ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
دوێنێ شەقامێ پێی وتم:
ئەبم بە تابووتی هەتاو
ئەبم بە کەلەبچەی دەستی گوڵ و
ئەبم بە ڕیزە گوێزانی ژێر پیێ بەهار
ئەبم بە ڕووباری گڕ و
بە خەڵووزی خەونی ئێوە
گەر ڕێ بدەن جارێکی تر
شمشێرەکەی کوڕی «عۆجە»
بێتەوە شار.
لە ماڵەوەیش نان پێی وتم:
ئەبم بە تەڵاش و بە بەرد
ئەبم بە خۆڵ
ئەبم بە پارووی مانگرتوو
ئەبم بە تیکەی گریاوو
بە قوڕقوشم
بە قوڕگتانا ناچمە خوارێ
تا چاوێکی بەعسیانەم لێوە دیار بێ.
ئەمڕۆیش دەفتەرێ پێی وتم:
ئەبم بە کفنی قەڵەم و
فاقەی حەرف و
بە گۆڕستانی گزنگ و
بە زیندانی ئینفیرادی بۆ ئەستێرە
گەر ڕێ بدەن جارێکی تر
کەڵبەکانی قادسییە و
قەعقاع بێنەوە بۆ ئێرە!

پەراوێز edit