شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: هەناسە ساردەکانی گەرمیان -1-ئەگەر بەیانییەک ڕێکەوت ئا لەم دەشتەی گەرمیاندا کەڵێکتان بینی، سەرسنگ سوور، چوارپەل سپی، چاو ئاگرین. هیچ دەنگ مەکەن، دەسیش بگرن بە سنگەوە. ئەوە: «حەمەڕەشە» کەی خۆمانە و بەسەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای «حەمرین»! . ئەگەر نیوەڕۆیەک ڕێکەوت ئا لەم دەشتەی گەرمیاندا بازێکتان بینی، گەردن سەوز، باڵ خوێناوی، پەڕ ئاڵۆزکاو.. بازێکی بێ ماڵ و هەوار هیچ دەنگ مەکەن.. ڕێگە بەردەن ئەوە «مەلا ئەحمەد»ی خۆمانە و بە سەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای هەردوو جووتە خوشکی کفری و کەلار! ئەگەر ئێوارەیەک ڕێکەوت ئەسپێکتان بینی تەوێڵی کڵپەدار و یاڵ نارنجی و کەللە بچووک. هیچ دەنگ مەکەن، دڵتان خۆش بێ ئەوە «مامە ڕیشە»کەی خۆمانە و بەسەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای کەرکووک! . -2- هەموو ساڵێ لە ناوەڕاستی شوباتدا لە ناوەڕاستی سەرمادا لە پانزەوە هەتا هەژدە بانگی شێوان، وەکوو دەربەندی باسەڕە و دڵی کێوان دەرگای حەوشەی ماڵەکانتان بکەنەوە. لە ژوورەوە تەدارەکی جەژنێ ڕێکخەن: چرا هەڵکەن، ئاگر خۆشکەن، چایی دەمکەن ئاڵای سەوز و سوور هەڵواسن، سەرینی پەڕ، جاجمی نوێ، پێخەفی تازە دەربێنن مۆم و بوغورد بسووتێنن. تاقە کەڵەباب سەر بڕن. بۆ میوانێ لەش خۆڵاویی و برسی برسی ئەگاتە جێ بۆ عاشقێ لە ئەشکەوتی «داری خلە»ی ئەنفالەوە کەوتۆتە ڕێ بۆ ئازیزێ وەکوو کلووی بەفر و پرشنگ وەکوو کزەی دەم سیروان و بۆنی گڵی باوە شاسوار لەم ناوەدا پەیدا ئەبێ هەموو ساڵێ لە ناوەڕاستی سەرمادا لە پانزەوە هەتا هەژدە دەرگاکانتان بکەنەوە و چاوەڕوان بن «مەلا ئەحمەد» ئەگاتە جێ! . -3- ئەی کیژانی ڕەنگ ڕێحانەیی ئەم مەڵبەندە ئەگەر چوون بۆ ڕێواسان و پیشۆکان و سێوی بن عەرد هەر بنەیەک لە شوێنێکدا ژمارەیان گەیشتە حەوت بۆ موفەڕکی سەبری ئەوین هەڵیان بگرن. ئەی کیژانی ڕەنگ ڕێحانە! ئەو «حەوت»انە: حەوت لەشەکەی حەوت براکەی ئەشکەوتەکەی «داری خلە»ی گەرمیانە! . -4- سەرم گردی شەهیدانە و قژم ئاپورەی ژنانی عەبا بەسەر سەرم گردی شەهیدانە و هەر شوێنێکی هەڵبەنەوە لەمپەڕەوە هەتا ئەوپەڕ: پەنجەی مانگێ یان دەم و لێوی کانییەک یان گەردنی قەسیدەیەک یان کاکۆڵی گوڵە گەنمی منداڵێکی گەرمیانی لێ دێتە دەر! . -5- ئەوە «مانگ»ە یاخود سەری «حەمە ڕەش»ە؟ لە بانێژەی ئەو هەورەوە ئەڕوانێتە خوێنی «حەمرین»؟ ! ئەوە ڕیشاڵ ڕیشاڵی ئازاری ناو کەرکووکە؟ یاخود ڕیشی مامە ڕیشە وەکوو لاولاو ئاڵاوەتە، دار فرمێسکێکی «خانەقین»؟ ! ئەوە حەوت پەڕەی گوڵێکی ناو ئەنفالە؟ وەکوو حەوت دەنکە گێلاسی چاوی کەلار لەسەر مێژوومان ڕووان؟ ! یان حەوت پەنجەی حەوت ئەستێرەی ئەشکەوتەکەی داری خلەی ژمارە چوار؟ ! ++++++++++++++++++++++