوت.
لەو شەوەدا
دەستەکانی «عبدالخالق»
باسکی هەور و باڕێزە بوون
نزیک و دوور
وەکوو بریسکەی شەپۆلی بەر خۆرنشین
یان پڕیشکێکی ئاگرین
کۆترە سوورەی کتێبەکەی شەقژنی بوو
دەشت لە دوای دەشت
بەرد لە دوای بەرد
پێشتان ئەکەوت
لەو شەوەدا
سەری «قاسملو» بۆ ئێوە
مانگە شەوبوو
سنگی «ڕانییە» ئەستێرکی
گوڵەباخ و
گۆمی پێنج مانگی خنکاو بوو
بۆ سبەینێش
لەو «سەر»ەوە و
لەو سنگەوە و، لەو گۆمەوە
گوێمان لێبوو
وژەوژی مێژوویەکی تازە ئەهات
«دووهەم بەهاری ڕاپەڕین»
کازیوەی گوڵ و کانیی بوو
هات و هەڵهات! .
تاریکیی ڕیشی درێژی
ئەئاڵاندە: ملی شیعرم.
ملی گوڵم.
ملی ژنم،
سەدەی بەردیین بە تەورەوە گەڕبۆوە
«سوڵتان سەلیم» هەر بەهەمان عەمامەوە
«سوڵتان موراد» هەمان جبەی لەبەردا بوو
هەمان فەتوا بۆ کوشتنی سەربەستیم و
هەمان شمشێر بە دەستەوە و
خوێنی منیش ئاوی سووری دەسنوێژی بوو! .
تاریکیی ڕیشی درێژی
بەردابۆوە سەر پەنجەرەم
بە زامداریی
هەتاوو
ماچ و
جریوە
ئەگەیشتنە ناو ژوورەکەم.
ڕیشی درێژیی تاریکیی.. جەندرمە بوو
بەسەرسەری قەڵەممەوە ڕائەوەستا
بەسەر سەری.. خەیاڵمەوە
بەسەر سەری.. ڕەنگەکانی جل و بەرگ و پێڵاومەوە
بەسەر سەری.. ئاوێنەوە، پەرداخەوە، شاییمەوە
بەسەر سەری.. پێکەنین و جوانیمەوە
بەسەر سەری.. سەماکانی
جەژنی لە دایک بوونمەوە،
ڕیشی درێژی تاریکیی
جەندرمە بوو، پاسەوان بوو
بەر باخەڵی وشەکانی ئەپشکنیم
بۆ سووراوی لێوی شیعر و
کلی چاوو، سەر ڕوومەت و
بۆ گۆرەوی کورت و شانە و بۆ «ماسکارا» و
بۆ «شانتۆڵ»ی دەزگیرانەکەم ئەگەڕا..
ڕیشی درێژی تاریکیی..
بە زۆر لەچکی بە گوڵاڵەی مێژووم ئەکرد.
عەبای ئەدا بەسەر مانگدا.
پاوپووزی شاری ئەبڕی.
چاویلکەی (بێکەس)ی ئەشکاند.
شیعری خەیامی ئەڕشت و
بەستە و گۆرانیی ئەکوشت و
سەد جەڵدەی ئەدا لە عەشق و
هونەریش بۆ چینی دیوار! .
تەوری ڕیشدار
هاتنە ناوبێشەی ئێمەوە.
هاتن دار بەڕووی هەتاوی
دیرۆکی سەوز ببڕنەوە.
هاتن سەر لەنوێ قەڵەمی
«شەرەفکەندی» و
جارێکی تر کتێبەکەی «عبدالخالق» بکوژنەوە.
لە پڕ خوێنی شەهیدستانی هەژدە ساڵ
بوو بە کێوێکی قرمزی و
فوارە.. فوارە هەستایە پیان.
لەو شەوەدا کێوی مێژوو گڕی گرت و
دەوری بەرد و
عەقڵی بەرد و
شمشێری دەست نەیارانی
ژن و شیعری
کرد بە زوخاڵ! .
هاوڕێیان! لەبیرتانە..
زەمانێ بوو دەوارێک بووین تاق و تەنیا
لەناو زوقما وەک باڵامان خەم ئەیبەست و
ڕۆژ ژمێرێ بووین بێکەس و
قەڵەمێک بووین بێ کڵاو و
تفەنگێک بووین بێ هەناو و
تایپێک بووین دەست لەجێچوو! .
چادرێ بووین وەک کوردستان تاق و تەنیا
ئێمە گوڵێکی هەتاومان
لە بەرۆکی دوا ڕۆژ ئەدا! .
هاوڕێیان!
نەهێنیی سەوزێتیی ئێمە لەوەدایە:
نە ڕەگەکانی بەستەڵەک
دەست و پێی تیشکمان ئەبەستێ و
نە گوڵجاڕی لوتکەکانی سەرکەوتنیش
ئەمانخاتە سەر دوو باڵی
سیمرخێکی لەخۆبایی! .
بۆ هاوڕێم کاک جەبار فەرمان

پەراوێز edit